داریوش گۆرانییەکی هەیە دەڵێت، "خێڵ تەنها یەک کەسە" لەسەر ئەم ڕیتمەی داریوش حزب و دامەزراوە سیاسیەکانی ئەم سەردەمە لە کوردستان و عێراق و تەنانەت ڕەنگە لە ئاستێکی جیهانییش بەرەو مۆدێلی حزبی یەک کەس و حزبی سەرۆکی بێڕکابەر بڕۆن.
پارتی ئێستا حزبی مەسرور بارزانی و رەوتی سەدر هی موقتەدا و دەوڵەتی قانون هی مالیکییە، ئێ ئەوەتا محەمەد شیاع سودانیش بە فراکسیۆنێکی بچوکەوە هەر خۆی حزبە و حکومەتە و هەمو شتە، بێگومان ئەم واقعە بۆ یەکێتی و حزبەکانی سلێمانیش هەر ڕاستە.
بۆ ئەوەی زیاتر لە دیمەنەکە تێبگەین سەیرکەن هەژمونی ئەم مۆدێلە دەرفەتی نەدا یەکێتی بە شوناس و ستراکچەرە مێژوییەکەی خۆیەوە بمێنێتەوە؛ هەروەک چۆن دەرفەتیشی نەدا ئەو حزبە بچێتە سوڕی بە بنەماڵەبونەوە وەک ئەوەی لە کۆنگرەی چوارەم نەخشەی بۆ دانرابو، هەربۆیەشە بەسادەیی دەتوانین بڵێین نە سەردەمی پێش 8ـی تەموز سەردەمی کۆنگرەی ڕەوایەتییە و نە وێستگەی دوای 8ـی تەموزیش وێستگەی کودەتای کۆشکە بەڵکو لە هەردو سەردەمەکەدا ململانێ لەپێناو بەرجەستەبونی یەک خولیا بونی هەیە، کە ئەویش خواستی بە حەقیقەتکردنی حزبی تاکە کەسە لە فۆڕمی سەرۆکایەتیەکی بێڕکابەردا.
کاریگەریەکانی ئەم هەژمونە بۆ حزبێکی وەکو پارتیش ئەوەندە بەرچاوە کە ئیدی مانەوە لەناو فۆڕمی بە بنەماڵەبون بۆ ئەو حزبەش قورسە، چونکە ئەوەتا دیفاکتۆی مۆدێلی حزبی سەرۆکی بێڕکابەر ئەویشی ناچارکردوە کە وێڕای ڕیشەیەکی 70 ساڵە لە ستراکچەر و نۆرم و تایبەتمەندییەکانی بە بنەماڵەبون بێتەدەر و بەرەو حزبی تاکەکەس مل بنێت.
لەم مۆدێلەدا سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنگەرایی و دامەزراوەبون وردە وردە دەبن بە قەرەباڵغیەکی ڕوکەش، سروشتی ململانێکانیش لەگەڵ ناوخۆ و لەگەڵ دەرەوەشدا دەبن بە سروشتێکی ڕەش و سپی کە تیایدا دۆڕان و بردنەوە، جەنگ و جیابونەوە و کردەی بەریەککەوتنیش لەبری پڕۆسەی کارلێک هەیە کتومت وەک ئەوەی لە عێراق لە نێوان مالکی و موقتەدا سەدر ڕویدا، یان وەک ئەوەی لە وادەی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیەوە لە نێوان مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی دیفاکتۆی پارتی و لاھور شێخ وەک ھاوسەرۆکی ئەوسا و بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی لە ئێستادا ڕودەدات.
لە ئاستی جیهانیشدا بۆ تێگەیشتن لەم مۆدێلە، ڕەنگە بیرخستنەوەی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ یارمەتیمان بدات بۆئەوەی تێگەیشتنەکەمان ئاسانتر بێت، بەتایبەت کە زۆربەمان دەزانین چۆن لە نیوەشەو یان لە بەرەبەیانێکی زۆر زودا و هەر لەژوری نوستنەکەیەوە سەرۆک بە تویتێک دنیای شۆک دەکرد.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی