پرۆژە یاسای پەروەردە ئاماژەی بۆ زۆرێك لە گرفت و لایەنەكانی كارگێڕی و پرۆگرام و هەڵسەنگاندن و پەیڕەوە زانستیەكانی سێكتەری پەروەردە كردوە، تەنانەت بەكارهێنانی وشەی منداڵ بۆ باخچە و قوتابی بۆ قۆناغی بنەڕەتی و خوێندكار بۆ ئامادەیی بڕیوەتەوە، تەنانەت چارەسەركردنی زۆری ژمارەی خوێندكاران لە لقی زانستی و كەمبونەوەیان لە لقی وێژەیی بەیاسایەك كە مافی دراوە بە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاری لەسەربدات چارەسەركردوە، بەم شێوەیەیی خوارەوە :-
لە مادەی ماددەی (19)ە (بڕگەی چوارەم) هاتووە : ئەنجومەنی وەزارەت مافی هەیە بڕیار بدات خوێندکارانی پۆلی دەیەمی ئامادەیی لەسەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە یان بنەمایەکی دیکە وەربگیرێن:
أ- 60٪ شەست لە سەدی کورسییەکانی پۆلی دەیەم بۆ بەشی زانستی تەرخان دەکرێت، و ئەو کورسیانە بۆ دەرچوانی پۆلی 9 نۆیەمن کە خوازیارن ئەو بەشە بخوێنن و لەهەمان کاتدا بەرزترین نمرەیان بەدەست هێناوە ، لە بابەتی کوردی و بیرکاری و زانست نمرەیەکی گونجاو، کە وەزارەت ساڵانە بڕیاری لەسەر دەدات، بەدەست بێنێت.
ب- 30% لە سەدی کورسییەکانی پۆلی دەیەم بۆ بەشی وێژەیی تەرخان دەکرێت، و ئەو کورسیانە بۆ دەرچوانی پۆلی 9 نۆیەمن کە خوازیارن ئەو بەشە بخوێنن و نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە بۆ وەرگرتن لەو بەشە، یان ئەوانەی نمرەی بەرزیان هەیە بەڵام ناگاتە ئەوەی لە بەشی زانستی وەرگیرێن و ناخوازن لە بەشی پیشەیی بخوێنن. بۆ وەرگرتن لە بەشی وێژەیی دەبێت قوتابی لە بابە تەکانی کوردی و کۆمەڵایەتی نمرەیەکی گونجاو، کە وەزارەت ساڵانە بڕیاری لەسەر دەدات، بەدەست بێنێت.
ج- 10% لە سەدی کورسییەکانی پۆلی دەیەم بۆ بەشی پیشەیی تەرخان دەکرێت، و ئەو کورسیانە بۆ دەرچوانی پۆلی نۆیەمن کە خوازیارن ئەو بەشە بخوێنن یان ئەوانەی نمرەکانیان بەشی وەرگرتن لە بەشی زانستی و وێژەیی ناکات.
د. ئەو خوێندکارەی بە پێی بەرزی نمرە مافی هەیە لە بەشی زانستی وەرگیرێت، ئەگەر نەیویست لەو بەشە دەستپێبکات مافی هەیە لە بەشی وێژەیی یان پیشەیی دەستپێبکات. ئەو خوێندکارەی بە پێی بەرزی نمرە مافی هەیە لە بەشی وێژەیی وەرگیرێت، ئەگەر نەیویست لەو بەشە دەستپێبکات مافی هەیە لە بەشی پیشەیی دەستپێبکات.
هـ. لە ئەگەری بڕیاردان لەسەر بڕگەکانی ( أ و ب و ج و د) دەبێت وەزارەت بە لایەنی کەم بە ساڵێکی خوێندن قوتابییان ئاگادار بکاتەوە
پێنجەم: وەزارت مافی هەیە پاش ئامادەکاری ، بەشەکا نی زانستی و وێژەیی بەگوێرەی پسپۆڕی دابەش بکات.
هەموو ئەو بڕگە ومادانە چارەسەرن بۆ هاوسەنگكردنی ئایندەی قۆناغی ئامادەیی لە سێكتەری پەروەردە، چونكە لەئێستادا ئەگەر تەنها ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان وەربگرین بۆ ساڵی خوێندنی2021-2022 لەكۆی 9369 هەزار خوێندكار 6996 خوێندكاری زانستین خوێندكار 74،67% كۆی خوێندكارانی ئامادەیی ، لەكاتێكدا كۆی ژمارەی خوێندكارانی وێژەیی لەگەرمیان 2373 خوێندكاركە دەكاتە 25.32% كۆی خوێندكارانی ئامادەیی، ئەم ئامارە ئەوەمان پێدەڵێت ئەگەر چی بەشێكی كەم خوێندكارانی دەرچووی لقی زانستی بچنە بەشە مرۆڤایەتیەكان ئەوا بەشە مرۆڤایەتیەكان كە زۆرترین بەشەكانی زانكۆكان و كۆلێجەكانیان پێكدەهێنن چارەكی بەشە زانستیەكان خوێندكار ڕووی تێدەكات ئەگەر هەمووشیان دەربچن، هەر بۆیە قسەكە لێرەدا ئەوەیە وەزارەتی پەروەردە تەحەكوم بە ئاڕاستەی ڕەوتی زانكۆكان دەكات نەك خوودی زانكۆكان خۆیان بەدەر لەپلانی خۆگونجاندن لەگەڵ بازاڕی كار، لێرەدا گرنگە ستایشی ئەو بڕگەو یاسایانە بكرێت كە وەزارەتی پەروەردە داینناون، ئەگەرچی بەدڵی قوتابیانی بنەڕەتی و خوێندكارانی ئامادەیی نەبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەمان ئەو بەشانەی مرۆڤایەتین و ساڵی پار خوێندكاریان بۆ نەچووە هەر وەكو خۆیان ماونەتەوە ڕەوشەكە بەم شێوەیە بڕوات و وەزارەتی پەروەردە ئەو بڕیارە لە ئەنجومەنی وەزارەت بەركارنەكات ، ئەوا بەدیاریكراوی لە سێ ساڵی ئایندە بەشە مرۆڤایەتیەكان بەبەتاڵی دەمێننەوە و مامۆستا و كۆلێجەكانیان بێ ئەرك دەبن، هەر بۆیە چارەسەری وەزارەتی خوێندنی باڵا جگە لە ڕیفۆرم لە بەشە مرۆڤایەتیەكان بەكردنەوەی بەشی نوێ وەك خۆیان دەڵێن بۆ بازاڕی كار چارەسەرە سەرەكی و هەنووەییەكەی لە وەزارەتی پەروەردەیە بە كاراكردنی ئەو بڕیارە لە ئەنجومەنی وەزارەت.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی