راستییەكان لەبارەی مردنی هەڵوێست و بڵاوبونەوەی وێنەی گۆڕەكەی

11:27 - 11/05/2022

18948جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

پاش ئەوەی وێنەیەكی هونەرمەند، هەڵوێست محەمەد لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوەوە و دەنگۆی مردنی بەدوای خۆیدا هێنا، دەركەوت ئەو وێنەیە بۆ كارێكی هونەرییە و تەندروستی زۆرباشە.

هەڵوێست محەمەد پاش چەند مانگێك دوركەوتنەوەی لە كاری هونەری، تیزەری بەرهەمە نوێیەكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەناوی "هەتا مابوم" بڵاوكردەوە و نوسیویەتی، "دڵخۆشم کە بەبەرهەمێکی نوێم دەگەڕێمەوە لاتان".

هاوكات لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەم تیزەرەی، ئاشكرایكرد كە بڵاوبونەوەی وێنەی گۆڕێك كە وێنەی ئەوی لەسەربو، تەنها بۆ كارێكی هونەری بوە و دەنگۆی مردنی دورە لە راستییەوە.

ئەو گۆرانیبێژە كۆتا بەرهەمی لە دیسەمبەری 2021 بڵاوكردەوە بەناوی "ساڵی نوێ"، لە ئەمساڵدا هیچ بەرهەمێكی بڵاونەكردوەتەوە.

ھەڵوێست محەمەد لەدایکبوی شاری ھەڵەبجەیە، لە ماوەی چەند ساڵێکە دەستی بە کاری ھونەری کردوە، خاوەنی چەند گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپێکە.