مۆدێلی لێدان و لە سێدارەدانی سلێمانی مودیلێکی نوێ نیە لە کردەی پێکدادانی مێژویی نێوان دو جەمسەرە ناکۆکەکەی کوردایەتی بەسەرکردایەتی پارتی و یەکێتی، کە ئێستا جارێکی دیکە ھێنراوەتەوە بەرباس و تەنھا ھۆکارەکانی گۆڕاوە.
دەبینین لە ڕابردودا جەمسەری یەکەم کە پارتی خودانیەتی، پەیڕەوی بەکارهێنانی هۆکارە مادیەکانی بەریەککەوتن و پێکدادان دەکات لەگەڵ جەمسەری ڕکابەر بە ڕێبەرایەتی یەکێتی وەک ئەوەی لەوێستگەی شۆڕش تا ناوەڕاستی ساڵانی شەڕی ناوخۆ ڕویدا، بەڵام لەدوای ئەو مێژوەوە پارتی وەک خودانی جەمسەری یەکەم، ئامرازەکان دەگۆڕێت و پەیڕەوی هۆکارە مەعنەویەکانی جەنگ دەکات لە دژی جەمسەری دوەم، کە دەتوانین بە نەزمی سلێمانیش ناوی ببەین و تیایدا یەکێتی لەسەرەوەی ھەڕەمەکەیەتی.
ئەم مۆدێلە لە جەنگ لای جەمسەری یەکەم، خۆی لە دەستەمۆکردن و دێواندن و لە سێدارەدان دەبینێتەوە، کە یەکەمیان دروستکردنی نوخبەیەکی پڕۆپارتییە و دوەمیشیان نیشانەکردنی دوژمنێکی وەھمیە و سێیەمیشیان بریتییە لە کردەی داگاییکردن و حوکمدان بە لەسێدارەدانی کاراکتەرەکانی ناو باڵە سەربازیەکەی هێزەکانی سلێمانی، بەتایبەت کاراکتەرەکانی ناو یەکێتی.
قۆناغی دوەمی جەنگی جەمسەری یەکەم لەگەڵ نەزمی سلێمانی ئاسەوارەکانی زۆر مەترسیداترە لەو جەنگە مادیەی پێشو، چونکە لەو جەنگە ڕاستەوخۆیەدا، نەزمی سیاسی سلێمانی کە یەکێتی ڕێبەرایەتی دەکات، کاتێک زەبر بەر جەستەی دەکەوێت دەتوانێت بە ڕوحێکی زیندوەوە هەڵبستێتەوە و لە کایەکەدا بە گوڕتر دەربکەوێتەوە، بەڵام لە قۆناغی دوەمدا، یەکێتی بەبێ ئەوەی هیچ زەبرێک بەر جەستەی کەوتبێت هەمیشە بەڕوحێکی شەکەت و شپرەزەوە دەردەکەوێت و تواناشی لە کایەکە و لە پانتاییەکانی ڕکابەریدا بەردەوام سنورداردەبێت.
لە ڕاستیدا ئەوەی لێرەدا یارمەتیدەری پارتی بوە بۆئەوەی لە قۆناغی مەعنەوی جەنگدا، مۆدیل یان نەزمی سلێمانی شپرەزە بکات، لەپلەی سەرەکیدا، بێپلانی ناو یەکێتی و ململانێ لۆکاڵیەکانی ناو باڵە تەقلیدی و جەمسەرە نوێکانی ئەو ھێزە خۆیەتی، کە هەرجارێک بە شێوازێک لە خۆیان کەوتونەتە سەنگەرەوە، وەک ئەوەی لە سەردەمی باڵی ڕیفۆرمەوە بۆ سەردەمی ئێستا، لە دەرکەوتەی جیاوازدا بونی هەیە. لەپلەی ناسەرەکیشدا لیبڕاڵی و فرە سیاسی ناو ئەم نەزمەیە، کە مەرکەزیەتی جەمسەرەکەی خراپ تێکشکاندوە.
مۆدێلی لە سێدارەدانی سلێمانی، لایەنە تیۆریەکەی دەچێتە قۆناغێکی نوێتریشەوە لەو دوقۆناغەی کە لە سەرەوە باسمانکرد، بەتایبەت کاتێک هەولێر بانگەشەی بە دوبەی بونی خۆی دەکات، لێرەدا بە دوبەی کردن لای ماڵباتی حوکمڕانی هەولێر، هەر پڕۆسەیەکی شارەداری و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە نیە، بەڵکو ڕوکارێکی هەڕەمی لە بەڕێوەردن و سیاسیشی هەیە، کەتیایدا هەڕەمێکی خێزانی شارەکان بەڕێوەدەبات کە میری ناو خێزانە سیاسیەکانن، لەسەروی خۆبەڕێوەبردنی شارەکانیشەوە حاکمێک لەسەر ئاستی فەرمانڕەوایی هەمو ناوچەکان هەیە، کە حاکمی یەکەم و حوکمڕانی بەشی هەرە سەرەوەی هەڕەمی فامیلۆکڕاتیەتی بەڕێوەبردنی هەرێمەکەیە.
ئەم مۆدێلە لە ئایندەدا چۆن دەبێت و بەچی دەگات، ئەمە بابەتێکی ترە. بەڵام لە ئێستادا مۆدێلی گەمارۆدان و بچوکردنەوە و لە سێدارەدانی ئەو ڕوحە جیاوازەیە، کە لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی کوردستانی عێراقدا لەناوەڕاستی شەستەکانەوە بۆ ئێستا ناوی نەزمی کۆمەڵایەتی و مۆدێلی سیاسی سلێمانیە و لەناو یەکێتی و کۆی ھێزەکانی سلێمانیدا، بە ئەندازەی جیاواز دەرکەوتوە. لەمەشدا ھەر پارتی وەک هێزی ھێرشبەر بەرپرسیار نیە، بەڵکو یەکێتی و ھێزەکانی دیکە لە کردەی بەرگریەکی نێگەتیڤدا بەتەنیشت پارتیەوە بە ڕێژەی جیاواز بەرپرسیارن!
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی