خەندان لایف
بڕیاردان بۆئەوەی كە منداڵێكت هەبێت و پەروەردەی بكەیت ئاسان نییە، پێویستی بە بیركردنەوەی قوڵ هەیە لەلایەن دایكان و باوكانەوە، چونكە ئەركی كەسێكی دیكە بۆ خێزانەكەیان زیاد دەبێت و پێویستی بە تەرخانكردنی كات هەیە.
چەند نیشانەیەك پێتدەڵێت ئامادەیت بۆئەوەی منداڵت هەبێت.
1. لە بەرپرسیارییەتی تێدەگەیت و قبوڵی دەكەیت، ئامادەیی ئەوەت تێدایە قوربانی بدەیت و خۆت بگونجێنیت لەگەڵ دۆخە سەختەكان، لەگەڵ ئەوەشدا لەڕوی داراییەوە جێگیریت و ماڵێكت هەیە كە بە ئارامی تێیدا بژیت.
2. لە دۆخێكی تەندروستی باشدایت، بەتایبەتی خانمان پێویستە زۆر لەم خاڵە دڵنیابنەوە، چونكە دەبێت تەندروستیان رێگەی ئەوەیان پێبدات منداڵێك لەناو سكیان گەورەبكەن و ئەزمونی دوگیانی بكەن.
3. پەیوەندییەكی باشت هەیە لەگەڵ هاوسەرەكەت و لەگەڵی دڵخۆشیت، دروستكردنی منداڵت بە مەبەستی ئەوە نییە پەیوەندیت لەگەڵ هاوسەرەكەت چاك بكەیتەوە، چونكە منداڵ پێویستی بەوە هەیە لە ژینگەیەك گەورەبێت كە دوربێت لە شەڕ، رق، ناخۆشی و ئاژاوە.
4. تێدەگەیت لەوەی ئەو منداڵەی دەیهێنیتە دنیاوە كەسایەتی خۆی هەیە و بە شێوازی خۆی دەژی و رەنگە كەسایەتیی زۆر جیاوازبێت لەو كەسایەتییەی تۆ دەتەوێت و وێنات بۆ كردوە.