كۆنسێرتی موحسین ئیبراهیمزادە بەهۆی دۆخی خوێندكارانەوە دواخرا

12:29 - 24/11/2021

1432جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

كۆمپانیای میترۆنۆم پرۆدەكشن كە كۆنسێرتێكی بۆ موحسین ئیبراھیمزادە ئامادەكردبو لە شاری سلێمانی، بەهۆی دۆخی خوێندكارانەوە كۆنسێرتەكەیان دواخست.

كۆمپانیای میترۆنۆم پرۆدەكشن رونكردنەوەیەكیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە، "وا بریار بو ڕۆژی 26ی ئەم مانگە ڕۆژی ھەینی، کۆنسێرتی موحسین ئیبراھیمزادە بەڕێوە بچێت لە شاری سلێمانی، بەڵام وەک کۆمپانیای مێترۆنۆم دوای ئەو بارودۆخە نەخوزراوەی لە ناو زانکۆکان و بەرامبەر خوێندکاران ڕویدا بە داوی لێبوردنەوە بڕیارمان دا بەدواخستی کۆنسێرتەکە".

ئەوەش هاتوە، "ئێمە گەنجین و کار بۆ گەنج ئەکەین ناکرێت گەنجانی وڵات و شار لەم دۆخەدابن و ئێمەش سەرقاڵی کۆنسێرت و کارێک بین کە یەک نەگرێتەوە لەگەڵ خواست و داوای ئەوان، بۆیە وەک ھەموو جارێک لە سۆنگەی بەپرسیاریەتیمانەوە ئەم بڕیارەماندا".

ئاماژە بەوەشكراوە، بەڵێن دەدەین لە کات و ساتی گونجاو ئەو کۆنسێرتە بە شێوازی باشتر ڕێکبخەین و ئەو کات خوێندکارانیش بەدڵخۆشیەوە بەشدار  بن پشتیوان بەخوا.

لە كۆتاییدا نوسراوە، "وەک پێشتریش بەڵێنمان دابو چەندین پلانی کۆنسێرت و کاری گەورەمان هەیە تا ساڵی نوێ، پشت بەخوا و ئێوەی گەنجان بەردەوام دەبین، بە داوای لێبوردنەوە بۆ هەمو ئەو کەسانەی تکتیان کڕیوە دەتوانن لە هەمان شوێنی کڕینی بلیتەکە پارەی بلیتەکان وەربگرنەوە".