نیوە دۆڕاو، نیوە براوە

سلێمان عەبدوڵا یونس

30-04-2023

21642جار خوێندراوەتەوە


سوربونی پارتی لەسەر ھەڵبژاردن بەدیوێکدا ڕاستە و بە دیوێکیشدا ناڕاستە، ڕاستە چونکە ناکرێت ڕەوایەتی دیموکراسی و ناوبانگی دامەزراوەکانی ھەرێم چیتر بکەوێتە ژێر پرسیارەوە، ناڕاستیشە چونکە پارتی وەک تاکتیک و بۆ گوشار بابەتی ھەڵبژاردن بەکاردەھێنێت لە دژی یەکێتی، ئەگینا بەشێوەیەکی مەبدەئی باوەڕی بە ھەڵبژاردنێکی بێگەرد نییە. 

ئاخر با بەلۆجیک بیربکەینەوە، پارتی دڵی چی بە ھەڵبژاردن خۆشبێت، یان دەبێت لە ھەڵبژاردن چاوەڕوانی چی بێت لە کاتێکدا ئێستا پێگە و پۆستێکی سیاسی لە سەرانسەری ھەرێمەکەدا نیە لە بندەستی نەبێت؟! 

لەڕاستیدا ئەگەر یەکێتی جارێک پێی خۆشبێت ھەڵبژاردن نەکرێت ئەوا پارتی لە دڵەوە دوجار شوکرانەی خوا دەکات کە نەکرێت، چونکە لە لایەک یەکێتی تۆمەتبار دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو حزبە بەڕونی لێی دیارە ئەگەر ھەڵبژاردن نەکرێت، ھەمو شتێکی لەم دۆخەدا مسۆگەرە، بەڵام ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت لەدەرەوەی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن زۆرشت لەدەستدەدات. 

ئەگەر ھەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە بکرێت، پارتی وەک ڕۆژی رون لێی دیارە کە مەحاڵە بەمایەی خۆی ھەڵبستێتەوە و نەوەی نوێ دەبێت بە موفاجەئەی ھەڵبژاردن لە کوردستان، خۆ ئەگەر ھەڵبژاردنیش بەو واقعەی ئێستا بکرێت بە کردەیی ھەرێمەکە دەبێت بە دولەتەوە، ئەوەش مانای وایە پارتی لە ھەموی نیوە دەدۆڕێنێت و یەکێتیش وێڕای دابەشبون و فرەیی سیاسی لە قەڵەمڕەوەکەیدا، بەڵام لە ھەموی نیوە دەباتەوە!


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی