لیستی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی

تەنیا کوردی

22-05-2023

11350جار خوێندراوەتەوە


پارتی و یەکێتی، بە دەوری یەکتردا جارێکی تر دەگەڕێنەوە ھەمان چیرۆکەکانی رابردوو کە چیرۆکی سەرکەوتنی بنیاتنانی ھەرێمی کوردستان بوون بە رێککەوتنی ستراتیژی و، تەنانەت لە قۆناغی رابردوو بە لیستێکی ھاوبەش بەشداریان لە ھەڵبژاردنێکی پەرلەمان کرد و بیرۆکەی وادروستبوو کە پارتی و یەکێتی لەو قۆناغدا ببن بە یەک حزب.

سەرکەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ئیدارەی ھاوبەش، بنەمای دیموکراسی تەوافقی، ھەنگاونان بەرەو لێکتێگەیشتنی نوێ بۆ قۆناغی داھاتووی ھەرێم، سەقامگیری سیاسی و بەھێزکردنی نێو ماڵی کوردستانی لێدەکەوێتەوە، ھەتا بە دوو لیستی جوودا بچنە ھەڵبژاردن یان بە لیستێکی ھاوبەش.

ئەگەر ھەردوولا وەک بیرۆکە بە یەک لیستی ھاوبەش بچنە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئەوا کاریگەری پێشوەختەی لەسەر قەوارەی ھەرێم و دانانی دەستوورێک بۆ ھەرێم دەبێ بەم شێوەیە:

یەکەم، سەقامگیری سیاسی زیاتر لەنێو ماڵی کوردستاندا دروست دەکات.

دووەم، شەقامی کوردستانی بۆی روندەبێ قەبارەی لیستی پارتی و یەکێتی چەندە و ھی ئۆپۆزسیۆن چەند دەبێ، کە ئەم کاتە بۆ دەوڵەمەندکردنی دیموکراسیەت خزمەتکردنی قۆناغی داھاتووی ھەرێم، ھەم دەسەڵات و ھەم ئۆپۆزسیۆن زیاتر لە کێبرکێ دەبن، ئەمەش سروشتی دیموکراتییەتەو لە ئەنجامدا کوردستان لە ئەزموونی دیموکراسی دەوڵەمنتر دەبێ. 

سێیەم، کابینەی داھاتوو کابینەی دەیەم خێراتر پێکدێ گەر پارتی و یەکێتی بە لیستی ھاوبەش بچنە ھەڵبژاردنەوە.

چوارەم، بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان یان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان ئەم لیستە ھاوبەشە لە کۆکردنەوەی دەنگ بۆ لیستی کوردستانی ھەنگاوێکی زۆر باش دەبێ و دەنگی کورد ناچێتە سندوقی لیستەکانی دیکەی دەرەوەی ھێزە کوردستانییەکان.

پارتی و یەکێتی، ئەگەر بە لیستی جوودایش دابەزن، دەبێ رێککەوتن لەسەر تەبایی و بەرنامەی ھاوبەشی حوکمڕانی بۆ دوای ھەڵبژاردن لەسەر بنچینەی سەقامگیری سیاسی و نێو ماڵی کوردستانی و بەھێزکردنی قەوارەی ھەرێم و یەک بەرەی سیاسی لە بەغدا بکرێ، ئەم ھەنگاوەش بۆ خزمەتی کوردستانێکی بەھێز ئەگەر درەنگوەختیش بێ بەڵام بەرھەمدار دەبێ.

گەر بە یەک لیست بن یان دوو لیستی جوودا، گرینگە رێککەوتنێک بکرێت لەسەر بنەمای دیموکراسیەتی تەوافقی کە ئەم رێککەوتنە پێناسەکەی بە شکانی دیواری دێگەڵە تێپەڕێ، ئاسەواری دوو ئیدارەیی بسڕێتەوە و بە کردار ھەنگاو بۆ ئەم پرۆسەی یەک بازنەی حوکمڕانی سەرتاسەری لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی ھەرێم بنرێ.

لە کۆتاییدا چەند ھێزە سیاسییەکان بەرەو ئاشتەوایی ھەنگاو بنێن، ئەوەندەی تر قەوارەی ھەرێم پارێزراو ھێندەی تریش دەسکەوتەکان باشتر بەدی دێن و دەپارێزرێن.

سەرباری گلەیی لە پارتی و یەکێتی و ھێزەکانی تر کە لەماوەی رابردوو قۆناغێکی ئالۆزی سیاسی شەقامی کوردستانی نائومێد کردبوو، بەڵام ھەمیشە رای گشتیی لە تەبایی ھێزە سیاسییەکاندا ئومێدی بە داھاتووی ھەرێم دەبێ، چونکە لە ئاشتەواییدا باشتر دەتوانرێ ھەنگاو بۆ داھاتوویی کوردستانێکی بەھێز بنرێ.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی