كریس وو، بە تاوانی سێكسی سزای زیندانیكردنی بەسەردا دەسەپێنرێت

03:50 - 08/12/2022

2196جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

گۆرانیبێژی ناسراوی چینی - كەنەدی، كریس وو بە تاوانی سێكسی، لەوانەش تاوانی دەستدرێژی سێكسی، بۆ ماوەی 13 ساڵ سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.

كریس وو، كە ئەندامی پێشوی گروپی بەناوبانگی كۆری "EXO" بو، دواتر گروپەكەی جێهێشت و بەرهەمەكانی بە جیا بڵاوكردەوە، لەلایەن دادگای بێیجینگەوە دوای ساڵێك و 5 مانگ لە دادگایی كردنی، سزای 13 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

دادگای ناوچەی چاویانگ لە پەکین ڕایگەیاند، لە نێوان نۆڤەمبەر و دیسەمبەری 2020، ئەو گۆرانیبێژە دەستدرێژی سێكسی كردوەتەوە سەر سێ خانم كە مەست بون و نەیانتوانیوە بەرەنگاری ببنەوە، وە لە ساڵی 2018 بە هاوكاری چەند كەسێكی دیكە، هەوڵیانداوە خەڵكی كۆبكەنەوە بۆ ئەنجامدانی كاری لەشفڕۆشی.

بە بڕیاری دادگا، كریس بۆ تاوانی یەكەمی سزای 11 ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، بۆ تاوانی دوەمی سزای 10 مانگ زیندانی بۆ دەركراوە.

یەكەمین كەس كە تاوانەكانی كریسی ئاشكراكرد، ساڵی رابردو خانمێك، بەناوی دو مێیژو، باسیلەوەكرد، كریس ئەوی بانگهێشت كردوە بۆ ئاهەنگێك ماڵەكەی، لەوێ ناچاری كردوە خواردنەوەی كحولی بخواتەوە، رۆژی دواتر لەناو جێگەكەی خەبەری بوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی كریس نكۆڵی لەو تاوانەكرد، بەڵام دوابەدوای بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە، چەند خانمێكی دیكە سكاڵایان تۆماركرد، بەڵگەكانی لە دژی كریس بون.

كریس وو لە چین لەدایكبوە، بەڵام كەنەدییە، یەكێك بو لە ئەندامانی گروپی EXO، دوای جێهێشتنی ئەو گروپە بە تەنها دەستیكرد بە كارە هونەرییەكانی، یەكێك بو لە بەناوبانگترین ئەستێرەكانی چین، وەكو ئەكتەر و گۆرانیبێژ درێژەی بە كارە هونەرییەكانیدا.