ئەوەی لە کوردستان بەڕێوە دەچێت ئەگەر مێژووی میللەتانی جیهان بخوێننەوە نمونەیەکی سەمەرەیە، چونکە ئێمە ئەو میللەتەین بە ئاسانی ڕووداوەکان لەبیر دەکەین. ئەگینا ئێمە پڕ تراژیدیاترین نمونەمان هەیە. دوێنێیەکی قوربانی دان دوێنێیەکی ئاوەرەیی ، دوێنێیەکی ئەنفاک وکیمیاباران دوێنێیەکی ستەمکاری بەعس ، دوێنێیەکی قات وقڕی ، دوێنێیەکی براکوژی کەچی دەڵێی نەبامان دیوەو نە بۆ ران . ئەوەی دوێنێی لەبیر بچێت و نەزانێ لەکوێوە هاتووە، بەدڵنیاییەوە ناشزانێ بۆ کوێ دەڕوات. ئەوەی ئێستا لە کوردستان بەڕێوە دەچێ لەنێوان حزبەکاندا تارماییەکی ترسناک نیشاندەدات! ئێستا باسی ناو میدیاکان و قسەی چاوگێڕانی سیاسی و بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و تۆڕە کۆمەکایەتیەکان سێ بابەتی زۆر نابەرپرسانەیە و نا سیاسی و نا ئەقڵانییە کە بریتین لە:
١- شەڕی ناوخۆ
٢- دوو ئیدارەیی
٣- نەمانی هەرێم و هاتنەوەی(…)
ئاخر ئێمە لەتەک ئەم سێ کارەساتەدا مێژوومان ئەنجن ئەنجنە و ئەزموونی ئەو سێ کارەساتەمان کردووە، دەزانین چەند تراژیدیی بوو! بۆیە ئەو کەسایەتی و هێزانەی خۆشحاڵبن بە دووبارە بوونەوەی ئەو سێ کارەساتە هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە کوردبوون نەبووە لەبیرکردنەوەدا ئەم کێشانەیان هەیە:
١- بێ ئاگاییە کی قوڵ و غرورێکی بێمانا.
٢- مەزەندەیەکی ناڕاست و کورتبینانە.
٣- دەرک نەکردنی هەلومەرجی سیاسی و پەند وەرنەگرتن لە مێژوو.
٤- لەبەرچاونەگرتنی ئایندەی نەتەوەو نەوەکانی داهاتوو، جێهێشتنی ئەم بەڵایە بۆ ئەوانیش.
ئەگینا چارەسەری ئەم کێشانەی ناوخۆ ی هەرێم ئاسانە ئەگەر ئەقڵ و ئیرادە هەبێت.
پێویستە هەموولایەک ئەوە بزانین ئەم هەرێمە هیچ کەسایەتی و حزبێک خاوەنی نییە، بەڵکو هەر تاکێکی کورد لە هەرکوێبێت خاوەنی ئەم هەرێمەیە کەواتە بۆ کەس نییە بازاڕ گەرمی پێوە بکات و بەویستی خۆی دایپاچێت (ئەو سێ کارەساتە کە بووەتە ویردی زمانی کەسانێک دەکرێ بزانن لە کوێدا دەقەومێ، بەڵام کەقەوما نازانن لە کوێدا کۆتای دێت، هەتا تەواو شەکەتمان دەکات و کۆتایمان پێدێنن )نەتەوەکانی دیکە لە جوگرافیایەکی بچووکەوە دەستیان پێکردووە و پەلیان هاویشتووە، هەتا بوون بە خاوەنی ئیمپارتۆر و دەوڵەت و ڕووبەرێکی گەورەی زەمین، کەچی ئێمە لەبەر ئەوەی بچوک بیردەکەینەوە هەرێمێکمان هەیە لە چوار پارێزگادا ڕۆژێک دەیکەین بە دوو ئیدارە و ڕۆژێک دەیڕوخێنین، ڕۆژێک شەڕی ناوخۆی بۆ گەرم دەکەینەوە. لە کاتێکدا ناوچەکە لە ململانێیەکی تونددایە شەڕی ئۆکراین، هەرای ناو سودان، ڕێککەوتنی پەکین و زۆر ڕوداوی دیکە ئاماژەی لە دایکبونێکی تازەمان پێ دەڵێن جیهان سەرقاڵی ئەوەیە بۆ ئەوەی هەر دەوڵەتێک بزانێت جێگاو پشکی لەو گۆڕانکارییە تازانەدا چیەو لە کوێدایە. حزبەیلی کوردیش سەرگەرمی عینادی و یەکتر شکاندنن! ئیتر نازانم چۆن بیردەکەنەوە و بەتەمای چین.
تکایە بیر لە ڕێگایەکی چارەسەر بکەنەوە و ئەقڵ بخەنە کار و مێژوو بخوێننەوە با وەک ئەو پەندەمان بەسەر نەیەت دەڵێت: ( نەدیو بدی کوڕێکی هەبوو لەبری ناوک گونی بڕی. )کۆی ئەم نەتەوەیەش ئەم هەرێمەی هەیە ئەوەتا خۆمان وەک کرمەکانی گیانی ئەیوبمان لێهاتووە خەریکە دایدەڕزێنین.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی