دەرباز یونس وردەكاری جیابونەوەی لە ئیڤانا ئاشكرا دەكات

11:13 - 30/04/2022

38688جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

شاعیر و میدیاكار، دەرباز یونس وردەكاری جیابونەوەی لە خانمە مەیكئەپ ئارتیست، ئیڤانا ئاشكراكرد و دەڵێت، "خیانەت هۆكاری جیابونەوەكان بو".

دەرباز یونس لەبارەی جیابونەوەی لە ئیڤانا رایگەیاند، "ھەوڵمدا لەسەر بابەتی جیابونەوەم لە ئیڤانی ناسراو بە ئیڤانا ھیچ قسەیەک نەکەم، بەڵام نەیانھێشت، سەبر و تەحەمولی مرۆڤیش سنوردارە، کە جیابوینەوە تەنیا یەک داوام لێکرد، کە ھیچ لەبارەی جیابونەوەمان نەڵێت، یان ھۆکاری جیابونەوەمان بە نەگونجان وەسف بکات، بەڵام کە نەیکرد و رێز لە کەرامەتی بنەماڵەكەی خۆی ناگرێت، من بۆ بێدەنگ بم و راستییەکان نەڵێم؟ تاکەی ناو و ناوبانگ و کەسایەتی خۆم بخەمە ژێر پرسیارەوە؟".

وتیشی، "من ھاوسەری یەکەمم خیانەتی لێکردم، بۆیە جیابومەوە و بابەتی خیانەتەکەشم تا ئێستا لە دادگایەو کەیسەکە کراوەیە، بۆیە ئەگەر تا دەمرم ئەگەر 1000 جاری دیکەش بچمە ژیانی ھاوژینییەوە و دڵنیابم کە ھاوژینەکەم خیانەتی لە من یاخود لە مێردی پێش من کردوە و لەگەڵ خەڵکی دیکە پەیوەندی ھەبوە، ئەوا بێ دو دڵی جیادەبمەوە".

ئەوەشیخستەڕو، "من بۆ ژیانێکی نوێ و سەقامگیر چومە ژیانی ھاوژینییەوە، بەو ھیوایەی ژیانی نوێمان دڵخۆشمان بکات، ئەم ئافرەتە وای لە من گەیاندبو کە ھاوژینی یەکەمی زۆر لەگەڵی خراپبوە بۆیە جیابوەتەوە، منیش باوەڕم پێیکرد، ھەمو شتێک باش بوو دوای تەنیا یەک مانگ لە دەستپێکردنی ژیانمان، بەڵام دواتر شتانێکم بۆ دەرکەوت کە ھیچ پیاوێک لە رۆژھەڵات و رۆژئاوای دونیا پێی قبوڵ ناکرێت".

باسیلەوەشكرد، "ئەوەم زانی کە چەندین جار خیانەتی لە ھاوژینی پێشوی کردوە، لەگەڵ پیاوی دەوڵەمەند پەیوەندی ھەبوە و چەندین جاریش لەگەڵ ئەو کەسانە گەشتی کردوە، لە کاتێکدا مێردی ھەبوە، بۆیە نەمتوانی لەگەڵی بمێنمەوە، بۆ ھەمو ئەو قسانەش کە دەیڵێم بەڵگەم ھەیە کە دەنگی خۆیەتی و دانی پێدادەنێت".

لە كۆتاییدا راشیگەیاند، "بۆیە نەمتوانی لەگەڵی بمێنمەوەو جیابومەوە، باکیشم نییە بەوەی دەبمە قوربانی کۆمەڵگایەک کە دەڵێن دوجار جیابوەتەوە، بێ باک لەوەی بپرسن کە من بۆ جیابومەتەوە، دڵنیاش بن ئەگەر 100 جاری دیکە زەواج بکەم و ھاوژینەکەم خیانەتکار بێت جیا دەبمەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە ئەو دو هاوژینە، دوێنێ بە فەرمی رایانگەیاند كە جیابونەتەوە و چیتر پەیوەندیان پێكەوە نەماوە، ئیڤانا لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكی خۆی داوای لە هەوادارەكانی كرد رێز لەو بارودۆخە بگرن كە تێیدان.

دەرباز ساڵی 1990 لە شاری هەولێر لە دایکبوە و وەكو پێشكەشكار دەركەوتوە،  لەوەش خاوەنی چەند پەرتوكێكی شیعرییە، دو جار ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و خاوەنی منداڵێكە.