هەمو زانیارییەكان لەبارەی بەشی دوەمی فیلمی Red Notice

09:21 - 30/11/2021

1833جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

پاش ئەوەی بەشی یەكەمی فیلمی "Red Notice" بڵاوكرایەوە و ژمارەی پێوانەیی زۆرترین بینراوی لە هەفتەی یەكەمدا تۆماركرد، دەرهێنەری فیلمەكە بیر لە بەرهەمهێنانی بەشی دوەمی دەكاتەوە.

فیلمی "Red Notice" كە لە مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ بڵاوكرایەوە، لە دەرهێنانی رۆسن مارشاڵ سێربەر-ە، هەرسێ ئەكتەری ناسراو، دوێن جۆنسن، گال گادۆت و ریان رینۆڵدز رۆڵی تێدا دەبینن، زۆرترین بینەری هەبو لە هەفتەی یەكەمی نمایشیدا.

دوێن جۆنسن، كە جگە لەوەی ئەكتەری سەرەكی فیلمەكە بو، یەكێك بو لە ستافی بەرهەمهێنانی فیلمەكە، باسی لە بەشی دوەمی فیلمەكە كرد و رایگەیاند، "ئێمە دەمانەوێت زیاتر بەرهەمبهێنین، ئەمەش دەكەوێتەوە سەر بینەرەكان و كاردانەوەیان بۆ فیلمەكە، هەربۆیە چانسێكی زۆر هەیە كە لە بەشی دوەمی ئەم فیلمە بگەڕێینەوە".

وتیشی، "لەوبارەیەوە لەگەڵ دەرهێنەری فیلمەكە گفتوگۆ دەكەم و لە مێشكی هەردوكماندا بەشی دوەمی ئەم فیلمە هەیە".

لەبارەی كاتی بڵاوكردنەوەی بەشی دوەمی فیلمەكە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن نێتفلیكسەوە بڵاونەكراوەتەوە، كاتەكەی نادیارە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە مانگی نۆڤەمبەری 2023 بڵاوبكرێتەوە.

هەروەها ئاسان نابێت تەواوی ئەو ئەكتەرانەی لە بەشی یەكەمدا رۆڵیان بینی بۆ بەشی دوەمیش كۆببنەوە و درێژە بە رۆڵەكەیان بدەن، بەڵام نێتفلیكس سورە لەسەر ئەوەی ریان رینۆڵدز و گال گادۆت و دوێن جۆنسن بە رۆڵی جۆن هارتلی، نۆلن بوس، بیشۆپ بگەڕێنەوە.

فیلمی "Red Notice" لە ژانری كۆمیدی و ئاكشنە، كە باس لە بریكارێكی ئینتەرپوڵ دەكات كە هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی دزێكی داواكراوی جیهانی.

بودجەی تەرخانكراو بۆ فیلمەكە 200 میلیۆن دۆلاربو، تا ئێستا كە كەمتر لە مانگێك بەسەر بڵاوكردنەوەی فیلمەكە تێپەڕیوە، داهاتەكەی 162 ملیۆن دۆلارە.