نۆتینگ هێڵ؛ فیستیڤاڵێك بۆ بەرەنگاربونەوەی رەگەزپەرستی

03:08 - 25/08/2022

9000جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف


کەرنەڤاڵی نۆتینگ هێڵ، زیاتر لە نیوسەدەیە کۆڵان و شەقامەکانی رۆژئاوای لەندەن روناک دەکاتەوە و بوە بە یەکێک لە گەورەترین چالاکی و روداوی شەقام لە ئەوروپا کە هەمو ساڵێک ملیۆنان کەس ئامادە و بەشداردەبن و چێژی لێوەردەگرن و بوه‌تە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ساڵنامەی کلتوری بریتانیا. 



دو ساڵی رابردو، بەهۆی پاندامیک و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی "کۆرۆنا"ـەوە، مۆسیقا و سەما و ستران و پۆشاکە رەنگاوڕەنگەکانی کاریبیان و ئەفریقا و چه‌ندین شوێنی دیكه‌، لە شەقامدا ون و خامۆش بون و تەنیا چەند چالاکییەک نمایش و ئەنجامدران لە رێگای ئۆنلاینەوە بۆ پاراستنی رۆحی کەرنەڤاڵ، بۆ ئەوانەی ساڵەکەی خۆیان بۆ کەرنەڤاڵ ئامادە دەکەن، بۆ خۆشەویستی، بۆ هونەرەکەیان، بۆ دەربڕینی خۆیان و بەکارهێنانی کارامەیی بێوێنەیان، وێرانکەر بو.



دەستەی سەرپەرشتی و رێکخەرانی کەرنەڤاڵ، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر رایانگەیاند کە بە خۆشحاڵییەوە هەموان ئاگاداردەکەنەوە کە خۆشبەختانە کەرنەڤاڵی 2022ی نۆتینگ هێڵ، وەک ساڵانی پێش کۆرۆنا لە شەقامدا بەڕێوەدەچێت و لە ساڵانی رابردو زیاتر ئامادەکاری بۆ کراوە و گرنگی پێدراوە لە روی رێکخستن و سەجەم لایانەکانی تری کەرنەڤاڵەکە. 



بەرپرس و بەڕێوەبەری گشتی کەرنەڤاڵی نۆتینگ هێڵ، ماسیۆ فیلیب، هەواڵ و راگەیاندنەکەی کەرنەڤاڵی بۆ خەندان لایف-ی پشتڕاست کردەوە و وتی: "بەڵی کەرنەڤاڵی 2022، لە رۆژانی 28و 29ی کۆتایی مانگی ئاب، بە هەوڵ و ماندبوبونی هەموان بە ئاستێکی باش و بەرز بەڕێوە دەچێت و بەو هیوایەی ببێتە مایەی دڵخۆشی هەموان".



خەندان لایف، لە شەقامی "پۆرتۆبیللۆ" و ناوچەی نۆتینگ هێڵ لە رۆژئاوای لەندەن، چەند دیدارێکی کورتی لەگەڵ کاسبکاران و هونەرمەندان و میوسیکژەن و دانیشتوانی نێو جەرگەی شوێنی کەرنەڤاڵ سازکرد، کە زۆبەیان خۆشحاڵی خۆیان بە بەردەوامیی و راگەیاندنی کەرنەڤاڵ  لەم ساڵدا دەربڕی و هەموان گەشبیین کە کەرنەڤاڵەکە بە شێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێت و ئاماژەیان بە گرنگی و رۆڵی کەرنەڤاڵ و زیندوێتیی و رەنگاوڕەنگی، گەورەیی و بەرزیی کەرناڤاڵی نۆتینگ هێڵدا و هیواخوازن هەموان ئامادەی کەرنەڤاڵ بن لە رۆژانی کۆتایی ئەم مانگەدا. 



کوردانی نیشتەجێی بریتانیا و لەندەن، بە تایبەتی کوردانی نیشتەجێی ناوچەی نۆتینگ هێڵ و شەقامی پۆرتۆبیللۆ و باشوری کینزینگنتن و چێێلسی لە رۆژئاوای لەندەن، بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوە لە کەرنەڤاڵەکەدا و زیاتر لە 30 ساڵە لەو ناوچەیەدا دەژین کە ساڵانە کەرنەڤاڵەکەی تێدانمایش دەکرێ و بەڕێوەدەچێت، هەروەها چەند ساڵێک کوردانی لەندەن بە جلکوبەرگی کوردی و هەڵپەڕکێ و میوزیک و سترانی کوردی، بەشداری کەرنەڤاڵەکە بون و ببونە بەشێک لە کەرنەڤاڵی نۆتیینگ هێڵ. 



رێکخراوی پەنابەرانی کورد (کیا) لە رۆژئاوای لەندەن، ساڵانی رابوردو بەشدارییەکی بەرچاوی هەبوە لە کەرنەڤاڵەکەدا و بە هاوکاریی گروپی برایانی زەهاوی، رەوانشاد هونەرمەندی دەستڕەنگین و دەفژەن، هاوار زهاوی، هونەرمەندی ناودار و دڵسۆز و خەمخۆری میوسیک و هونەریی رەسەنی کوردی، دەفژەنی بەهرەمەندی کورد، هەژار زەهاوی و تەپڵژەن ئازاد زەهاوی و سەنتورژەن حەمید و چەند هونەرمەندێکی تر، هەروەها بە بەشدریی هونەرمەندی ناودار و بەهرەمەندی کورد، تارا جاف بە ستران و ژەنینی چەنگەکەی بەشداری و ئامادەی کەرنەڤاڵ بو، خوێندگەی هەڵەبجە لە باشوری لەندەن، بەسەرپەرشتی هونەرمەندی بەهرەمەندی کورد، گۆران موفتیزادە و بەشداریی کۆمەڵێک منداڵان و لاوی کورد، یەکەم رۆژی کەرنەڤاڵیان رازاندەوە، گروپی "رێگا" کە پێکهاتبو لە هونەرمەندان، ئارام تەها، گۆران عارف مارف، نیهاد جەمیشد، حەمە جەمشید و چەند هونەرمەندێکی تر و چەند کەسایەتیەکی ناوداری کورد لەوانە، رەوانشاد مام قادر دەباغی نوسەر و سیاسەتمەداری کوردستانی رۆژهەڵات، رابیعە موفتی پێنجوێنی، یادی بەخێر، بەهێ خان و چەندەها کەسایەتی تر و ئەندامانی کۆمەڵگای کورد بەشداربون.

ئەم كەرنەڤاڵە دەستپێكەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1966، كە بۆ یەكەمینجار نزیكەیی 500 كەس بەشداربون لە ئاهەنگگێڕان، سەما، نمایشی جلوبەرگ، میوزیك و كەلتوری ئەفڕیقی كاریبی، لەو كاتەوە بوە بە گەورەترین كەرنەڤاڵی سەرشەقام لە ئەوروپا و یەكێكە لە فراوانترین و گەورەترین كەرنەڤاڵەكان لە جیهان، نزیكەیی 2 ملیۆن كەس ئامادە دەبن و زیاتر لە 50 هەزار كەس بەشداری نمایشە جیاوازەكانی نێو كەرنەڤاڵەكە دەكەن.

 

وە هەروەها، لەناو ئامادەكاری بۆ فیستیڤاڵەكە، بەشێك لەو كەسانەی بەدشاریانكردبو، تایبەت بە خەندان لایف لەبارەی فیستیڤاڵەكەوە دەدوێن: