ڕوی ڕاستەقینەی ئاستی فیلم و سینەمای کوردی لە ناوەوە و دەروەی کوردستان

10:54 - 23/06/2022

1059جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

هەمیشە لە هەر كارێكی هونەریدا دیوێكی دیكە هەیە كە بینەران و كەسانی ئاسایی لێی بێئاگان و ئەو كەسانەی لە ستافی بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمەدان ئاگاداری ئەو دیوە راستەقینەیە هەن، لەوبارەیەوە شادمان محەمەد، هەوڵیداوە بگات بە هەندێك وەڵامی ژێربێژی نەدرکاو و نەوتراو سەبارەت بە دیوێکی تر، واتا؛ ڕوی راستەقینەی ئاستی فیلم و سینەمای کوردی لە ناوەوە و دەروەی کوردستان بە گشتی، هەربۆیە دیمانەیەكی ئەنجامداوە لەگەڵ مەتین حەمە رەحیمی وێنەگر، کە کوردە و دانیشتوی وڵاتی سویدە، تەوەری سەرەکیش وابەستەیە بە بابەتی سەرەکی بەوەی؛ ئایا کـوردستان - باشوری کوردستان، ژینگـەیەکی سینەمایی لەبـارە بۆ بەرهەمھێنانی فیلمی سینەمایی؟ وە خوێنەرانی بوار فیلم و هونەرمەندان و سینەماکاران، کۆمەلێک پرسیار و وەڵامی راستەقینە دەخوێننەوە، کە شایەنی هەڵوەستە وەرگرتنە لە بەرانبەر دیوە راستەقینەکەی سینەما،

پرسیار:

جارێکیان دەرهێنەرێکی کورد کە لە دەرەوە دەژی، سەبارەت بە دروستکردن و بەرهەمهێنانی فیلم وتی؛ باشوری کوردستان باشترین ژینگەیە، بۆ بەرهەهێنانی فیلمی سینەمایی، ئایا ئەم قسەیە تا چ ڕادەیەک دەچێتە قاڵبی وتەیەکی ژێربێژیانەوە؟

وەڵام:

لە راستیدا، ئەم دێرە، یاخود ئەم ڕستە قەبەیە، چەندجارێک هاتۆتە گوێمەوە کە دەڵێن؛ "کـوردستان ژینگەیەکی لەبارە بۆ بەرهەمھێنانی فیلمی سینەمایی، بە تایبەت باشوری کوردستان!".سەرەتا قسەکە، لە لایەن چەند کەسانێکەوە کراون بەرای خۆم ئەوان لە سەرەتادا هیچ بەدواداچونێکی قوڵیان لە بارەی خودی قسەکانی خۆشیانەوە نەکردوە، تا ئەوەی بگات بەوەی بزانن ژینەگەکە لە بارە یاخود نا، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش ناکرێت بە وەڵامێکی سەتحی و سەرپێییانە بە سەریدا ڕاگوزەر بکەین، بەڵکو دەبێت چەند لایەنێكی گرنگ بخەمەڕو، تاوەکو خوێنەران خۆیان ببەنە داوەری قسەکان.
یەکەمجار، دەبێت بزانین ئەو ژینگە سینەماییە دەبێت لە بناغەدا چۆن بێت! ئەوەی بە لای منەوە لە سەرەتادا زۆر گرنگە، ئاماژەی پێبدەم، هەبونی کادری بەئەزمونی سینەماییە، ئێمە بە مانا پیشەگەرییەکەی ئەمەمان نیە، تەنانەت ئەو کارانەشەی لە ماوەی رابردودا ئەنجامدراون، بەڵگەیەکی رون و ئاشکرایە لەوەی بەرهەمەکان زۆریان جگە لەوەی کاڵ و کرچن و جۆرێک لە بەڕێکردنی تێدا بوە، بۆیە هەندێک کات دەڵێم؛ جا بۆ لۆمەشیان بکەین، خۆ رەگی بەرهەمھێنانی فیلم یەکەمجار پێویستی بە فێربونە، ئەم کارەش بۆ باشوردا نوێیە.
لە رابردودا، هیچکەسێک وەک مامۆستا و وانەبێژێکی سینەماییی لە فێرگەیەکەدا نەبوە تاوەکو وانەی سینەمایی بە نەوەکانی دوای خۆی وتبێتەوە، کە ببێتە سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ فێربون. وەک وتم؛ سینەما، پیشەیەکی نوێیە بۆ کوردانی باشور، فێربونی پیشەی سینەما بە دو رێگا ئەنجامدەدەرێت، دەستاودەست، یاخود؛ وەستا و شاگردیی، یان ئەوەی کە خوێندوتە، بێگومان ئێمە هیچکامیانمان نییە و ئەو هەوڵانەشی کە دراون وەک هەمو هەوڵەکانی تری ئەو وڵاتە لە سەرجەم بوارەکانیتردا بینومانە و ئاشکرایە لای هەموکەس کە چۆن بە چ دەردێكدا براوە! بۆ فێربون، تاکە ڕێگە زانکۆکانە، ئەمەش هەر دیسان نوێیە بە ئێمە، وە چەند ساڵێکە وەک زانکۆ دامەزراوە، بە دەربڕینی خۆشیان کە لەملاولا باسکراوە لە ئاستی ناڕازین و لاواز دەیبینن، بۆیە ئەو جێگەیە کە سەرچاوەی دروستبونی کادری سینەمایی بێت ئا بەوجۆرە گلەیی و گازەندەی لەسەربێت ئیدی کادری سینەمایی بەهێز چۆن دروست دەبێت؟ لە لایەکی تریش لە بیرمان نەچێت، کەس بە تەنھا تەماشاکردنی ریکاڵم و فیلم لە پێگە و پالتفۆرمم یاخود چاودێریکردنی وانەکانی سینەما لە چەناڵەکانی یوتیوب، نابێتە سینەماکار و دەرهێنەرێکی ناوازە و یەکسەر دەستبداتە کامێرا و فیلم دروست بکات، چونکە مەرج نیە کە سینەما وەک تەماشاکرێک لە لات گرنگ بو ئیتر تۆ بێیت بە زوییی پەلاماری بدەیت و بڵێیت؛ قەیچێکە با کوردیش سینەمای هەیبێت!
بۆ نمونە؛ پیشەسازی ئەلەکترۆنی زۆر گرنگە و بۆتە خۆراکی ڕۆژانەی بەکاربەرانی، بەڵام جگە لە وڵاتی چین و چەند وڵاتێکیتر کە تێیدا سەرکەوتون، دەکرێت هەمو وڵاتێکی تریش بڵێت دەی منیش دەیکەم! کەواتە کوردستان بۆچی بیر لە پیشەسازی ئەلەکترۆنی ناکاتەوە؟ ئەوە سینەماکەیە کە تەنھا چەند کەسێک دەستیان داوەتێ ئەوەش تەنھا لە پێناو ناوبانگ و بەرژەوەندی تایبەتی، دەنا گەر کورد چەند لە پیشەسازی ئەلەکترۆنیدا سەرکەوتودەبێت، هەرئەوەندە لە سینەماشدا بۆیە بەرای من، باشترین خزمەتکردن بەو بوارە مەزنە، وازلێھێنانیەتی، چونکە تەنھا کارکردن تێیدا تەنها بەهەدەردانی پارە و کات و سوتاندنی تواناکانی چەند گەنجێکە لەبوارێکی زۆر بێ بەرهەمدا.

خاڵێکی تری کە زۆر گرنگ و بناغەییە، ئەویش؛ بابەتی جوگرافیا و پێکھاتەی ژینگەکەی تۆی سینەماکارە لە باشورێکی بچوکدا، یەکەمجار تۆ ژمارە و پێکھاتەی دانیشتوانت کەمە، وە فیلمیش بە بودجەی زەبەلاح و بێشومار دەڕواتە رێوە، بۆیە گەر بینەرێکی وەک تەماشاکاری ناو هۆڵەکانی سینەما کەمت هەبێت، ئەوکات لە ڕوی فرۆشی تکت و بلیتی فیلمەوە تۆ چی کردوە و چیت ئیزافە کردوە؟ بێگومان جگە لە زیانگەیاندن بە ئابوری کارێکی ترت نەکردوە! کەواتە؛ تۆ هەر لە سەرەتادا بناغەی بزنسەکەت هەڵەیە! وەک دەزانین؛ بۆ هەر پرۆژەیەک کە تۆ داهاتت لە بڕە بودجەی دابینکراو و خەرجکراو زیاتر نەبێت! کەواتە تۆ چیتکردوە جگە لەوەی کە تەنھا شکست بۆ خۆت و دەوروبەر تۆمارکردوە. لە لایەکی تر، هەر سەبارەت بە ژینگەی دروستی سینەما، ئەویش دابینکردنی لایەنی ئارامی و ئاسایشە لە کاتی وێنەگرتنی دیمەنەکاندا واتا؛ کە ئەمە بۆ ئەو جێگەیە گرنگترین بابەتە، بەهۆی بونی کێشەی بەردەوامی سیاسی و حیزبی، واتا؛ ڕەخساندنی کەشێکی ئەمنی و ئاساییشی بەوەی تۆ سەدا سەد بە دور بیت لە هەر روداوێکی نەخوازراوی لە پڕتاو، بەتایبەت لە بەرامبەر ستافی کار و ئەکتەرەکان، چونکە هێشتا دڵنیانیت لەوەی ئایا لەو ژینگەیەدا چی رودەدات، وە تا ئەم ساتەش تەنھا کەسێکی چەکدار دەتوانێت رێگەی ئیشکردنێکت لێبگرێت، مرورێک دەتوانێت نەهێلیت لەسەرجادەیەک کامێراکەت دابنێیت، پۆلیسێک هەربەمیزاجی خۆی پێت دەڵێت؛ "درۆن مەمنوعە! " ئیتر بەپێی چ یاسایەک کەس نازانێت! چونکە لە سینەمادا تەنھا یەک دەقە لەسەر سێت، دونیایەک پارەی تێدەچێت، بۆیە هەر راگرتنێکی لەم شێوانە کێشەیەکی گەورە دەبێت بۆ لایەنی بەرهەمھێنان.
بابەتێکی هەژێنەرتر هەیە کە زۆر نادیدە گیراوە و بیری لێنەکراوەتەوە، تەنانەت نەک لە ئاستی کوردستاندا ئەژماری بۆ نەکراوە، بەڵکو لە سەرانسەری عێراقدا حسابی بۆ نەکراوە ئەویش؛ نەبونی ستۆدیۆی تۆماری سینەماییە! نەبونی ستۆدیۆیەکی ئاماداکراوی پرۆفیشناڵ بۆ بەرهەمھێنای فیلم و سینەما، کە هاوشێوەی ستۆدێۆکانی جیھان بتوانیت بێ کەموکوڕی و بە کوالێتی بەرز فیلمی تێدا بەرهەمبھێنرێت.

دەی با واز لەوەش بھێنین، تۆ بەشی چاککردنی ئامێر و لایەنی تەکنیکت نییە، باشە لە کاتی شکاندن، یاخود تێکچونی کامێرا- لێنز- یان هەر شتێکی تر کە نەتوانیت لە کوردستان چاکییان بکەیتەوە! یاخود ئەپدەیتی بکەیتەوە، یان پێشوەختە تێستی بکەیت، چارەی ترت نیەم جگە لەوەی دەبێت بنێردرێتە دەرەوەی وڵات! کەواتە؛ چیمان لە چی! تۆ کە پارچە خراپەکەت ناردە ئەوروپا، یان دوبەی کە ئەمەش لانیکەم وەک کات سێ مانگ زیاتر دەخایەنێت! ئیدی نازانم دەبێت؛ ئەو ژینەگەیەی ئەو برادەرانە باسی لێوە دەکەن لە کوێی ئەم کەموکوریانەدا جێیان کردبێتەوە. با رونتری بکەمەوە؛ ئایا تۆ چەند کامێرات لە کوردستاندا هەیە، ئەی چەند سێت لایتت هەیە، ئەی چەند وێنەگر و چەند دەرهێنەرت هەیە، باسی کاری ستافی پرۆفیشنال دەکەم! ئەوکات لە دۆخێدا کامێراکەت بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کار کەوت، ئایا تۆ چەند کامێرات وەک بەدیل هەیە لەو کاتەدا، ئەی ئەگەر لێنزەکەت شکا؟ ئایا کۆمپانیای بیمەت هەیە تاوەکو کامێرا و لێنزە شکاوەکەت بۆ ئاڵوگۆڕ پێبکات و کارەکەت نەوەستێت! ئەی ئەگەر وێنەگرەکەت لە ناکاو نەخۆش کەوت، باشە لەم دۆخەدا چەند وێنەگری تری هاوشێوەت هەیە! هەمان شت بۆ دەرهێنەر کە کاپتنی کارەکەیە دوچاری دۆخێک بۆوە. هەمو ئەمانە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن، لە سەر نادروستی ئەو ژینگەیەی کە باسی لێوە دەکەن.
بەشێکی تر کە زۆر گرنگە باسی لێوە بکەین، هھھ ببورە کە پێ ئەکەنم، چونکە کەموکەرییەکان هێندە زۆرن، پێکەنینی خەفەت ئەکەم، نەک گاڵتەجاری! راستی هەر شتێک کە باسی دەکەم گرنگن و سەرەکیین، بەڵام کێشەکان دەکرێت پلەبەندی بۆ بکرێت، بەوەی کامیان لە کامیان گرنگترە، چونکە هەر کامییان گەر بە جوانی ئەنجام نەدرێت، دەبێتە لەمپەر و بەربەستێکی قورس بۆ کارەکەت، ئەویش؛ بابەتی کەشوهەوایە! ژینگەکەت زۆر لەبار نییە؛ هاوینێکی وشک وبرینک، خۆڵاوی، گەرم، زستانێکت هەیە کە کەشەکەی جێگیر نییە، بەهارێکی کورتت هەیە نازانیت چۆن دێت و دەروات. تەنانەت چەندینجار گوێم لێبوە دەڵێن کوردستان هەر چوار وەرزەکەی خۆشە و مەجالی ئەوەی تێدایە و لەبارە بۆ فیلمسازان...ئاخر کام چوار وەرز؟ گریمان تۆ پێویستت بە دیمەنی بەفربارینە، کێ دەتوانێت گەرەنتی بەفربارین لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بکات؟ ئەوەندەی من بیرم بێت هیچکات نەبوە بەفرێکی جوان هەفتەیەک لەو شارانەدا بمێنێتەوە، یان چ قودرەتێک هەیە هاوینان لەو گەرما وخۆڵبارینە و کەشە تەڵخەدا بتوانێت ئیشبکات؟ ئایا ئەمە ئەوپەڕی نەشارەزایی نییە بۆ وێنەگران؟
بۆ نمونە وڵاتێکی وەک بەریتانیا، کە زۆربەی کاتەکانی وەرزەکانی ساڵی، هەورە و بارانی زۆرە، لە هەموو کاتێکدا دەڵێن؛ وڵاتی ئێمە وڵاتێکی تاریکە و لەسەرجەم فیلمەکاندا پلانی زیادکردن و لایتینگ گرنگیەکی زۆر زۆری پێدەدرێت، وە نزیکترین نمونەش فیلمی 1917 بو کە ئەو رۆژانەی هەتاو بوە لەجیاتی وێنەگرتن پرۆڤەیان تێدا ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆژانی هەور وێنەبگرن و سەرجەم فیلمەکە وەک یەک و هاوشێوە وابێت... ئایا ئێمە دەتوانین بەمجۆرە بیربکەینەوە، یاخود کارێکی و شتێکی وا بکەین لە باشور؟؟

پرسیار:

ئایا بڕە پارە و بودجەی باش و تەرخانکراو، رۆڵێکی کاریگەر و گرنگ دەبینێت بەوەی ببێتە سەپۆرتێک و پاڵپشتیەکی بەهێز بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی پرۆفیشناڵ لە کوردستاندا؟

وەڵام:

سەبارەت بە گلەیی هەبون و نەبونی بودجە! گریمان بودجەکەت هەیە و زۆریشە؛ بەاڵم هەمان وەڵام دەدەمەوە؛ کە کادری پرۆفیشنال و چیرۆکی بەهێز و لۆکەیشنی جوان و ستۆدیۆی گەوەرەت نەبو! ئەوکات بودجە ڕۆڵی چییە لەوێدا؟ ئایا فیلم بەوجۆرە دروست دەکرێت؟ ئایا پارەکەت دەدەیت بە چی!
ئەوکات بە خۆت دەڵێیت: دەبێت فیلمەکە دوبارە بیبەمەوە بۆ دەرەوەی وڵات و کارەکان لەوێ تەواو بکەم! کەواتە؛ کوا ژینگەکەی کە باستان کرد؟ کوا کادرە خۆماڵییەکانتان؟ باشە گەر بابەتەکە پارە بێت، ئەوە ولاتەکانی وەک؛ سعودییە و ئەڵمانیا و سوید و چەندین وڵاتانی تر خاوەنی پارە و بودجەنی زەبەلاحن! ئەی بۆچی فیلمی زۆریان نیە! بۆیە دەبێت بیر لەم لایەنە بکرێتەوە. ئەوە زیاتر لە 20 ساڵە لە کوردستان بە هەزاران دۆلار لە بودجەی وڵات لەفیلمدا خەرجکرا؟ کوا بەرهەمەکان! کوا ئەنجام و بناغەکەی سەرەتایی کارەکانی سینەما! کوانێ چی کراوە و چی هەیە؟ ئەوجا با باسی نەبونی چیرۆکیش بکەم! دەمی هەر سینەماکارێک دەکەنەوە دەڵێت؛ ئەنفال وهەڵەبجە و کۆڕەو.. کارەسات!
فەرموو ئێوە بڕۆن دە چیرۆکی بەهێزمان لەو ژانرانە بدۆزنەوە کە ئەمان باسی دەکەن! یان کارێک بینەر شۆکت بکات هاوشێوەی چیرۆک و ڕوداوەکانی هۆلۆکۆست! هیچ نەبێت بیرۆکەی نوێ و سواو نەبێت!
تۆ بناغەی چیرۆکەکەت نییە، چ جای ئەوەی بگاتە ژانرەکانی فیلم و سینەما. بڕۆن لێکۆڵینەوە و بە دواداچون بکەن بزانن تەنھا لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالدا چەند بڕە پارە بەناوی ئەنفال و شەهیدەوە لە کلیپ وفیلمدا سەرفکراوە و کاریگەیشی نەبوە؟ تەنھا یەک فیلمی کاریگەرمان لەسەر ئەو بابەتانە بە نمونە بھێنەوە؟ بۆ زانیاریت ئەوانەشی کە کراون، نەک شایەنی دەستخۆشی نین، بەڵکو شایەنی بەزەیین.

پرسیار: 

بۆچی ئەو فیلمانەی لە کوردستاندا دروستدەکرێن، هیچکات ناتوانن بچنە کێبرکێ و بردنەوەی خەاڵتە مەزنە سینەماییە جیهانییەکانەوە، نەک ڤیستیڤاڵە لابەلاكان، لەکاتێکدا لە ناوخۆدا و لە میدیادا زۆر بە گەورەیی و قەبەیی باسی لێوە دەکرێت؟

وەڵام:

لە هەموی ناخۆشتر، بابەتی خەڵات و فیستیڤاڵەکانە! ئەوەش چەواشەکارییەکی دیکەی چەندین ساڵەی مێدیایی کوردییە، کە ئەرکی تەنھا ترش و خوێکردنی بابەتەکانە، یاخود لۆبی و برادەرایەتی کردنە بۆ هەندێک لە سینەماکارەکان، باسی وەرگرتنی خەڵات لە فیستیڤاڵە لاتەریک و نەناسراوەکان ناکەم، باسی وەرگرتنی خەڵاتە سادەکان ناکەم کە دەبێتە ئەزمونێکی تایبەتی باش بۆ کەسەکان، یاخود دەبێتە داهێنان و هاندانێکی تایبەت بۆ خودی کەسەکە. من باسی بزنسی سینەما دەکەم، خۆی بزنس ئەوەیە؛ "فیلمەکەت بفرۆشێت و دواتر زۆرێک لە وڵاتانی جیھان بگەڕێت".
ئەرک نەبێت کەسێك لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا، ناوی بردنەوەی خەڵاتە ناوبانگەکانمانی
جیھانمان پێبڵێن! بۆچی هیچکام لەو دەرهێنەرانە کە یەکجار دەچنە ناو فیستیڤاڵەکانەوە و خەڵاتی بچوک دەبەنەوە، بەڵام دواتر دوبارە و سێبارە بانگھشێتیان ناکەنەوە و پێیان بڵێن؛ فڵان دەرهێنەر! فڵان ئەکتەر، تۆ مەزنیت، ساڵی داهاتو وەرە بەشداربە لەم فیلمەی ئێمەدا، یان تۆ ببە بە دەرهێنەری فیلمێکی ئێمە.
باشە کە کەسەکە هێندە بەتوانایە، ئەی کوا ئەنجامی کارەکانی تری؟ بۆیە تاکە شت لای ئەمانە بزنسی تایبەت بە خۆیانە کە سەرچاوەکەی پارە ڕنینەوەیە لە کوردستاندا، تاوەکو دواتر بە هۆیەوە بێنە سەر چوارچێوەی شاشەکان، ئەوجا وەهمی مەزنی سینەمایی کوری ببەخشنەوە. تەنانەت لە کاتی رەخنە لێگرتنیان لەم بارەیەوە دەڵێن؛ ئەی چی بکەین، دەبێت ئەوە هەر بکەین،
ئەمە زەرورە. ناکرێت نەکرێت! بەڵام با ئێمە خۆشمان بەراورد نەکەین بە هیچ وڵاتێک، تەنانەت دراوسێکانیش، بە نمونە؛ واڵتێکی وەک ئێران سەرەرای ئەوەی مێژویەکی کۆنی لە بواری سینەمادا هەیە، وە ڕۆڵی باشیشیان لە سەر ئاستی سینەمای جیھان هەیە، بەڵام هێشتا هەر کەموکوریان هەیە، نەخوازە ئێمە، کە من لەوساوە باس لە کێشە هەرە سەرەتاییەکانی سینەما دەکەم، وەک دەلێن؛ ئەلفو بێیەکەی. دواجار من زۆرخۆشحاڵ دەبم گەر کەسێک پێمان بڵێت؛ سودی بەشداری فیلمە کوردیەکان لەفیستیڤاڵە جیھانیەکان بە گەورە وبچوکییەوە هەتا ئێستا بۆ کورد چی بوە؟ یان کەسێک پێمان بڵێت؛ سودی فێستیڤاڵە ناوخۆییەکان چییە بۆ کورد و بۆسینەماکەشی کە باسی دەکەن؟ ئایا گەر فیلمە کوردیەکان و ستافەکانیان بەشداریان نەکردایە لەو فێستیڤاڵانە یان فێستیڤاڵە ناوخۆییەکان، سینەمای کوردیی لە چ ئاستێک کەمتر دەبو!
وەڵامەکەی تەنھا؛ جگ لە قاقایەکی سارد و بێتام؛ بە هەدەردانی پارە و خۆنواندن و نمایشکردنی هەندێک بو وەک تاک و هەندێک بابەت و لایەنی تر، لە کۆتاییدا با کەسێک، یەک دەرهێنەری کوردمان پێ بناسێنت، خاوەنی تەنھا سێ بەرهەمی سینەمایی پرۆفیشناڵ بێت، بەمەرجێک پەیوەست نەبێت بە کێشەکانی کوردەوە! جا بۆ ئەوەی قسەکەم ڕونتر بێت لە باشور چەندین دەرهێنەرمان هەن گوایە دەرهێنانیان لە وڵاتەکانی وەک؛ سوید ونەرویج و ئەمریکا وئوستورالیا خوێندوە، یاخود لەوێ ئیشیان کردوە، ئێستا با هۆڵەندا وەک نمونەیەک و وەربگرین و بپرسین کام لەو دەرهێنەوە کوردە لەهۆڵەندا خاوەنی سێ فیلمی هۆلەندیین کە مەرجێک کۆی چیرۆکی فیلمەکە پەیوەست بەتەنھا هۆڵەنداوە، نەک کوردستان؟؟؟

پرسیار:

هۆکاری سەرەکی چیە ئەو کەسانەی لە دەرەوە دێنەوە بۆ کوردستان، لێرە فیلم دروستدەکەن، بەڵام لەوێ - واتا؛ ئەوروپا ناتوانن هیچ جۆرە فیلمێکی درێژ دروستبکەن!
ئایا هۆکارەکەی ژینگەی ئێرەیە کە بۆیان ئاسانترە بەراورد بە خەلکانی لۆکالی؟

وەڵام:

سەبارەت بەو کەسانەی وەک دەرهێنەر و سینەماکار لە ئەوروپاوە دەگەرێنەوە بۆکوردستان و پاشان الفـووگەزافی پرۆفیشناڵی لێدەدەن، کە ئەمە بۆتە نەریتێکی دوبارە و سواو، ئەوانە کە دێنەوە راستەوخۆ دەست بۆ بەرهەمھێنانی فیلمێک دەبەن کە باس لە بابەتی؛ داعش و مـین و قاچ پەراندن و ژنە ئەنفال و خەتەنەکردنی کچان بێت و پاشان لەگەڵ خۆیاندا ئەو نمونە دوبارانە دەهێننەوە و دەیکەن بە قورگی ئەندامان و لیژنەی فیلمە جیھانییەکاندا، دەی باشە وەک پێشتر باسمکرد بۆ هەر ئەوانە ناتوانن دو فیلمی درێژ لەوێ دروست بکەن و هەر لەوێش نمایشی بکەن و ئەوجا بیھێنەوە بۆ کوردستان و بلێن؛ "ئەمە فیلمەکەی من، ئەمە شانازییکەی من، من توانیم لە دەرەوە فیلم دروست بکەم! ئەمە خاڵە گرنگەکەیە، با تەحەدای ئەم قسەی من بکەن!

پرسیار:

دەی کەواتە هۆکاری ئەو هەڵا گەورەیەیی نێو میدیا وکەناڵە کوردیەکاندا بۆچی دەگەڕێنیتەوە، کە گوایە فڵان فیلم و فڵان دەرهێنەر ئەوەیان کرد و ئەمەیان نەکرد؟

وەڵام:

سەرکەوتن و پێشکەوتنی کەناڵ ومێدیاکانیش هەر وەکو نەوت وکارەبا و رێگە و بان و
سینەماکەی وایە، بێگومان خراپتریشە، ئەوانە لەبەر زۆری پارە کە لە پشتی کەناڵەکانەوە
دابینکراوە، یاخود هەبونی کاتی زۆری پەخش و نەبونی بابەتی گرنگتر بۆ بڵاوکردنەوە، ئەو کارانە دەکەن، جا هەرئەوەندەی زانییان کەسێک لە دەرەوە گەراوەتەوە و خەریکی
دروستکردنی کورتە فیلمێکە، راستەوخۆ مایکرۆفۆنێک دەخەنە بەردەمی و دەڵێن؛ "فەرمو کاکی سینەماکار- بەڕێز دەرهێنەر، فیلمەت باسی چیدەکات، ئەویش ئارەزوی خۆی شانی پێدادەکات و دوگمەی گێرانەوە دادەگیرسێنێت، گەرنا لە کوێی دونیادا بوە یان لە چ کەناڵێکدا ئەوە دەبینیت کەسێک سەرقاڵی هەواڵی شەخسی وئەزمونگەری خۆی بوبێت ، بەڵام کەناڵێکی تیڤی بچێت بۆ لای و بڵێ برادەر ئەرێ چی دەکەیت.


پرسیار:

سەرەرای ئەو هەمو برینە سینەماییەی کوالندتەوە، ئایا لە داهاتودا، کوردستان دەبێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ بەرهەمهێنانی فیلم؟

وەڵام:

دەگەرێمەوە بۆ وەڵامی یەکەمی پرسیارەت، ئێستاش هەمان ئەو وەڵامانە دەدەمەوە، ئێمە نە کادری پرۆفیشنالی سینەماییەمان هەیە، نە بودجە و ئارامی و ئەمانمان هەیە، نە کەشوهەوای لەبارو گونجاومان هەیە، هەر بۆیە زۆر زوە ببێتە ژینگەی سینەمایی لە سەر ئاستی جیھاندا، بەڵام رەنگە لە سەر ئاستی ناوخۆیدا، تەقەتەقی باشی تێدا بکرێت و بەرەو پێشچون بچێت، کە بۆ ناوخۆ ببێتە ژینگەیەکی تارادەیەک لەبارتر. بەڵام بە خویندنەوە و ئەزمونی خۆم و هەمو ئەو هۆکارە مەنتیقیانەی کە باسمان کرد و بە لەبەر چاوگرتنی دۆخی ئیستای سینەمای کوردی لە کوردستاندا، تا نیو سەدەی تریش، ئێرە نابێتە ئەو ژینەگەیەی کە ئەو برادەرە سینەماکارانە بێ ئاگایانە باسیان لێوەکرد.