مەرزیە فەریقی لە كۆتا دیداریدا چەند كۆپلە گۆرانییەك دەڵێت

12:03 - 18/09/2022

5883جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

لە ساڵیادی كۆچی دوایی خانمە هونەرمەند، مەرزیە فەریقی دیدارێكی نەبینراوی بڵاودەبێتەوە، كە تێیدا كۆتا تۆمارە ڤیدیۆییەكانی لەخۆدەگرێت.

لە چاوپێكەوتێكدا كە لە كەناڵی یوتیوبی  "ڕوون و تاری" بڵاوبوەتەوە، تێیدا ژیاننامەی مەرزیە فەریقی دەخاتەڕو و باس لەو ئاستەنگی و سەختیانە دەكات كە لە ژیانیدا چەشتویەتی، هاوكات ئەو خانمە هونەرمەنندە چەند كۆپلە گۆرانییەك  بە دەنگی خۆی دەڵێت.


مەرزیە فەریقی ساڵی 1958 لە شاری مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایکبوە، دایک و باوکی خەڵکی شاری سنەن، خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان دەست پێ کرد؛ ھەر لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە حەزی لە گۆرانی و شانۆ بوە. چەندین جار لە قوتابخانەکەیاندا لە بۆنە و جەژنەکاندا بەشداری کردوە و لە تیپی شانۆشدا چالاکی نواندوە.

مەرزیە لە سەرەتادا بە گۆرانیی فارسی و بە گۆرانییەکانی فەتانە وەلیدی دەستی بە تێکۆشان کردوە. بەڵام دواتر وازی لە گۆرانیی فارسی ھێنا وبە گۆرانی کوردی دەستی پێکردەوە.

ساڵی 1978 لەگەڵ ناسر ڕەزازی ژیانی ھاوسەری پێکهێنا، ساڵی 2003 بۆ دواجار، کۆتا بەرھەمی بە ناوی "ھەمو شەو" بڵاوكردەوە، وا بڕیابو کە دو ئەلبومی دیکە بڵاوبکاتەوە و زۆرینەی کارە میوزیکەکانی ھەردو ئەلبومەکە بەشێکی تەواو و بەشێکیشی لە قۆناغی ئامادەکردندابو؛ بەڵام مەرگ ڕێگای پێنەدا ئەم کارانەی بە ئەنجام بگەیەنێت. لە ڕێکەوتی 18ی ئەیلولی 2005، بەھۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی كرد و تەرمەکەی گەڕێنرایەوە کوردستان و لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.