نیگار مارف؛ ئەو ژنە كاریگەرەی 25 ساڵی تەمەنی لەناو چیرۆكی ژیان و مەرگ بەسەردەبات

03:17 - 24/01/2023

1620جار خوێندراوەتەوە


خەندان لایف- خۆشناو محمد 


لەنێوان هاوارەکانی نەخۆشێک کاتێک هاوار دەکات ئازارەکانی کەم بکرێتەوە، یەکێکی دیکە دەپاڕێتەوە جارێکی دیکە بژی، لەلایەکی دیکە بریندارێکی سەخت بەئاواتی بچوکترین زەردەخەنەی ژیانەوە چاوەکانی کراونەتەوە.

نیگار محەمەد چارەکە سەدەیەک  لەناو دەنگ و هاواری ئەو ژنانەدا دەژی هەوڵی خۆسوتاندن و خۆکوشتنیان داوە، لەناو کەسانێکدا ژیاوە بەناو دۆزەخی بارودۆخی خێزانی ناهەموار و تاڵدا گوزەریان کردوە، هەروەها کەسانێک بەڕوداو برینداری سوتان بون یان سوتاون، بەهۆکارێکی هەڵە، لەپێناو ڕێزگرتن لەساڵانی خزمەت و ماندو بونیك پڕ لەئازاری ڕۆحی بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانی دەزگای گەورەی ڕاگەیاندنی بەریتانی (BBC) هەستا بەدیاری کردنی دکتۆرە (نیگار محەمەد) لەلیستی ئەو (100) ژنەی سەرنجڕاکێش و هیوا بەخش بون لەتەواوی دونیادا.

نیگار دەرچوی پەیمانگای هونەری پزیشکی سلێمانیە، لەساڵی 1992دا، وەک بەڕێوەبەری بەشی کارمەندانی نەخۆشخانەی سوتاوی و جوانکاری کار دەکات، سەرپەرشتیاری 156 کارمەندە، لەپزیشک و یاریدەدەر و کارمەندانی برینپێچ و چارەسەر، لەچەند بەشێکی جیاوازی نەخۆشخانەکەدا.

ئەو نەخۆشخانەی نیگار کاری تێدا دەکات یارمەتی 17 هەزار و 82 سەردانیکەری کردوە، لەساڵی 2022ـدا، تێکڕای تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 49 ساڵدا بوە، لەیەکێک لەبەشەکانی نەخۆشخانەکە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، "چۆن ڕوبەڕوی مەترسیەکانی کار و ئەستەمەکان دەبیتەوە لەپێناو گەیشتن بەئامانجەکانت لەبواری پزیشکیدا؟"، وتی، "لەیەکەم ساتی دەست بەکار بونمەوە لەبوارەکەمدا، یەکەم ئامانجم کاری مرۆڤایەتی بوە،
بەڵام دەرئەنجامی کارەکانم کاریگەری دەرونی و نەرێنی هەبوە لەسەر حاڵەتی کەسیم، لەگەڵ هەمو ئەو ساتانەی ژنان ئاگر بەر دەدەن لەجەستەیان و بەهۆی حاڵەتی نەخوازراوەوە دەسوتێن زیاتر فشار هەبوە لەسەرم".

وتیشی، "بەهاوکاری هاوڕێکانم هاوپیشەکانم توانیومانە زۆرێک لەو نەخۆشانەی چارەسەر کراون بیان خەینەوە نێو ژیانێكی ئارام و حاڵەتی دەرونی باش، نەخۆش هەبوە بەزۆر دراوە بەشو بەڵام رەدی کردوەتەوە شو بکات بەکوڕە مامی، ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە، ماوەیەکی زۆر لێرە ماوەتەوە و کەس سەردانی نەکردوە زۆر بەکەمی کەسانێک هاتبن بەهانای ئازارەکانیەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "تەنانەت لەڕوی دەرونییەوە هێندا بێهیوا بون دوبارە هەوڵی خۆکوشتنی داوە لەناو نەخۆشخانەکەدا لەساتەوەختی وەرگرتنی چارەسەردا، بەچاوەکانم بینیومە چۆن چاکەتەی توند کردوە لەملی و ڕوخساری شین هەڵگەڕاوە، خوا کارەکانی بۆ ئاسان کردوم توانیومە لەکۆتا ساتەکاندا ڕزگاری بکەم، دواتر خراوەتە قۆناغی چارەسەری دەرونی،  بەتەواوی چارەسەر بوە، گەڕاوەتەوە ناو کەس و کاری"

وە لەبارەی خراپترین حاڵەت كە بینیبێتی باسلەوەكرد، "خراپترین حاڵەت ، ژنێک بو لەگەڵ هاوسەرەکەی شەری کردبو، نەوتی کردبو بەسەر خۆیدا و هەڕەشەی ئەوەی کردبو خۆی ئەسوتێنێت!، هاوسەرەکەی بەپێکەنینەوە چەرخێکی یابو بەدەستیەوە بۆ ئەوەی کارەکە تەواو بکات، بەداخەوە خۆی سوتاندبو، بەپەلە هەستابو بەوێنەگرتنی لەکاستی سوتانیدا بەڤیدیۆ، هیچ هەوڵێکی نەدابو ڕزگاری بکات، تا هێنرایە نەخۆشخانە وەک هەیکەلێکی ئێسکی سوتاو ئاگر هەمو گۆشتەکەی خواردبو، بەداخەوە ژیانی لەدەستدا، بەهۆی سەختی سوتانەکەیەوە، دواتر پۆلیس ڕێکاری یاسایی گرتە بەر بەرامبەر هاوسەرەکەی".


هەروەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، "چۆن تۆ خرایتە لیستی 100 کاریگەرترین ژنی دونیا؟ وە هەستت چۆنە وەک یەکەم کەس لەعێراقدا؟"، رایگەیاند، "دڵخۆشی هەڵبژاردنم لەو لیستەدا زۆر زۆربو، یەکێک لەو رۆژنامەنوسانەی سەردانی نەخۆشخانەکەی کردبو لەڕابردودا منی دیاری کردبو، وەک بەدواچون هاتبو بەدوای حاڵەتێکی سوتاندا، کارێکی خۆکوژی بو، بو بوە هۆکاری سوتانی".


ئەو خانمە ئەوەشیخستەڕو، "ژنان وابەستەن بەژیانەوە ئاشقی ژیانن، ئەوانەی هەوڵ خۆ سوتاندن دەدەن ڕادەکەن لەبارودۆخێکی ئاڵۆز و سەختی دەرونی، پێیوایە بەو شێوە ئازارەکانی دەسوتێنێت".

لەبارەی چارەسەرەكانەوە دەڵێت، "چارەسەری سوتان ئاسانە، چەند رۆژێک یان کورت تر دەخایەنێت، قۆناغی سەخت دواترە شوێن برینەکان و پاشماوەی سوتانەکە سەخت و دژوارە، لای ژن سەختترە، بەتایبەت کاتێک بەرامبەر ئاوێنەیەک ڕادەوەستێت و خۆی دەبینێت، ژن هەیە بەتەواوی چارەسەر کراوە لەسوتان، بەڵام حاڵەتی ناڕێکی دەرونی بۆ دروست بوە بەهۆی تێک چونی شێوازی جەستەو روخساریەوە، دوبارە هەوڵیان داوە خۆیان بکوژن، لەم سۆنگەوە ئازاری ڕۆح قورسترە لەئازاری جەستە، چونکە ڕۆح لەبیرەوەریماندا دەمێنێتەوە، تا ئەو ساتەی کەسەکە دەخاتە حاڵەتێکی دەرونی کار دەکات لەسەر ژیانی، وای لێدەکات بەرەو خۆکوژی بڕوات، بەپێویستی دەزانم هەمو ئەوانەی حاڵەتی سوتاویان هەیە بخرێنە ژێر چارەسەری دەرونی، لەپاش چاک بونەوەیان".


كاتێك پرسیاری ئەوەی ئاراستەكرا، "بۆچونی تۆ چیە لەسەر حاڵەتەکانی خۆکوژی لەنێوان ژناندا لەکوردستان بەتایبەتی لە عێراق بەگشتی ؟"، لە وەڵامدا وتی، "هۆکارەکانی خۆکوژی لەلەنێوان ژناندا لەنەوەدەکانی ڕابردودا کورت کرابویەوە لە کێشەی خێزانی و فشاری خێزانی، بەڵام ئەمڕۆ کێشەی دیکەی بۆ زیاد بوە بەهۆی ماڵپەڕ و ئەپەکانی سۆشیال میدیاوە، بەهۆی تەکنەلۆژیاوە زیاتر ڕو دەدەن، لەبەر ئەوە پێویستە لەخێزاندا زیاتر گرنگی بدرێت بەمتمانەی ئەندامانی خێزان، لەمناڵیەوە، بەهۆی وشیاریەوە دەتوانن ساتە سەختەکان تێپەڕێنن، ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی هەیە، لەنوسینەوەی ژیانی ئەو کەسانەی بەو قۆناغانەدا تێپەڕیون و ژیانیان گۆڕدراوە"