خەندان لایف
دوای ئەوەی بەشی یەکەمی فیلمی جۆکەر کە ساڵی رابردو نمایشکرا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، کۆمپانیای وارنەر برۆس پێشنیازی 50 ملیۆن دۆلار بۆ واکین فینیکس دەکات بۆئەوەی لە دو بەشی داهاتوی جۆکەر رۆڵ ببینێتەوە.
بەپێی رۆژنامەی Mirrorی بریتانی، کۆمپانیای وارنەر برۆس پلانی هەیە بۆ ئەوەی دو بەشی دیکەی فیلمی جۆکەر بەرهەمبهێنێت لە چوار ساڵی داهاتودا، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیازی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ واکین فینیکس کرد لەبەرامبەر ئەوەی دوبارە رۆڵی ئارسەر فلێک بگێڕێت لە فیلمی جۆکەر.
بەپێی سەرچاوەکان تا ئێستا واکین فینیکس، براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ رۆڵی جۆکەر، بە فەرمی ئەو ئۆفەرەی پەسەند نەکردوە، بەڵام ساڵی رابردو دوای نمایشکردنی فیلمەکە رایگەیاندبو کە ئارەزو دەکات دوبارە رۆڵی جۆکەر ببینێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆی لەگەڵ تۆد فیلیپ، دەرهێنەری فیلمەکە کردبو.
فیلمی جۆکەر باس لە کۆمیدیانێکی شکستخواردو دەکات (جۆکەر) کە شێت دەبێت و دەبێتە بکوژێکی دەرون نەخۆش، فیلمەکە لە جۆری "تاوان، هەست بزوێن"ە، بۆ کەسانی خوار 18 ساڵ گونجاونیە، واکین فینیکس رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەبینێت، لەلایەن تۆد فیلیپس کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامدراوە، داهاتەکەی یەک ملیار دۆلاری تیپەڕاند و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.