قارەمان لەدۆخی قەیراندا

فارس نەوڕۆڵی

12-09-2023

4288جار خوێندراوەتەوە


  قارەمان یاخود پاڵەوان ناوێکی دیاری ناو مێژووی گەلانە و لەئەفسانەکانی یۆنانی کۆندا قارەمان جێگایەکی تایبەتی هەیە. هەروەها لەناو هەموو نەتەوەکان و ئەفسانەی گەلانی دیکەدا قارەمان ناوێکی خۆشەویستە، چەمکی قارەمان بۆ زۆر بواری جیاجیا تەوزیف کراوە و قارەمان ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت هەر لە زۆرانبازی و ئەسپ سواری و شەڕ و بەرگریدا.

ئەم چەمکە بەپێی قۆناغەکانی پێشکەوتنی گەلان وەزیفەکەی گۆڕاوە، ئێستا لە دەوڵەتانی پێشکەوتوو خاوەن دامەزراوە قارەمان دەکرێ، یاریزانێکی تۆپی پێ بێت، زانانایەک بێت داهێنانێکی کردبێت، شارەزایەکی بواری تەندروستیبێت کەبتوانێ چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکی کوشندە بدۆزێتەوە، ئەمانە قارەمانن. ئێستا قارەمانی ناو تیکتۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش پەیدا بووە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو گەلانی چەوساوەدا قارەمان مانا کلاسیکیەکەی لەدەستنەداوەو ئەرکەکەشی هەمان ئەرکە، قارەمان بەو کەسانە دەوترێت هێزێکی کاریگەریان هەیەو خاوەنی بەها و تایبەتمەندییەکی دەگمەن و ئاکارێکی بەرزن و کەسێکن لە سەرووی مرۆڤە ئاساییەکانەوە ڕەفتار دەکەن و دەناسرێن کەدەتوانێ لەناو کێشمەکێشە سیاسی و ئابووری و سەربازی و کۆمەڵایەتیەکاندا و لەناو قەیرانە قوڵەکاندا بەو هێز و کاریگەرییەی خۆی گۆڕانکاریی و وەرچەرخان دروست بکات و دەوروبەریش هەست بەو کاریگەرییە دەکەن. 

لەمێژووی گەلاندا قارەمانی گەورە هەبوە موستەحیلاتی خولقاندوە و وەرچەرخانی گەورەی دروست کردوە. لەمێژووی نەتەوەکەیدا یاخود بووەتە بناغەدانەری کایەیەکی گرنگ بۆ مرۆڤایەتی. سوقرات قارەمانێکی کایەی فیکر و فەلسەفەیە کە بەخواردنەوەی ژەهرەکە بناغەی فەلسەفەی دانا کە تا ئێستا مرۆڤایەتی شانازی پێوەدەکات. قارەمان پێداویستی سەردەمە سەخت و قۆناغە پڕ لەقەیرانەکانە، بۆ ئەم قۆناغەی گەلی کوردستان پێویستە قارەمان تەوزیف بکەینە ناو کایەی سیاسییەوە چونکە ئێستا تەنها کایەیەک کاری خۆی جێبەجێ ناکات سیاسەتە، کاتێک سیاسەتیش کاری خۆی وەک سیاسەت جێبەجێنەکرد کایەکانی دیکەش بەرە و داڕزان دەڕۆن. ئێستا هەرێمی کوردستان لە هەلومەرجێکی سەخت و دژوار و پڕ قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدایە تا ئاستی نزیک لەکەوتن کاریگەرییان هەیەو هەمیشەش قۆناغە سەختەکان کارەکتەرێک دروست دەکەن. ئێستا لەم چرکەساتەدا بۆ دەربازبوون لەو دۆخە کورد پێویستی بەکارەکتەرێکە ڕۆڵی فریاد ڕەس و قارەمان ببینێ و لەپێناوی چاکەی گشتیدا هەموو قوربانییەک بدات لەپێناو دروستکردنی وەرچەرخانێکی مێژوویدا ئەمەش بوێری و لێبوردەیی دەوێت خۆشبەخت بۆ ئەو کارەکتەرە سیاسییەیە کەلەم قۆناغەدا بێ بیرکردنەوە لەئینتیمای حیزبی و ئاینی و خێڵی و ناوچەگەری ئەو شەرەفەی بەردەکەوێت و وەک قارەمانێک ئەم وڵاتە لەم دۆخە سەختە دەرباز بکات، بەدڵنیاییەوە قۆناغی پڕ قەیرانی بێ قارەمان وڵات بەرە و کەوتنی گەورەدەبات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی