دیسلێکسیا؛ ئەو گرفتە باوەی منداڵان پێوەی دەناڵێنن

04:19 - 25/10/2022

3245جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

دیسلێکسیا بریتییە لە نارێکیەکی فێربون لە منداڵاندا کە پەیوستە بە کەم توانای لە خوێندنەوەو رێکخستنی پیت و وشەکان، ئەمەش بە هۆی هەبونی کێشە لە ناسینەوەی دەنگەکان و بەستنەوەی پیت و وشەکان بەیەکەوە دروست دەبێت. دیسلێکسیا دەرەنجامی کێشەی زیرەکی، بینین یان بیستن نییە، بەڵکو هەبونی کێشەیە لەو بەشەی مێشک کە پەیوەندی بە کارکردن هەیە لەگەڵ زماندا، وە بە شێوەی بۆماوەی دەگوازێتەوە لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان.

زۆربەی ئەو منداڵانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە دەتوانن سەرکەوتو بن لە خوێندندا بە بونی وانە و بەرنامەی تایبەتی فێرکردن، هەروەها پشتگیری دەرونی ئەو منداڵانەی نیشانەکانی دیسلێکسیایان هەیە رۆڵی گرنگی دەبێت لە کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی ئەم حاڵەتە لە سەر ژیانی داهاتوی ئەو منداڵانە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ دەرمانێک نییە بۆ ئەم حاڵەتە، بەڵام زو دەستنیشانکردن و راهێنانی بەردەوام ئەنجامی باشی دەبێت لەو منداڵانەی دوچاربون بە دیسلێکسیا.

چۆن دسلێکسیا دەستنیشاندەکرێت؟
زۆربەی کات دەستنیشانکردنی دیسلێکسیا پێش چونە قوتابخانە ئاسان نییە، بە جۆرێک لەوانەیە بۆ یەکەم جار مامۆستا لە قوتابخانە تێبینی هەبونی نیشانەکانی ئەو حاڵەتە بکات لە منداڵدا. 

نیشانەکانی دیسلێکسیا چیە؟ 
نیشانەکانی ئەم حاڵەتە بەپێی تەمەنی منداڵ دەگۆرێت، نیشانەکانی دیسلێکسیا پێش چونە قوتابخانە:

1. دواکەوتنی قسەکردن.
2. زۆر بە خاوی فێری وشەی تازە دەبێت.
3. بونی کێشە لە کاتی دەربرینی وشەکان بە تەنها یان پێکەوە.
4. بونی کێشە لە کاتی فێربونی پیتەکان، رەنگەکان و ژمارەکان.

نیشانەکانی دیسلێکسیا لە کاتی چونە قوتابخانە:
1. تێنەگەیشتن لەو وشانەی کە گوێی لێدەبێت.
2. بە زەحمەت دەتوانێت وەڵامی راست بۆ ئەو پرسیارانە بدۆزێتەوە کە لێیدەکرێت.
3. توانای جیاکردنەوەی پیت و وشە لە یەکچو جیاوازەکانی نییە.
4. کێشەی لەبیرچونی زۆرە بەتایبەت لە ریزبەندی شتەکان.
5. توانای دەربرینی وشە ناباوەکانی نییە.
6. بە زەحمەت فێری نوسین دەبن.
7. پێویستی بە کاتێکی زۆرە بۆ تەواو کردنی ئەرکی قوتابخانە وەک نوسین و خوێندنەوە.
8. حەزی لەو چالاکیانە نییە کە خوێندنەوەی تێدایە.

کەی پێویستە دکتۆر منداڵەکەت ببینێت؟
منداڵی ئاسایی لە گەڵ چونە قوتابخانە ئامادەیە بۆ فێربونی نوسین و خوێندنەوە، بەڵام  منداڵانەی دیسلێکسیا توانای فێربونیان بۆ خوێندنەوە و نوسین کەمترە لە هاوتەمەنی خۆیان. ئەو منداڵانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە دەستنیشان نەکرێن و چارەسەر نەکرێن لەگەڵ گەورەبون کێشەی خوێندنەوە و نوسینیان هەر دەمێنیت، بۆیە باشترە لەگەڵ هەستکردن بە هەبونی نیشانەکانی دیسلێکسیا منداڵ لە لایەن پزشکی پسپۆرەوە ببینرێت.