چارەنوسی کاوە حسێن بە نادیاری ماوەتەوە

02:53 - 01/02/2023

14611جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

شاعیری کورد کاوە حسێن، بەم زوانە نوێترین كتێبی شیعری خۆی بەناوی "چارەنوس" بڵاودەكاتەوە و كاتی بڵاوكردنەوەی بە نادیاری هێشتوەتەوە.

شاعیری دیار، كاوە حسێن لەبارەی بڵاوكردنەوەی نوێترین كتێبی شیعری خۆی، بە خەندان لایف-ی راگەیاند، "ئەم كتێبە دەبێت بە یەكەمین بەرهەمی من، تەواوی شیعرانەی لەخۆگرتوە لە ساڵی 1999ـوە تا ئێستا نوسیومن، وە تا ئێستاش رۆژ و كاتی بڵاوكردنەوەم دیاری نەكردوە، بەڵام ناساندنی لە هەمو شارەكان بۆ دەكەم و كۆڕێكی شیعریشی لەگەڵدا سازدەكەم".

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، "هۆكاری ئەوەی ئەم كتێبەم بە چاپ گەیاند ئەوەبو بەرهەمەكانم بە ئاسانی دەبران لەلایەن كەسانی دیكەوە، وە هەندێك كەسیش لەپاش كۆڕەكانم داوای كتێبیان دەكرد، پێمخۆشبو چاپی بكەم و پێشكەشیان بكەم".

لەبارەی شیعرەكانی ناو كتێبەكەشییەوە وتی، "شیعرەكان زۆرینەی خۆشەویستیین، لە هەمان كاتدا شیعری كۆمەڵایەتی و پەروەردەییشی تێدایە، ئەوەی ئەم كتێبەكە جیادەكاتەوە لە كتێبی شاعیرانی دیكە، ئەوەیە كە شیعرەكانی واقعین و رەنگدانەوەی دۆخی راستەقینەی خەڵكە".

ئەو شاعیرە لە كۆتاییدا باسیلەوەشكرد، "ئەمە جگە لەوەی یەكەمین كتێبی منە، رەنگە ببێتە دوا كتێبی من، بۆ ئێستا پێموایە كە نامەوێت هیچ كتێبێكی دیكە بڵاوبكەمەوە، رەنگە لە داهاتو بەرهەمەكانم بە شێوەی تۆماری دەنگی پێشكەش بە هەوادارەكانم بكەم".

کاوە حسێن شاعیرێکی دیاری کوردە،  لەکۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوە دەستی بەنوسین کردوە، زیاتر شیعری لیریک و سۆزداری دەنوسێت، بەشێکی زۆر لەهۆنراوەکانی لەلایەن هونەرمەندانی کوردەوە کراوە بەگۆرانی و لەئێستاشدا ئەوشاعیرە لەشاری سلێمانی نیشتەجێیە.