پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد لە ئێستادا لە خراپترین پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسیدایە، هیچ لایەکیان متمانەیان بەوی تر نەماوەو پچران لە پەیوەندی هەردوولا دروستبووە؛ ئەتوانین بڵێین زمانی هاوبەش نەماوە کە بە نییەتی نیشتمانی کێشەکان چارەبکرێت و کۆتایی بەسەردەمی دروستکردنی قەیرانی دارایی بهێنرێت.
بەگشتی دۆخەکە لە ئاستی ناوخۆداو لەئاستی هەرێمی پێویستی بە گفتوگۆو لەیەک حاڵی بوون و گەرانەوەی متمانەی هاوبەشە هەیە؛ پێویستە بۆ تێپەڕبوونی ئەم قۆناغەی کێشمەکێشە کە مەترسی لەسەر چارەنوسی هەرێم دروستکردووە، “غەرەندێکی گەورە لەنێوان هەردوولا دروستبووە” چوونی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد هەوڵێکی زیرەکانەیە کە ریگەی دیالۆگ و گەرانەوەی متمانە واڵاتر دەکات و روونی دەکاتەوە کە کێشەی هەرێم لە بەغداد چارەدەکرێت؛ نەک پایتەختی وڵاتانی دەوروبەر برینەکە چارە ناکات.
لەم نێوەندە دا رێگەی دیبلۆماسییەتی هەردوو هێزە سەرەکییەکەی نێو حکومەت بەتایبەت یەکێتیی و پارتی ؛ ئاستی تێگەیشتنی دوولایەنە بۆ مەجلیسەکە زیاد دەکات، و زامنی متمانەی هەردوولایەنە، بەو پێییەی لەماوەکانی رابردوودا لە قەیرانی پێشووتری نێوان هەرێم و بەغداد؛ هەرکاتێک کورد یەک بووە حەکیمانە توانیویانە رۆڵی کاریگەری خۆیان بگێڕێن لە ئاسایی کردنەوەو چارەکردنی کێشەکانی هەردوولا، کە تائەمرۆ بەو هەوڵانە زۆر دەرگای داخراوی نێوان هەردوولا واڵاکران.
ئێستا خەڵکی کوردستان و موچەخۆران چاویان لە بەغدادە تا لەرێگەی چوونی وەفدی کوردستان بۆ بەغداد؛ کۆتایی بەسیاسەتی سک هەڵگوشین بهێنرێت؛ هەر لەو نێوەندەشدا هەوڵەکانی وەفدی هەرێم و قوباد تاڵەبانی بێ ئاکام نەبوە ئەنجامی باش بەدیهاتوە بۆ خەڵکی کوردستان کە بەگوێرەی دەستور و یاسا مافەکان زامن بکرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە وەفدەکەی هەرێم لە کۆشش و هەوڵی بەردەوام دەبێت لەگەڵ بەغداد تاکو کۆتای بە چەقبەستوی بازاڕ بێنێت و دۆخی گوزەرانی خەڵک باشتر بکات. حەکیم ئەوکەسەیە کە ئەم دۆخە دژوارە تێپەڕبکات.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی