نهێنی ئەو دەستكێشە چیبو كە مۆرگان فریمان لە مۆندیالی قەتەڕ 2022 لەدەستیكردبو؟

02:50 - 21/11/2022

14930جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف


لە دەستپێكی یاری جامی جیهانی فیفا قەتەڕ، مۆرگان فریمان لەگەڵ یوتیوبەری قەتەڕی، غانم موفتاح دەركەوت، ئەوەی بوە جێی پرسیار لای هەوادارەكان ئەو دەستكێشە بو كە مۆرگان لەدەستی كردبو.

بە پێی هەواڵێكی Unilad، ئەو دەستكێشەی ئەكتەری ئەمریكی، مۆرگان فریمان لە دەستپێكی مۆندیالی 2022ی قەتەڕ لەدەستیكردبو، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2008، كاتێك ئەو ئەكتەرە توشی روداوی هاتوچۆ بو لە میسیسیپی، بەوهۆیەوە زیان بە دەمارەكانی ئەو دەستەی كەوت و توشی ئیفلیجی بو، بە یارمەتی ئەو دەستكێشە سوڕی خوێنی چالاك دەبێت.

لە ساڵی 2010 مۆرگان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری People، لەبارەی ئەو حاڵەتەی وتی، "بەدەست گرفتی دەمارەكانی دەستم دەناڵێنم و هیچ باشتر نەبوم، ناتوانم بیجوڵێنم، ئەگەر دەستت نەجوڵێنیت دەئاوسێت، تۆ دەتزانی رۆژانە یەك ملیۆن جار دەست دەجوڵێنیت؟".

مۆرگان فریمان، لەپاش ئەو روداوەی بەسەریهات، زۆرینەی كات بەو دەستكێشەی دەستییەوە دەركەوتوە، یەكەمجار نییە بەو شێوەیە دەبینرێت.

مۆرگان فریمان لەدایکبوی ساڵی 1937ـە، ئەکتەر، دەرھێنەر و بێژەرێکی ئەمریکییە. بەھۆی دەنگە جیاوازە گڕەکەیەوە ناسراوە، لە ژمارەیەکی زۆری فیلمدا ڕۆڵی سەرەكی بینیوە، فریمان چەندان خەڵاتی بردوەتەوە، لەوانە خەڵاتی ئۆسکار، گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سکرین گیڵد ئاکتەرز.