ئەدێل: گۆرانییەكانم بۆ جیلی تیكتۆك نین

11:36 - 30/11/2021

3574جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

خانمە گۆرانیبێژ، ئەدێل باسی لەوەكرد كە گۆرانیەكانی بۆ هاوتەمەنەكانی خۆیەتی، نەك بۆ "جیلی تیكتۆك"، تەنانەت كوڕەكەی خۆشی هەواداری گۆرانییەكانی نییە.

ئەدێل لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ زەین لۆو، باسی لە كارە هونەرییەكانی خۆی كرد و رایگەیاند، "گۆرانییەكانم تەنها بە ئامانجی ئەوەیە لەناو هاوتەمەنەكانم گوێی لێبگرێت نەك نەوەی نوێ، نامەوێت 12 ساڵێك گوێ لە گۆرانییەكەم بگرێت، چونكە مانای وشەكانی زۆر قوڵە".

هەروەها ئاشكراشیكرد، ئەنجێلۆی كوڕی كە تەمەنی 9 ساڵە، هەواداری گۆرانییەكانی نییە و تەنانەت ئاگاداری بەرهەمەكانی نییە.

وتیشی، "من دەمەوێت هاوتەمەنەكانم گوێ لە گۆرانییەكانم بگرن، ئەو كەسانەی هەمان تەمەنی من لەسەر ئەم زەویە ژیاون و بە هەمان ئەو دۆخەدا تێپەڕیون كە من پێیدا تێپەڕبوم".

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، كە گۆرانییەكانی بۆ نەوەی تیكتۆك ناڵێت، "ئەگەر من گۆرانی بۆ نەوەی تیكتۆك بڵێم، كەواتە كێ گۆرانی بۆ هاوتەمەنەكانی من بڵێت".

هاوكات ئەوەشیخستەڕو، "هیوا دەخوازم ئەلبومی 30 یارمەتیدەر بێت بۆ ئەو كەسانەی بە كاتێكی سەختدا تێدەپەڕن بەهۆی جیابونەوەیان، چونكە ئەمە زۆر یارمەتی منی دا".

گۆرانیبێژی ناسراوی بریتانی، ئەدێل پاش ماوەیەكی زۆر دوركەوتنەوە لە كاری هونەری بە ئەلبومە نوێیەكەی بەناوی "30" دوبارە سەرنجی هەموانی بۆ خۆی راكێشایەوە و گەڕایەوە مەیدانی هونەری، زۆرینەی تێكستی گۆرانییەكانی دەربارەی چیرۆك و هەستی خۆیەتی پاش جیابونەوەی لە هاوسەرەكەی.