خەندلان لایف - خۆشناو محەمەد
سەختە زۆربەی بینەران والێبکەیت حەز بەزنجیرەی جیهانی فەنتازیا و خەیاڵی زانستی بکەن، چونکە لەناو چیرۆکی فیلمەکەدا بینەر دادەبڕێت بەهۆی ناڕونی و دور بونی ئەو ژیانەی لەناو فیلمەکەدا دروستکراوە.
بەپێچەوانەی ئەم بۆچونەوە بینەران سەرسام بون بەبینینی زنجیرەی (Andor) لەساڵی 2022 دا، ئەو پچڕانە لەنێوان بینەر و فیلمەکەدا ڕوی نەدا، بینەران بەگەرمی پێشوازیان لەو زنجیرەیە کرد.
ڕەخنەگرانی سینەما زنجیرەکەیان بەباشترین زنجیرەی جەنگی ئەستێرەکان هەژمار کرد،
بەهۆی ئەو زنجیرە تەکنیکە ناوازەی بەکارهاتوە لەبەرهەمهێنانی زنجیرەکەدا، بەجۆرێک نزیک بوەتەوە لەحەقیقەتەوە، ئەم زنجیرەیە بەپێچەوانەی زنجیرەکانی دیکەی جەنگی ئەستێرەکانەوە.
ئەو تەکنیکانە چیین كە بەکارهاتون لەزنجیرەکەدا وا هەست دەکەین زنجیرەیەکی مرۆڤایەتی ڕەسەنە؟
بەرهەمهێنەرەکان تەنها چیرۆک نوس نین:
بەپێچەوانەی نمایشەکانی پێشوی جەنگی ئەستێرەکان، بەگرتە فراوانەکان دەستی پێدەکرد، دەرهێنەری (Andor)،هەستاوە بەنمایشکردنی جیهانێکی ڕاستی، کۆمەڵێک گرتە بینەر دەبات بۆ ناو جیهانی فیلمەکە، کاراکتەرەکان لەژێر بارینی باران و گفتوگۆ و خواردنەوەوە دەچنە ناو جیهانی چیرۆکی فیلمەکەوە.
هەمو وردەکاریەکانی جیهانی ڕاستی دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ زنجیرەکە، ئەوکات بەم شێوەیە بینەر لەناو جیهانێکی حەقیقەتدا دەمێنێتەوە نەوەک جیهانی فەنتازی و خەیاڵی.
دروستکردنی جیهانێکی نزیک لەحەقیقەت وا لەبینەر دەکات هەست بکات لەناو فیلمێکدا دەژی پێویستە هەمو دەرهێنەرەکان بەم شێوە بکەن، ئەمەش کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو ماندوبون و تەکنیکی وردی دەوێت، بەتایبەت کاتێک دەرهێنەر جیهانێک بونیاد دەنێت لەسفرەوە بۆ جیهانێکی گەورە.
وردەکاریە بچوکەکان:
دەرهێنەر لەزنجیرەی (Ando) دا ، زۆر بەبایەخەوە لەوردەکاریە بچوکەکاندا کاری کردوە، کاتێک ئەو هەمو رۆبۆتە شکاو و ماڵە ڕوخاوە دەبینین، ئەو دایکە دڵ سوتاوانە، لەگەڵ مناڵەکانیان نان دەخۆن، هەست بەژیانێکی حەقیقەتی زیندو دەکەین، کێبڕکێی نێوان مرۆڤەکان و ئەندامەکانی کۆمەڵگا وادەکات تۆی بینەر ببیت بەبەشێک لەفیلمەکە، بینەر وای لێدێت لەناو چیرۆکێکی سادەی بەشێک لەم جیهانەدا بژی، نەک تەنها ژیان لەسەر کەشتیەکی ئاسمانی.
دەنگ ڕۆڵی سەرەکی هەیە لەدروست کردنی جیهانێکی ڕاستی، لەزنجیرەکەدا دەنگ بەشێکی گەورەی ئەو جیهانەیە نزیکە لەژیانی مرۆڤایەتیەوە، کاتێک مرۆڤەکان دەست دەبەن بۆ گڵاسێک یان تێکردنی خواردنەوەیەک، دەنگەکان بەشێکن لەژیان، لەژیانی مرۆڤەکاندا دەنگی کەرەستەکان زیندون و ڕاستن بەڵام لەزۆرێک لەفیلمە خەیاڵیەکاندا دورە لەڕاستیەوە، لەم فیلمەدا دەنگ لەگەڵ مرۆڤ ئاوێتە دەبێت.

ڕاستی و ڕەسەنایەتی:
لەمیانەی فیلمەکەدا دەرهێنەر مرۆڤی لەناو دارستان و ماڵی ڕاستیدا داناوە، ئیدی لێرەوە شوێنی کاری قێزەون و ڕکابەری نەشیاوی مرۆڤەکان دەبینین، ڕەفتارەکانی مرۆڤ بەشيکی ڕەسەنی دراماکەیە، لەم ڕێگەوە ژیان وەک خۆی، ڕوناکی و شێوەی ژیان دەتبات بۆ ناو روداوەکانی فیلمەکە.
نمایش کردنی زنجیرە فیلمی (Andor (TV Series 2022، ( تۆنی گیلۆری ) بەرهەمهێنەر دەڵێت؛ تەکنیکی (The Volume) مان بەکارهێناوە، لەپێناو کوالیتی فیلمەکەدا، ئەم تەکنیکە تێچوی زۆرە و یاساکانی وێنەگرتن دەگۆڕێت، کاریگەری دائەنێت لەسەر شێواز و قاڵبی شتەکان تا نزیک بن لەڕاستیەوە، لەدروستکردنی شوێن و پانتایی سەوزایی نزیک بێت لەڕاستیەوە.
لەڕێگەی ستۆدیۆی بازنەیی و شێوازی ستۆدیۆ وەک جیهانی هەسارەکان بێت، ئەم زنجیرەیە ئەو ڕێگا تەقلیدی کۆنانەی نەگرتوەتەبەر، بەڵکو تەکنیکێکی بەکارهێناوە نەتوانرێت بەئاسانی بکرێتەوە لەئاییندەدا.
نەک تەنها ڕاستی و ڕەسەنایەتی، بەڵکو چیرۆکە لاوەکیەکان ڕۆڵی گەورەی هەیە لەناو زنجیرەکەدا، لەپەنای یەو چیرۆکە گەورەدا کۆمەڵێک چیرۆک سەرنجی بینەران دەبەن بۆ ناو جیهانێک نزیک لەڕاستیەوە، بەجۆرێک گرێدراون پێکەوە وادەکات لەکۆتایی هەمو بەشێک بینەر تینوی بەشی داهاتو بێت.