دیارترین هۆکارەکانی خۆکوژی

11:04 - 02/12/2021

1678جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

ئەگەر لە روانگەى نەخۆشیزانییەوە لێکۆڵینەوە بکەین، زیاتر پەیوەندى هەیە بە کەمبونەوەى چەند ماددەیەکى ناو دەمارەخانەکان لەناو کۆئەندامى دەمار دا بەتایبەت کەمبونەوەى دەمارەخانەى سیرۆتۆنین، بۆماوەش رۆڵى خۆى هەیە، بەتایبەت لە جۆرى نەخۆشییە دەرونییەکان کە هۆکارن بۆ خۆکوژى ،دكتۆر جەعفەر، عومەر پزیشکی پسپۆری دەرونی هۆكارەكانی خستوەتەڕو

بەشێوەیەکى گشتى زۆربەى ئەوانەى کە بە خۆکوژى دەمرن نەخۆشى دەرونیان هەیە، ئەو هۆکارانەى کە دەبنە هۆى ئەوەى کە مرۆڤ توشى خۆکوژى ببێت و پێویستە بیانناسینەوە ئەمانەن.

یەکەم: بونى نەخۆشى دەرونى و جەستەیى
- لە سەدا پەنجاى خۆکوژەکان نەخۆشى خەمۆکیان هەیە، لەسەدا پێنجى نەخۆشانى شیزۆفرینیا بە خۆکوژى دەمرن، نەخۆشیەکانى تریش وەکو  شڵەژانى کەسیەتى، فشارى دواى زەبر، تێکچونەکانى خواردن، یەکێکن لە هۆکارەکان.
- بەکارهێنانى مادەى مەى و  هۆشبەر: ئەویش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان و بەشێک لەوانەى کە هەوڵى خۆکوژى دەدەن لەژێر کاریگەرى مادە هۆشبەرەکەدان.
- نەخۆشى جەستەیى بەئازار: بۆنمونە بونى نەخۆشى شێرپەنجە ئەگەرى رودانى خۆکوژى دو هێندە دەکات.

دوەم: کێشەى کۆمەڵایەتى
هەندێکجار تاک وەکو هۆکارێکى خۆرزگارکردن لە کێشە سەیرى خۆکوژى دەکات و بە هەڵپە ئەنجامى دەدات،  گرنگترینى ئەو هۆکارانەش دابرانى تاکە لە کۆمەڵگە و گۆشەگیربونییەتى، هۆکارەکانى تریش وەکو لەدەستدانى کەسێکى خۆشەویست، یان بونى کێشەیەکى چارەسەرنەکراوى کۆمەڵایەتى یان خراپى بارى ئابورى.

سێیەم: هۆکارە دەرونییەکان 
بێهیوایى لە ترۆپکدایە و هۆکارێکى گەورەى خۆکوژییە، پاشان بونى رەوشتى هەڵەشەیی، نەتوانایى تاک لە  ئەنجامدانى پرۆسەى چارەسەرى کێشە، لاوازى بیرکردنەوە، لە هۆکارە دەرونییەکانن.

چوارەم: هۆکارى تر
چەندین هۆکارى تر هەن کە لێرەدا بە کورتى ئاماژەیان پێدەکەین
- رەگەز: رەگەزى نیر زیاتر بە خۆکوژى دەمرن، بەڵام هەوڵى خۆکوژى لە رەگەزى مێدا زۆرترە.
- تەمەن: لە قۆناغى هەرزەکارى و  بەتەمەنەکاندا زۆرترە.
- ئاین: زۆربەى ئاینەکان رێگرى لە خۆکوژى دەکەن.
- بارى خێزانى: خۆکوژى زۆرترە لەوانەى کە رەبەنن یان جیابونەتەوە لە هاوسەرانیان.
- جۆرى پیشە: لە هەندێک پیشەدا زۆرترە وەک لەوانى تر!