چەمکەکان لە زاراوەزانیدا یاخود لە فەرهەنگدا ماناو مەبەستێک دەخاتەڕوو، یاخود لێکدانەوەی زاراوەیەک نمونە: کاتێک دەوترێت خەبات واتە تێکۆشانە لە پێناو ئامانجێکدا، لە ناو چەمکی خەباتدا ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەعریفی هەیە.
چەمک مرۆڤ لە ماناو ناوەڕۆکی بابەتێک تێ دەگەیەنێت. بۆیە هەر چەمکێک یاخود وشەیەک یان زاراوەیەک مانایەکی خۆی هەیە. کاتێک دەڵێین پێشمەرگە ناوێکە هەموو خەسڵەتێکی جوامێری لە خۆدەگرێت. کە دەڵێین ئەسپ یاخود شێر، مرۆڤ سەرنجی بۆ لای هێز و ئازایەتی دەڕوات. بۆیە دەتوانین بڵێین چەمکەکان پێکهێنەری بیرۆکەو ئەندێشەکانی مرۆڤن، بەڵام ئەگەر ئێستا قسە لەسەر چەمکێک یاخود ئەو لێکدانەوانەی ئێستا بۆ چەمکێک دەکرێت بخوێنینەوە دەبینین خەسڵەتە فیکرییەکەی خۆی یاخود مانای خۆی لە دەسداوە و مانایەکی دیکەیان پێداوە، کە پێچەوانەی ماناکەی خۆیەتی. ئەو تێکچونەش دەسوەردانی ئایدیۆلۆجیای ناتەندروستی حزبییە بۆ چەمکەکان نمونە: ئەمڕۆ لە فەزای حزبی سیاسی کوردیدا چەمکی(جاش و چەمکی باش) بە تەواوی پێچەوانەی ماناکەی خۆی پێناسە دەکرێت!
ئەگەر باس لە چەمکی جاش بکەین کە خۆی یەکێکە لە مەخلوقەکانی خوداو بەستەزمانە کورد بۆ ناو فەرهەنگی سیاسی هێناوە لە بری ناپاک دایانناوە، واتە کەسێک کە بووبێتە وابەستەی داگیرکەر پێیانوتووە جاش. هەر چەندە بەدیدی من ئەم ناولێنانە بۆ هەژاری فیکری سیاسی کوردی دەگەڕێتەوە ئەگینا ئاژەڵێکی بەستەزمان چۆن دەتوانێ ئەو هەموو ناپاکییەی ناو کورد بخاتە ئەستۆی خۆی. بۆیە دەبوو ناپاک لەبری جاش دانرایە، بەهەرحاڵ ئەو زاراوەیە بوەتە فەرهەنگ. کە ووتت جاش یانی ناپاک و وابەستەی بێگانە، ئێستا کە دەڵێن جاش مەرج نیە ئەو کەسە پیاوی داگیرکەرانی کوردستان بێت، ئێستا ئایدۆلۆجیای حزبی مانای چەمکەکانی دەسکاری کردووە و ئەگەر ئێستا لەتەک من نەبیت، لە حزبەکەی من نەبیت، لە گروپ و دەستەکەی من نەبیت، لە شارەکەی من نەبیت، لە عەشیرەتەکەی من نەبیت و لە گەڕەکەکەی من نەبیت ئەوە (جاشیت)!
خۆ ئەگەر لە حزبەکەی من بویت و بە دڵی ئێمە هەڵسوڕێیت ئەوە (باشیت) ئەمە کۆی حزبی کوردی بەچەپ و ڕاست و ناوەڕاست و ئیسلامی و عیلمانی هەر ئەم جیهانبینییەی هەیە بۆیە ناتوانی جیاوازی قبوڵبکەین و وەبەرهێنان لە پرۆسەی سیاسیدا بکەین. ئا لێرەوە دەبێ بزانین چەمکەکان خەسڵەتەکانیان تێکچووە و چاکەی گشتی کورت کراوەتەوە بۆ بەرژەوەندی حزبی و شتی دیکە.
بۆیە ئەگەر ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە بەردەوامبێت ئەوا چەمکەکان لە جوانی و لە مانا بەتاڵ دەبنەوە، دەبێ پێناسەیەکی دیکە بۆ (جاش و باش) چەمکەکانی دیکە بکەینەوە ئەمەش دەبێتە هۆی سەر گەردانی فیکری و کەلتوری
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی