ئەو ئاماژانەی پێتدەڵێت هەستی خەمباریت گۆڕاوە بۆ خەمۆكی

09:48 - 07/12/2021

3338جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

هەستكردن بە خەم شتێكی زۆر سروشتییە و لە هەمو مرۆڤێكدا هەیە، نەبونی ئەم هەستە گرفتە لەكەسێكدا، بەڵام كاتێك ئەم هەستە دەگۆڕێت بۆ خەمۆكی بەردەوام واتای گرفتە و پێویستی بە چارەسەر هەیە، ئەوەی كە گرنگە بزانیت ئەوەیە كە توشبون بە خەمۆكی شتێك نییە هه‌ڵەی تۆی تێدابێت، بەڵكو لە ئەنجامی چەند هۆكارێكە وەكو ژینگە، بۆماوەیی، هۆكاری و سایكۆلۆژی و چەند هۆكارێكی دیكە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی تۆدایە.

بە چەند نیشانەیەك كە ماڵپەڕی self بڵاویكردوەتەوە، دەریدەخات هەستی خەمباریت گۆڕاوە بۆ خەمۆكی.

1. هەست بە خەمباری، بێهیوایی و بۆشاییەكی زۆر دەكەیت لە ناختدا.

2. چیتر ئارەزوت لەو چالاكیانە نامێنێت كە پێشتر زۆرت حەز لێبو و هەوڵت بۆی دەدا.

3. بە بچوكترین شت توڕە دەبیت، بۆ نمونە لەگەڵ هاوسەر یان باشتریت هاوڕێت شەڕ دەكەیت.

4. هیچ وزەیەكت نییە بۆ ئەوەی چالاكی رۆژانەت ئەنجامبدەیت، تەنانەت تاقەتی خواردن ئامادەكردنت نییە بۆ خۆت.

5. گۆڕانكاری لە سیستمی خەوت رودەدات، شەوان ناتوانیت بخەویت، یان بەیانیان درەنگتر لەو كاتەی دەتەوێت بەخەبەر دێیت.

6. ناتوانیت سەرنجت لەسەر بابەتێك بهێڵیتەوە، هەروەها بڕیاردان زۆر سەختە بۆت.

7. سیستمی خۆراكیت دەگۆڕێت، هەندێك كەس ئارەزوی خواردنیان نامێنێت، هەندێكیش بە پێچەوانەوە ئارەزوی خواردنیان زۆر دەبێت.

8. هەست بە ئازارێك دەكەیت كە نازانی هۆكارەكەی چییە، وەكو سەرئێشە، كرژبونی گەدە یان گرفت لە كرداری هەرس.

9. زۆر بێ ئارامیت، لەگەڵ ئەوەشدا جوڵە و كاردانەوەت زۆر خاو بوەتەوە لە كاتی ئاسایی.

10. بیردەكەیتەوە لەوەی ئازار بە خۆت بگەیەنیت.

تێبینی: ئەگەر یەك بۆ دو نیشانەت (تا چوار نیشانەش) لە خۆتدا بەدی كرد و بۆ ماوەی چەند رۆژێكی كاتیی بو، ئەوا ئاساییە، بەڵام ئەگەر زیاتر لە چوار نیشانەت لە خۆتدا بەدی كرد و زۆرینەی رۆژەكان بەو شێوەیە بویت و بۆ ماوەی زیاتر لە دو هەفتە مایەوە، پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت.