حەوت شێوازی ژیان کە کاریگەری ھەیە لەسەر تەندروستی ئێسک

12:29 - 10/01/2022

3889جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

ئێسك راگری جەستەیە و پێویستی بە پارێزگاریكردن هەیە بۆئەوەی بە تەندروستی بمێنێتەوە، هەندێك شێوازی ژیان هەیە كە ناتەندروستە و رەنگە رۆژانە ئەنجامیبدەیت و كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی ئێسكت هەبێت.

دكتۆر هه‌ڤین که‌مال شاه محمد، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج، حەوت شێوازی ژیانی بڵاوكردوەتەوە كە كاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی ئێسك.

1. کەمی  جوڵە
ئێسکەکانمان شانەی زیندون تا زیاتر بەکاریان بێنین بەھێز تر دەبن، ئەگەر بەکارنەھێنرێن ئەوە لاواز دەبن، بۆیە وەرزش کردن زۆر گرنگە  ھەوڵبدە ئەو وەرزشانە بکە کە ماسولکەکانت بەھێز دەکەن و ھەروەھا ڕۆشتن و مەلەکردن زۆر گرنگن.

2. گۆشتی سور زۆر دەخۆیت
خواردنی بڕێکی زۆر پرۆتین دەبێتە ھۆی ئەوەی گورچیلەکان ماددەی کالسیۆم زیاتر دەرکەنە دەرەوە،  کەدەبێتە ھۆی کەمبونەوەی چڕی ئێسک و ئێسکە نەرمە. ھەندێك توێژینەوە دەڵێن کە خواردنی زۆری پرۆتین دەبێتە ھۆی ھەڵمژینی بڕێکی زیاتر لە کالسیۆم، کەپێویست دەکات دوای زیاتر بکرێتە دەر و کەم بکرێتەوە. ھەمو شتێک زیادەڕەوی تیابکرێت ئەنجامەکەی خراپە، بۆیە باشترە بە شێوەیەکی مامناوەند گۆشت بخورێت.

3. خواردنی سوێر دەخۆیت لەنێوان ژەمەکاندا
توێژینەوەیەک لە ژاپۆن کراوە باس لەوەدەکات ئەو خانمانەی کەتەمەنیان لەسەرو 55 ساڵەوەیەو بەڕێژەی زۆر خواردنی سوێر یاخود سۆدێۆم دەخۆن ئەگەری توشبونیان بە شکاوی ئێسکەکانیان چوار ھێندەی ئافرەتێکی ترە لەھەمان تەمەندا، ئەمیش لەبەرئەوەی کە سۆدیۆم فڕێدەدرێتە دەرەوە لە گورچیلەکان، کالسیۆم کەم دەبێتەوە لەناو خوێندا، کەکاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر تەندروستی ئێسک.

4. ناچیتە بەردەم تیشکی خۆر
بەپێی ڕێکخراوی نەتەوەیی ئەمریکی بۆ ئێسکە نەرمە، ھەمو کەسێک خوار تەمەنی 50 ساڵ پێویستی بە (400-800 lu) یەكە ڤیتامین D ھەیە لە ڕۆژێکدا، وە کەسێک لە تەمەنی 50 ساڵ یان سەروتر پێویستی بە (800 - 1000 یەكە) ھەیە ڕۆژانە لەڤیتامین D، ئەگەر ناتوانیت ڕێژەی پێویست لەڤیتامین دی بەدەست بێنێت بە بەرچونە بەر خۆر، ئەوا پێویستە بەشێوەی سەپلیمینت وەری گریت یاخود بەو خۆراکانەی کە ڤیتامین D زۆر تیادایە وەکو شیرەمەنییەکان.

5. کێش دابەزاندنی زۆر 
کێشی گونجاو شتێکی زۆر باشە، بەڵام ھەندێکجار دابەزاندنی کێش بە شێوەیەکی زۆر کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر جەستە ، بینراوە ئەو کەسانەی BMI یان ( پێوەرێکە بۆ کێش پێوان کە نورمەڵەکەی 18.5 - 25)، لە 18.5 کەمترن مەترسیەکی زیاتریان ھەیە بۆ توشبون بە ئێسکە نەرمە، لەتوێژینەوەیەکدا کە لەلایەن قوتابخانەی ھارڤردەوە کراوە بۆ تەندروستی گشتی بینراوە ھەر  زیادە لە ژمارەی BMI (کە5-8 پاوەند کێش دەکات) ئەوا مەترسی ئێسکە نەرمە بەڕێژەی %12 کەم دەکات.

6. خواردنەوەی ئەلکھول
چەند توێژینەوەیەک لە زانکۆی ولایەتی ئۆریگۆن سەلماندویەتی کەخواردنەوەی زیاتر لە دو پەرداخ ئەلکھول لەڕۆژێکدا کاریگەری خراپی ھەیە لەسەر ئێسک، زۆر خواردنەوەی ئەلکھول ماددەی کورتیسۆل زیاد دەکات لە لەش دا کە دەبێتە ھۆی کەم بونەوەی چڕی ئێسک، ھەروەھا لە خانماندا بە تایبەتی خواردنەوەی ئەلکھول دەبێتە کەمی ھۆرمۆنی ئیسترۆجین کە کاریگەریەکی زۆری ھەیە بۆ دروستبونی ئێسکە نەرمە، ھەروەھا ئەلکھول وەکو ژەھر کاردەکاتە سەر خانەی ئێسک.

7. ژیان لەژینگەیەکی پیسدا 
لەتوێژینەوەیەکی تازەدا کە لەلایەن lancet planetaryhealth کراوە، ٢.٩ ملیۆن ستافی تەندروستی بەشداریان تیاداکردوە بۆ کۆکردنەوەی داتا لە یولایەتە یەکگرتوەکان، بینراوە کە ھەرچەندە پیس بونی ژینگە ڕوبدات بەھۆی زیادبونی (particular matter) کەیەکێکە لە ھۆکارەکانی پیس بوونی ژینگە،  ئیتر ئایە بەھۆی کارگەکانەوە بێت یاخود دوکەڵی ئۆتۆمبێل یان سوتانی دارستانەکان، ئەوا ڕێژەی شکاندنی ئێسک و ئێسکەنەرمە لە پیرەکاندا زیاد دەکات، بۆیە باشترە ئەو کەسانەی لەشوێنی دوکەڵاوی دەژین یان نزیک کارگەکانەوە خۆیان بە دوربگرن لەوەرزش لە دەرەوە و ھەوڵ بدەن لە ڕوبەری کراوە و سەوزاییدا وەرزش بکەن، دەتوانیت (air purifier) بەکاربێنیت کە ئامێرێکە بۆ پاکردنەوەی ھەوای ژورەوە لەگەڵ فلتەردا، جگە لەوە دەبێت ساڵانە پشکنین بکەیت بۆ ئێسکە نەرمە.