ئەوەی ڕوویدا لە داگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نادەستوری پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوان کراو بوو، ئەمە بەر ئەنجامی ئەو مامەڵەو ڕەفتارە نالۆژیکیانەی ناو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر یەکتری.
ئەوەی ڕوویدا بەرەنجامی عینادی سیاسی ناو حیزبی کوردییە، ئەوەی ڕوویدا لێکەوتەکانی کەلتوری ئێمەیە کە لە مێژوودا نەفرەتمان لەیەکتر کردووە و ئامادەین دەست بۆ هەموو شت بەرین لە دژی یەکتر، بەڵام ئامادە نین گفتوگۆیەکی بەرهەمدارو ئەقڵانی لەتەک یەک بکەین.
دڵنیام کورد بەم ئەقڵییەتە مامەڵەی یەکتر بکات بەغدا ئەم هەنگاوانەی دیکە لەڕێی دادگاوە بەرامبەر هەرێم دەگرێتە بەر:
(1. ……2….3…) ڕاستە ئەم بڕیارە بڕیارێکە بە گەڕانەوە بۆ قانون وەرگیراوە، بەڵام دەبێ دەرک بکەین ئەوە دەرئەنجامی کورتبینی و ناتەبایی و لاوازی ئەقڵی سیاسی کوردە!
بۆیە پێویست ناکا بە هەڵاو هۆسەی ناو فەیسبوک کاردانەوەمان هەبێ، یاخود کاردانەوەی سیاسیەک کەپێی وابێت ئەم بڕیارە شەرعیەتی نیە. ئەم واقیعە ئەقڵی عەنتەری و فشەکەری ناوێت بەڵکو بیرکردنەوەی دروستی دەوێت و بزانین بۆگەیشتینە ئێرە.
لە بری ئەوەی یەکتر تاوانبار کەین ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە ئێستا چی بکەین؟ پێویستە ئەوەش بزانین ئەم بڕیارە لە ناوخەڵکدا نەبووە بە پرسیار بەڵکو بووە بە نوکتە. ئەمڕۆ لە بازاڕ گوێبیستی گفتوگۆی چەند کەسێک بووم دیاربوو لەسەر مەسەلەیەکی خۆیان بوو، یەکێکیان بەوی دی دەوت لە دادگای فیدراڵی سکاڵات لەسەرتۆماردەکەم! ئەگەر کورد خۆی کۆنەکاتەوە وهەرلایەک دان بەهەڵەی خۆیدا نەنێت ئەوا ئەگەر دووعەشیرەت کێشەیان هەبێ دەیبەنە دادگای فیدراڵی.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی