بەڕێز سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

28-07-2023

5076جار خوێندراوەتەوە


لە یاسای بودجەی گشتیی فیدرالی عیراق ژمارە 13 ساڵی 2023 بۆ دیاری كردنی بودجەی دەوڵەت بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 ، پابەندییە یاسایی و داراییەكانی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە بەرامبەر وەزارەت ودەستەكانی حكومەتی فیدرال ، بە تایبەت لە (ماددە 12 برگەی دووەم/أ و ب) تایبەت بە پابەندكردنی هەرێم بە بەرهەمهێنان وڕادەستكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە لایەنی تایبەتمەند لە عیراق.

لەبەرامبەر ئەم پابەندییە یاساییە ، كۆمەڵەیەك بە ناوی (كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان ) بەیاننامەیەكی دەركردووە و بائاشكرا ڕایئەگەێنێت : (( بە بێ‌ دڵنیابوون لەوەی كەی بۆری نەوتی عیراق _ توركیا دەكرێتەوە، یان كەی پرۆسەی پارەدان بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێدەكاتەوە، كۆمپانیا ئەندامەكانمان ناچاربوون هەنگاو بنێن بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ئەمەش بۆتە هۆی دەركردنی سەدان كارمەند .. ئەگەر بچڕانی بۆرییەكان بەردەوام بێت ، ئەوا وەبەرهێنانی بیانی زیاتر كەمدەبێتەوە، ئەمەش لەبەرامبەردا هەلی كار زیاتر دەخاتە مەترسییەوە و توانای گەیاندنی پیشەسازیش بۆ پێشكەشكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەخاتە مەترسییەوەكە بە گوێرەی یاسای بودجەی 2023 بۆ 2025ی عیراق داواكراوە))  

ئاشكرایە لای بەڕێزتان، دروستكردنی هەر كۆسپ و تەگەرەیەك لەبەردەم جێبەجێكردنی هەر ماددە وبڕگەیەكی تایبەت بە پابەندییە یاساییەكانی هەرێم لە یاسای بودجەدا ئەبێت بە مایەی دواخستن و پەكخستنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ، لەڕووی كردارییەوە  ئەو پەكخستنە ئەبێت بە جۆرێك لە دروستكردنی ئابڵۆقە لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم ، ڕەنگە ئێستا سەرەتاكانی دەركەوتبێت.

لەبەر ئەوە ، داواكارم لە بەڕێزتان ، بفەرمون بە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لەگەڵا وەزارەتە تایبەتمەندەكانی هەرێم بە داواكردنی كۆپی گرێبەستەكانی نێوان كۆمپانیاكانی ئەو (كۆمەڵەیە) و حكومەتی هەرێم، تا بزانن مافی ئەوەیان هەیە ئەم جۆرە ڕاگەیاندنە دەربكەن ، ئایا مافی ئەوەیان هەیە خەرجی كۆمپانیاكانیان بەرابەری پابەندییەكانی هەرێم لە یاسای بودجەدا دابنین ؟


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی