دوربینییەکانی مام جەلال و کاك نەوشیروان
یەکەم
تازە سەرهەڵدانی جەماوەری و بەرخۆدانی گەلانی سوریا دەستیپێکردبوو، لەو کاتەدا ڕژێمەکانی تونس و میسرو لیبیا یەك لە دوای یەك هەرەسیان دەهێنا.
بەهاری عەرەبی جۆش و خرۆشی شەقامی وڵاتە عەرەبییەکانیان ئاگر تێ بەردابوو، هەر لە هەمان کاتدا ڕژێمی(بەشار ئەسەد) لە گەلێ ناوچەی ڕۆژاوادا کشایەوە و لە هەندێ ناوچەش هێزە کوردییە شۆڕشگێڕەکان دەستیان بەسەر داوودەزگاکانی میریدا لە ڕۆژاوادا گرت .
لەم لایشەوە چالاكانی (پەیەدە) و شەڕوانانی ڕۆژاوا بەرەو زێدی خۆیان کەوتنەوە ڕێ بۆ سەرکردایەتیکردن و ڕێكخستن و گوژم دان بە شۆڕشی ڕۆژاوا، پۆل پۆل لە (فیشخابور) پەڕینەوە، لە باشووریش هەندێ لەو چالاكانە کەوتنە هاندان و کۆکردنەوەی ئاوارەکانی سوریا بە کورد و نەتەوەکانی ترەوە بۆ هاندان و بەپیرەوەچوونی شۆڕشەکە ،ئیتر دەنگ وا بڵاوبووەوە ئەها ئەمڕۆ بەشار دەکەوێت یا سبەی ..!
هەر لەو سەروبەندەدا بوو، ڕەوان شاد (مام جەلال) ناردی بە شۆێنمدا و گووتی: کێ لە کوردەکانی ڕۆژاوا و کادرەکانیان لەم ناوە هەن بۆم بانگ بکە .
ئەو کاتە لێرە لە باشوور کادرێکی پەیەدە هەبوو بەناوی دکتۆر (حسێن کۆچەر)، لەگەڵ دوو هەڤاڵی تدار کە ناوەکەیانم لەیاد نەماوە ،چووینە لای مام، لە قەڵاچوالان، مام ڕووی تێ کردین و گووتی: لە ڕەوشی سوریا و ڕۆژاوا چی دەزانن بۆم باس بکەن! ئەوانیش کە ڕۆژانە پێوەندییان هەبوو لەگەڵ سوریا و ڕۆژاوا بەوردی چیان ئەزانی باسیان کرد و گووتیان ئەوا، بن عەلی و قەزافی و موبارەك ڕۆیشتن بەم نزیکانە بەشاریش دەڕوات و ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ وڵات
ئینجا مام، بەدرێژی باسی دیرۆکی دروستبوونی دەوڵەتی سوریا و سەرهەڵدان و شۆڕشەکانی کوردی ڕۆژاوای بۆ کردن و گووتی: بەشار ناکەوێت و ناڕوخێت و دەمێنێتەوە، لەبەرئەوە هەموو پردەکان لەگەڵ بەشار مەڕوخێنن بەلانی کەمەوە (شعرە معاویە) بهێڵنەوە بۆ پاشەڕۆژ سوودی لێ دەبینن،گووتیشی کە دەڵێم بەشار ناکەوێ لەبەر ئەم هۆکارانایە
یەکەم ـ ڕژێمی بەشار وەکو ئەو ڕژێمانە نییە کە لەبەر چاوماندا ڕووخان و ئێوە باستان کرد، بەشار هەموو جومگەکانی دەوڵەتی کۆنترۆڵ کردوە .لەناو خێزانەکەی خۆیدا وەکوو هێزی سەربازی، هەواڵگری، ئاسایشی ناوخۆ، هێزی ئاسمانی، بانکی مەرکەزی و پێوەندییە نێودەوڵەتیەکان هەمووی لە نێوان خۆی، برا، ئامۆزا و زاواکانیدا بەش کردوە و دەستیان بەسەردا گرتوە
دووەم ـ ئێران و ڕوسیا ناهێڵن بەشار بکەوێت، چونکە ئەڵتەرناتیفەکەی بەشار ئیخوانی و ئیسلامیە تووندڕۆکان و هێزی داگیرکەری تورکیایە وەئەم ئەڵتەرناتیڤە خراپتر و کوشندەترە بۆ کورد و بۆ گەلانی سوریاش
سێیەم ـ ئیسرائیل لەم بزاڤە دەترسێ و پێی قبووڵ ناکرێ ،هەتا ئیسرائیلیش ڕازی نەبێ هیچ کات هێزە ئیسلامییە تووندڕۆکان ناتوانان حوکمی وڵاتانی هاو سنوری دەوڵەتی عیبری بگرنەدەست .
چوارەم ـ هیچ بە دوری نازانم ئەگەر هێزی ڕوسیا و ئێران درێژە بەمانەوەیان بدەن و زیاتر جوگرافیای ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن، هێزی ئەمەریکا و هاوپەیمانایش بێنە سوریا، ئەوەش بزانن ئەو ناوچانەی کە ئەم هێزانەی تیا کۆئەبێتەوە ناوچە (گازی و نەوتەکانی ) سوریایە ئەمەش هەلێکی زێڕینە بۆ کورد تا بتوانن یارییەکی ئەقڵانی بکەن لەم ناوچە ئاگراویەدا ، بۆیە ئەڵێم هەموو پردەکان لەگەڵ بەشار مەڕوخێنن، ڕوی کردە من و گووتی پێنجوێنی تۆش بڕۆ ئەم باسە بەناوی منەوە بە برادەرانی قەندیل بڵێ .
زەمان هات و زەمان ڕۆیی قسەکانی مام جەلال دەقاو دەق وەکو خۆی هاتە دی. مام یادی بەخێر .
ماویەتی....
محەمەد ئەمین پێنجوێنی
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی