زەنگێکی مەترسیدار

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌

24-06-2023

10569جار خوێندراوەتەوە


ئەگەر ئەو ھەواڵانە ڕاستبن باس لەوە دەکەن، گەنجەکەی چەمچەماڵ (خواناس) لەسەر جیاوازی بیروڕای ئایینی، یاخود بڵێین؛ بە پاڵنەری ئایینی کوژراوە، زەنگێکی مەترسیدارەو دەبێت ھەموومان ڕاچڵەکێنێ و لە ئاستیا ھەڵوێستە بکەین. چونکە توندڕەوی و توندوتیژی زەھرێکە لەجەستەی ھەر کۆمەڵگەیەکدا بڵاو بێتەوە دایدەڕزێنێ و کۆڵەواری دەکات، ژیان و جوانی و ئاشتی کۆمەڵایەتی تێدا دەکوژێت.

بەداخیشەوە توندڕەوی بە ھەردوو سەر، واتە عەلمانی و ئیسلامی  لە ئارادان و واقیعن، گەرچی لەبەرگە ئاینییەکەدا زەقترە. سووکایەتی بە ئیسلام کە ڕەمزی نالێپرسراوێتیە، ھەیەو لە فەزای مەجازیشدا ھەندێ پەیجی تایبەتی بۆ تەرخان کراوە!

توندڕەوی و تەکفیری ئیسلامیش بەتایبەتی لە بەرگی سەلەفییەتدا نەك ھەر واقیعە، بەڵکو مەترسیشە. نابێت بەھیچ جۆرێ و بەناوی ھیچ شتێکەوە کوشتن لەسەر بیروڕا پاساو بدرێت، وەڵامی بیرورا بیروڕایەو شوێنی سەلماندن و یەکلاییکردنەوەی سووکایەتیش دادگایە. 

ھەربۆیە، گەر ئەم حاڵەتەو پێشینە ئابڵۆقە نەدرێت و ھەموومان دژی نەوەستینەوە، دەکرێت ببێت بە سەرچاوەیەکی تری ھەڕەشەکردن لە پێکەوە ژیانی ئاشتیخوازانە لە ھەرێمدا،
 لێرەشەوە ئەرکی دینی و ئەخلاقی و نیشتیمانیمانە، توندڕەوی و توندوتیژی لە ھەموو بەرگەکانیدا ڕەتکەینەوەو لە ھەموو پاساو و ڕەوایەتیەکی دینی و ئەخلاقی و شارستانی و نەتەوەیی دایبڕنین.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی