سامان عومەر بە بەرهەمێكی جیاوازەوە دەگەڕێتەوە مەیدانی هونەری

11:45 - 27/08/2022

3332جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

هونەرمەند و گۆرانیبێژ، سامان عومەر پاش ماوەیەك لە دابڕان نوێترین كلیپی بەناوی "" بڵاوكردەوە.

سامان عومەر لە یوتیوب كلیپی "دکتۆرمە ئەو"ی بڵاوكردەوە، كە لە تێكست و ئاوازی كەمال رێناسە، نالی قەرەداغی كاری میوزیك ئەڕێنجمێنتی بۆ كردوە، لە دەرهێنانی بڕیار فەتاحە.

هونەرمەند، سامان عومەر لەبارەی ئەم بەرهەمەی بە خەندان لایف-ی رایگەیاند، ئەم بەرهەمە شێوازێكی باوە لەناو هونەرمەندە گەورەكانی جیهان و شێوازی "مەجلیسی" پێدەوترێت، لە ماوەیەكی كەمدا كارم لەسەركرد و بڵاومكردەوە، ئەم شێوازەم هەڵبژارد بە مەبەستی نوێبونەوەی ئەم شێوازە لەناو هونەری كوردیدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەم گۆرانییەم بە شێوەزاری هەولێری وتوە و شێوازەكەی فۆلكلۆرە، بە بیروڕای من ئەم شێوە گۆرانیانە گرنگن، بە مەرجێك شێوازە كوردییەكەی ون نەكات".

لە كۆتاییدا لەبارەی هۆكاری هەڵبژاردنی ئەم شێوازە فۆلكلۆرییە وتی، "من كار بۆ زۆری رێژەی بینەر ناكەم، بەڵكو كار بۆ ئەوە دەكەم بەرهەمێك بۆ مێژو تۆمار بكەم، ئێستا خەڵك و هونەرمەندە گەنجەكانیش لەوە تێگەیشتون كە گۆرانی رەسەن چییە و ئەو گۆرانییانە كامامەن كە لە هزری خەڵكدا دەمێننەوە".

ئەو گۆرانیبێژە لە كۆتاییدا بۆ خەندان لایف-ی ئاشكراكرد كە پلانی ئەوەی هەیە بەرهەمێكی نوێ بۆ سەری ساڵ بڵاوبكاتەوە، كە لە تێكستی كەمال رێناس دەبێت و لە ئاوازی برزۆ خەیاتە، بڕیارە لە توركیا كاری بەرهەمهێنانی بۆ ئەنجامدات.