كاریگەرییەكانی جەنگ لەسەر دەرون و جەستەی منداڵ

10:22 - 13/11/2022

1737جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف- هەنار عوسمان، هانا عەلی

نابێت هیچ منداڵێک ناخۆشیەکانی جەنگ ببینێت، بەڵام زۆربەیان بینیویانە، وەک لە 2018، 365 ملیۆن منداڵ (نزیکەی یەک منداڵ لە هەر شەش منداڵێک لە جیهاندا) لە چوارچێوەی کاریگەریەکانی شەردا دەژیان. کاریگەرییەکانی ژیان لەگەڵ ململانێی توندوتیژدا لەسەر منداڵان زۆرن و وێرانکەرن و هەمیشە دیار نین، لێرەدا پێنج  خاڵ دەخەینەڕو دەربارەی کاریگەریەکانی جەنگ لەسەر منداڵان کە لەوانەیە پەیت پێنەبردبێت:- 

1. فێربونی درێژخایەن
دەزانین کە جەنگ کاریگەری لەسەر پەروەردەی منداڵ هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگرە لە فێربون لە قۆناغەکانی سەرەتای منداڵدا. لە زۆرێک لە ناوچەکانی سوریا کە نزیکەی 11 ساڵە لە جەنگدان، منداڵان هەندێک جار بە ‘نەوەی دواکەوتو’ ناوەدەبرێن کاتێک باسی خوێندن دەکرێت. بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە، کاتێک ژنێکی دوگیان توشی توندوتیژی دەبێت، دەتوانێت کاریگەری لەسەر گەشەکردنی جەستەیی و مەعریفی منداڵە لەدایک نەبوەکە دەبێت. وە سەلمێنراوە کە ئەمە کاریگەری بەرچاوی لەسەر پێشکەوتنی پەروەردەیی تاکەکەس هەیە وە ئەم کاریگەریە نەرێنیە چەندین ساڵی دوای جەنگ هەر دەمێنێتەوە. 

2. گۆڕانی کەسایەتــی 
بۆ منداڵانی تەمەن 6-8 ساڵ بەرەوسەر، بەرکەوتن بە توندوتیژی دەتوانێت کاریگەری نەرێنی درێژخایەن دروستبکات، گەشەسەندنی سۆزداری تەندروست پشت بە ئێمە دەبەستێت کە بزانین دەتوانین متمانەمان بە دایک و باوک و چاودێرانمان هەبێت بۆ ئەوەی لە زیان بمانپارێزن و پێداویستییە سەرەتاییەکانمان دابین بکەن، کە ئەمەش بنەمای وابەستەیی دڵنیا و گەشەسەندنی سەربەخۆییە. بەڵام شەڕ کاریگەری لەسەر ژمارەیەکی بێشومار لە منداڵان هەیە (بەتایبەت منداڵانی تەمەن 6-8 ساڵ بەرەوسەر). یان لە ڕێگەی مردنی دایک و باوکیان بەشێوەیەکی توندوتیژ، یان لە ڕێگەی برینداربونی جەستەی، یان لەدەستدانی شوێنی سەلامەتی خەوتن و یاریکردنیان- ئەو ترسەی کە لەڕاستیدا کەس ناتوانێت ڕزگاریان بکات لە هەستپێکردنی. ئەمەش دەتوانێت ببێتەهۆی کەمترین ئاستی دڵەڕاوکێ یان ڕەفتاری مەترسیدار وە خەمۆکی، بێخەوی و نیشانەکانی تری PTSD. ئەمەش لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر توانای منداڵان هەیە بۆ بەدواداچونی پێداویستییەکانیان (بۆ پشتیوانیان یان سەرچاوەی پێداویستییەکانیان) لە دواتری ژیانیاندا، کە لە بەرامبەردا دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەندروستی دەرونییان هەبێت، سوڕێکی خراپ لە پەراوێزخستن دروست بکات.
جگەلەوەش، کاریگەری گەورەتری لەسەر منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت هەیە، چونکە زیاتر مەترسی لەدەستدانی ئەو خزمەتگوزاریانەیان هەیە کە بۆ پێویستیە بنەڕەتیەکانیان دابینکراون . 

‏PTSD:
حاڵەتێکی تەندروستیی مێشکە، کە هۆکارەکەی بە هۆی ڕودانی کارەساتێکەوەیە، چ بە سەر کەسەکەدا هاتبێت یان کەسەکە شایەتی ڕودانی کارەساتەکە بوبێت، لە نیشانەکانی وەک؛ خەوی ناخۆش و قەلەقی لە ڕادەبەدەر.




3. چەوسانەوە 
زۆرێک لە وێنەکانی جەنگ منداڵ وەک قوربانییەکی نەخوازراو یان بارمتەی جەنگ نیشاندەدەن. بەڵام ڕاستییە نیگەرانکەرەکە ئەوەیە کە زۆرجار منداڵان لەکاتی جەنگدا دەکرێنە ئامانج، وە مەترسی ئیهانەکردنیان لەسەرە. پێدەچێت پارێزگاری کۆمەڵایەتی دەوڵەت لە لاوازترین ئاستدا بێت. لەوانەیە دایک و باوکیان بکوژرێن یان بریندار بکرێن، وە لەوانەیە هەژاربن و نەتوانن منداڵەکانیان بپارێزن و بژێوی ژیانیان دابین بکەن. لەم جۆرە بارودۆخانەدا، منداڵان و چاودێران هەمیشە دەبێت پێشبینی مەترسی لەناکاو بکەن کە ڕوبەڕویان ببێتەوە. ئەمەش دەتوانێت وا لە کچێکی گەنج بکات کە لەبەرامبەر پارەدا هاوسەرگیری بکات بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانی، وە سەپاندنی هاوسەرگیری پێشوەختە  بەسەر منداڵێکدا یان قبوڵکردنی داوای هاوسەرگیری (یان داوای هاوسەرگیریکردن لە ڕێگەی هاندانی داراییەوە) کە بەڵێنی دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکە دەدات. بەم شێوەیە زۆر جار منداڵان دەبنە کرێکار، یان لەوەش خراپتر، بازرگانیان پێوە دەکرێت، یان ئیهانەی سێکسی دەکرێن، یان وەکو شەڕکەرێک دەنێردرێن بۆ شەر. 

4. خۆتاوانبارکردن 
بێگومان مەترسی مردن و زیانی جەستەیی بۆ سەربازە منداڵەکان زیاترە، وە زیاتر توشی دەستدرێژی سێکسی و کێشەی سۆزداری دەبن. ئەگەر لە خودی ململانێکان ڕزگاریان بێت، لەوانەیە وەک تاوانبار دەستبەسەر بکرێن نەک وەک قوربانی، ئەمەش کاریگەرییە دەرونییە کۆمەڵایەتییەکانی ئیهانەکردنیان ئاڵۆزتر دەکات. لەڕاستیدا سەربازە منداڵەکان زیاتر نیشانەکانی نەخۆشیە دەرونیاکانیان تێدا دەردەکەوێت بە بەراورد بە ئەو منداڵانەی کە ئاستی زەبر و زەنگی جەنگییان کەمترە. لەم جۆرە و جۆرەکانی تری ئیهانەکردندا، ئاساییە کە منداڵان نیگەران بن لە پێگەی خۆیان وەکو قوربانییەک. زۆرجار دەبێتە هۆی لۆمەکردنی خۆیان، وە دەبێتە هۆی مامەڵەکردنیان لەگەڵ پەیوەندییە ناتەندروستەکان لەگەڵ خۆیان و کەسانی دیکە بۆ ساڵانێکی درێژ. ئەمەش بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە منداڵان بەژداربون لەو کارە دڕندانانەدا. 

5. پەراوێزخستنی 'دوای جەنگ'  
لە وتارێکدا بەناوی 'کاتێک شەڕ باشترە لە ئاشتی' دێنۆڤ و لاکۆر باس لە چەواشەکاریەکانی قۆناغی بەناو 'دوای جەنگ' ی ئەو منداڵانە دەکەن کە لە ئۆگەندا بەهۆی دەستدرێژیکردنی کاتی جەنگ لەدایکبون، ئەوان دەڵێن 'جۆرە لاوازەکانی چەواشەکاری، توندوتیژی، پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی-ئابوری و وەدەرنانی کۆمەڵایەتی کاریگەری درێژخایەنیان هەیە لەسەر هەستی سەربەخۆی و ناسنامە و خۆشگوزەرانیان' پێویستییەک هەیە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بەم دوژمنایەتییە ڕاستەوخۆیە، بەڵام ئەم نمونە توندڕەوە (هەرچەندە دەگمەن نییە) ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئەزمونەکانی شەڕ دەتوانێت کاریگەرییان لەسەر منداڵان هەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر دوای تەواوبونی جەنگەکان.