هەواڵی ئەمڕۆ

بەخێربێن بۆ سەردەمێکی نوێ

سیروان حەسەن

6-06-2023

7321جار خوێندراوەتەوە


لە دوای روخاندنی رژێمی بە عسەوە، دوو سەردەمی گرنگی گۆرانکاری لە هەرێمی کوردستاندا هاتونەتە ئاراوە. سەردەمی یەکەم، سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی مەدەنی بو بە رێبەرایەتی نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ٢٠٠٩، کەتیایدا بو بەسەرەتای دەرکەوتنی قۆناغێکی نوێی سیاسی بە گشتی و بزاوتی ئۆپۆزسیۆنی بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا. دووەمین سەردەمی گۆرانکاری بریتیبوو لە پرۆژەی سەربەخۆیی ئابوری لە ناویاندا دەرهێنان و هەناردەی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ، کە هاتنی داعش و ریفراندۆمیشی بە دواداهات. ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین دەبینین کە رۆڵی ئەم دو سەردەمە هێندە رێشەیی و گرنگە کە ئەستەمە هەرێمی کوردستان بگەرێتەوە سەردەمی بەر لە دەرکەوتنیان. واتە، بەدەر لە رەچاوکردنی لایەنی ئەرێنی یان نەرێنی ئەم دوو سەردەمە لە هەرێمدا (کە تەوەری ئەم باسە نیە)، ئەگەر یەکەمیان سەرەتای مۆدێلێکی نوێی سیاسی و رێکخراوەیی لە هەرێم هێنابێتە ئاراوە، دووەمیان سەرەتای سەردەمێکی تازەی ئابوری هێناوەتە ئاراوە. بەڵام ئەوەی تەوەری ئەم باسەیە ئەوەیە شانبەشانی ئەم دوو سەردەمە: هەرێمی کوردسان خەریکە پێدەنێتە سەرەتای سەردەمیکی تازەوە.

کاریگەری و ڕۆلی بریارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی عیراق لەسەر هەرێمی کوردستان ئاماژەی رونن کە هەرێم لەمەودوا پێدەنێتە قۆناغێکی تازەوە. ئەو دادگایە لە دوو هەوڵیدا نەک هەر گورزێکی کەمەرشكێنی لە تابوتی خەونی ئابوری سەربەخۆی هەرێمدا، کە لە دوای روخانی سەدامەوە هەوڵی بۆدراوە، بەڵکو سەربەخۆیی سیاسی و یاسایشی خستە ژێرپرسیارەوە. وەک لەم دواییاندەدا لە راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە شێوەی بەسەربەخۆ و بەدوایدا نایاساییبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بینیمان. ئەمەش مانای وایە کە لەمەودوا لە سەروی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەسەڵاتێکی تر بۆ بەلاداخستنی هەندێک پرس بونیدەبێت، هەڵبەتە  ئەمەش  رەهەند و لێکەوتەی سیاسی و ئابوری دەبێت.

لە روانگە سیاسیەکەیەوە، دەشێ ببیتە هۆی دەرکەوتنی بزاوت و فیگەری سیاسی تازە و کاریگەرتربونیان لەسەر شانۆی سیاسی هەرێم. کە ئەمەش گورزێکی کاریگەردەبێ لە هەیمەنە و ڕۆلی هەر دوو هێزی باڵادەست لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا. واتە، لەمەودوا لەدەرەوەی هەرێم دەکرێ شوێنێکیتر بونی هەبێ کە ئاڵنگاری و ململانێ سیاسیی و یاساییە گرنگەکانی  تێدا بەلادا بخرێت-کە عێراقە. لەمەشەوە بەشێکی چەقی ململانێکان دەچێتەوە بەغدا. لە ڕوە ئابوریەکەشەوە، نەبونی سەربەخۆیی ئابوری کاریگەری راستەوخۆی لەسەر سەربەستیی بریاردان و پێگەی سیاسی هەرێم دەبێت وەک قەوارەیەکی سیاسی. بەڵام هاوکات، دەکرێ دەرفەتێکیش بێت بۆ بوژانەوەی ئابوری هەرێم؛ لەگەڵیدا ژیانی هاوڵاتیان پێ بنێتە دۆخێکی خۆشگوزەرانتر و خەڵک لانیکەم لە دڵەراوکێی دواکەوتنی موچە رزگاریان بێت و باری سەرشانیان لە ژێر ئەو هەمو سەرانە و باجە سەپێندراوانە سوکتربێت. 

وێرای ئەوەش، تەنگەژەی سیاسی هەرێم و بێزاری هاوڵاتیان لە دەسەڵات بۆ هەمو لایەک ئاشکرایە.  لەسەر ئاستی ناوچەکە لە ناویاندا عیراق و لەسەر ئاستی دەرەوەش بەتیابەت هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتوەکان، لە بێزاری میللەت و لە سیاسەتی مایەپوچی بریاربەدەستانی هەرێم تەواو بە ئاگان. هاوکات لە ناوخۆی هەرێمیش، پارتی دیموکراتی و یەکێتی نیشتیمانی تێگەیشتون کە بێزاری و نائومێدی خەڵک گەیشتوەتە ئاستێک کە نەک هەر ئەو دوو حیزبە جێگەی ئومێد نەبن بۆیان، بەلكو ئیتر ناچاربن پەنا بۆ تێزی "دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە" ببەن. واتە، گەڕانەوە بۆعیراق ئامانج نیە بەڵکو مەبەستە. لەو نێوەندەدا، بەغداش ئەوە بەهەڵ دەزانێت و نایەوێت کات بەفیرۆبدات لە سنوردارکردنی پێگەی هەرێم بەگشتی و سیاسەتی باڵادەستی هەرێم بەتایبەتی. 

 لێرەدا پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئایا هێز و فیگەرە سیاسیەکانی هەرێم لەمەودوا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە تازەیە دەکەن؟ ئایا لێکەوتەکانی ئەم سەردەمە نوێیە چی دەبێت؟ مێژو و تەجروبە پێمان دەڵێت: ئەگەر بەدیوێکدا ئەم سەردەمە نوێیە سەرەتایەکبێت بۆ سنوردارکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و لەناوییدا هەیمەنەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەدیوێکەی تردا لانیکەم دەشێ وێستگەیەک بێت بۆ کاریگەرتربون و سەرهەڵدانی جوڵە و تەیاری سیاسی نوێ لەسەر شانۆی سیاسی هەرێمی کوردستان. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی