ئەو هەڵسوكەوتانەی كەسایەتی منداڵەكەت لەناودەبات

12:17 - 20/11/2022

1766جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

بێگومان هەمو دایك و باوكێك گرنگی بە كەسایەتی منداڵەكەی دەدات، زۆر كات زیادەڕەوی لەم گرنگیپێدانە كاریگەری نەرێنی لێدەكەوێتەوە و منداڵەكە لاواز و بێدەسەڵات دەبێت و ناتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت.

هەندێك رەفتاری دایك و باوك هەیە كە كەسایەتی منداڵ لەناودەبات.

1. پشتگوێخستنی ترسی منداڵ
دایكان باوكان زۆركات ترسی منداڵەكانیان پشتگوێ دەخەن یان هەوڵنادەن ترسەكەی كەمبكەنەوە، پێی ناڵێن كە ئەو شتەی لێی دەترسێت شایەنی ترس نییە، ئەمە وادەكات بەردەوام لە ترسدا بژی.

2. رزگاركردنی منداڵەكەت لە شكست
یەكێك لە گرفتەكانی دایكان و باوكان ئەوەیە كاتێك منداڵەكەیان روبەڕوی گرفتێك دەبێتەوە لە ژیانی رۆژانەی یان خوێندنەكەی، یارمەتی دەدەن و وانەكەی پێدەڵێنەوە، ئەمەش گەورەترین هەڵەیە، چونكە منداڵەكە فێردەبێت پشت بە بەرامبەرەكەی ببەستێت لە هەمو شتێكدا، وادەكات لە داهاتودا كەسایەتییەكی لاوازی هەبێت و نەتوانێت بەسەر شكستەكانیدا زاڵ ببێت.

3. زۆرلێكردن بۆ خواردن
ئەوە راستە كە دایكان و باوكان گرفتی خواردنی منداڵیان هەیە، زۆركات منداڵان حەز بە خواردنی ناتەندروست دەكەن، دایكان باوكانیش ئەو خواردنەیان پێدەدەن كە منداڵەكە ئارەزوی لێیەتی، لە راستیدا دەبێت منداڵ فێربێت خۆی نان بخوات و هەڵبژاردنەكانی تەندروستبن، لە كاتی نانخواردن هەمو خێزانەكە كۆببنەوە، یاساكانی نانخواردن فێربكرێت كە نابێت تەماشای تەلەفزیۆن یان مۆبایل بكات.

4. چاوەڕێی ئەوەی لێبكەیت باشترین دەربچێت
هەمو دایك و باوكێك حەز دەكات منداڵەكەی باشترین كەسی لێدەربچێت و لە داهاتودا بە ئامانجی گەورە بگات و پلەی بەرز بەدەستبهێنێت، ئەگەر ئەم قسانەی لە تەمەنی بچوكییەوە پێبڵێیت وایلێدێت خەونی گەورەتر لە توانای خۆی هەبێت و ئەگەر پێی نەگات متمانەی بە خۆی نامێنێت، رێگە بدە منداڵەكەت خۆی خەونی هەبێت، تۆ تەنها لە رێگەی هەوڵدان بۆ خەونەكەی رێنمایی پێبدە و ئامۆژگاری بكە.