نیشانەكانی هەوكردنی بۆڕییەكانی هەوا لە منداڵاندا

01:48 - 05/12/2022

1323جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

"BRONCHIOLITIS" بریتیە لەهەوکردنی تورەکە بچوکەکانی کۆئەندامی هەناسە (سیەکان) لەمنداڵی بچوکتر لەدو ساڵ بەهۆی ڤایرۆسەوە.
ئەم هەوکردنە بەزۆری لەوەرزی زستاندا ڕودەدات، یەکەمجار نیشانەکانی لەشێوەی پەتای هەڵامەتدا دەبن، وەکو لوتگیران‌ و لوت تەڕی‌ و نەرمە تاو و کۆکە بۆ چەند ڕۆژێک، بەڵام دواتر نیشانەکانی دەگۆڕێت بۆ خیزەی سنگ‌ و کۆکەی توند و هەندێکجار هەناسەدان بەتوندی، ماوەی نەخۆشیەکە دو هەفتە بۆ سێ هەفتە دەبێت.

دكتۆر پشدەر عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان‌و  گەشەی منداڵان، ئەو كاتانەی بڵاوكردوەتەوە كە پێویست دەکات سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵانی پێبکەیت.

1. ئەگەر منداڵەکە بچوکتر بو لەشەش هەفتە.

2. ئەگەر منداڵەکە بەنەبەکامی لەدایکبو بو، یان نەخۆشی سیەکان یان دڵی هەبو.

3. ئەگەر بەگوێچەکەو بەبێ بەکارهێنانی سەماعە خیزەی سنگەکەی بیسترا.

4. ئەگەر هەناسەدانی زۆر خێرا بو.

5. ئەگەر بەناڕەحەت هەناسەی بۆ درا.

6. ئەگەر هەستکرا زۆر نەخۆشە.

7. ئەگەر شیری بەباشی بۆ نەخورایەوە یان ئەو منداڵانەی خواردن دەخۆن باش بۆیان نەخورا.

8. ئەگەر ڕشانەوەی لەگەڵدا بو.

9. ئەگەر شینبونەوەی پێستی هەبو بەتایبەت لێوو نینۆک‌ و سەرەپەنجەکانی.

زۆربەی کات بۆ دیاریکردنی نەخۆشیەکە پێویست بەئەشیعەو فەحسی تاقیگەیی ناکات، تەنها لەهەندێک حاڵەتدا نەبێت کە پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بڕیاری لێدەدات.

بەهیچ شێوەیەک پێویست بەبەکارهێنانی دەرمانی دژەبەکتریا ناکات، چونکە هەوکردنەکە بەهۆی ڤایرۆسەوەیە.