خەندان لایف
ژنێكی مەكسیكی لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ژوانی لەگەڵ پیاوێكی خەڵكی پیرو بەست و هەزاران كیلۆمەتری بڕی بۆ بینینی، بەڵام لەوێ كوشتیان و ئەندامەكانی جەستەیان لێبرد.
بلانكا ئاریلانۆی تەمەن 51 ساڵ، لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ماوەی چەند مانگێك بو پەیوەندی لەگەڵ پیاوێكی خەڵكی پیرو دروستكردبو، دواتر بڕیاریاندا بەڕاستی یەكتر ببینن، بۆ ئەم مەبەستە بلانكا لە 31ی ئۆكتۆبەر گەشتی كرد بۆ پیرو.
خێزانەكەی بلانكا لەبارەی بلانكا وتیان، "تا 7ی نۆڤەمبەر قسەی لەگەڵ ئێمە دەكرد و دەیوت هەمو شتێك باشە و پێكەوە دڵخۆشن، بەڵام دواتر دەنگی نەما".
رۆژێك تێپەڕی و هیچ هەواڵێك لە بلانكاوە نەبو، هەربۆیە خوشكەزاكەی بەناوی كارلا لە رێگەی تویتەرەوە هەواڵی ونبونی پوری بڵاوكردەوە و وتی، "هەرگیز باوەڕم نەدەكرد بكەومە ئەم دۆخەوە، بەڵام من ئەمڕۆ داوای پاڵپشتیتان لێدەكەم كە ئەم پۆستەم بۆ بڵاوبكەنەوە بۆئەوەی گرنگترین كەسی ژیانم بدۆزمەوە، كە لە 7ی نۆڤەمبەر لە پیرو ون بوە، ئێمە لە ژیانی ئەو دەترسین".
لە 9ی نۆڤەمبەر، ماسیگرێك لە شاری ئاوچۆ لە پیرو پارچەكانی جەستەی بلانكای دۆزییەوە و پۆلیسی لێئاگادار كردەوە، لە یەكێك لە دەستەكانی ئەڵقەیەكی لە پەنجەدا بو، ئەمەش وایكرد خێزانەكەی بتوانن بیناسنەوە.
هەشت رۆژ دوای روداوەكە پۆلیس توانی ئەو پیاوە بدۆزێتەوە كە بلانكای كوشتبو و بە تۆمەتی "كوشتن و بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤەوە" دەستگیركرا.