سیاسەت سروشتێکی داینامیکی هەیە بەردەوام لەژێر کاریگەری بەرژەوەندیەکاندا لە گۆڕاندایە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ کێشمەکێشترین و گەرمترین ناوچەی ململانێی سیاسی، مەزهەبی، نەتەوەیی و بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکانە ئێستا لەدۆخێکی سیاسی تەواوجیاوازە لەچەندساڵ پێشتر.
ئەمریکا لەبەر ئەوەی تاکە هێزی گەورەی جیهان بووە، کە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت خۆی بە خاوەنی جیهان و ،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانی، پەیوەندیەکانی لەتەک زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکەدا پەیوەندی ستراتیجی بوو، بەڵام چین لە ڕێگای هێزی نەرم و گەشەی ئابووری هەنگاو هەنگاو مانیفێستی خۆی کرد وەک جەمسەرێکی نوێ. جەنگی ئۆکراین و ڕووس زیاتر ڕووی فرە جەمسەری نیشاندا دوای ڕێکەوتنی پەکین لە نێوان دوو دەوڵەتی ناوچەکە (ئێران و سعودیە)، کە هەریەکەیان نوێنەرایەتی مەزهەبێکی دژبەیەکی ناو ئیسلام دەکەن (شیعە و سوننە) سەرەڕای جیاوازییەکی قووڵ و ململانێیەکی مێژووی لەژێر چاودێری چینی کۆمۆنیستیدا ڕێککەوتنێکی مێژووییان واژۆ کرد. ئەمەش زۆر گرێی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەو دەوڵەتەکانی دیکەی ناوچەکەی کردەوە. لێکەوتەکانی ئەم ڕێککەوتنە گرژی نێوان وڵاتانی دیکەی خاوکردەوە، هەنگاوی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکەی بە دوای خۆیدا هێنا، ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سعودییە، ئاسای بوونەوەی پەیوەندییەکانی میسر و تورکیا، تورکیا و ئیسرائیل لێدوانەکانی تورکیا بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەتەک سوریا، ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیەکانی عێراق و جیهانی عەرەبی، بانگهێشتکردنی سوریا لەلایەن سعودیە بۆ بەشداربوون لە کۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەب. بەدڵیاییەوەئەگەر ئەم ڕێکەوتنە بەردەوام بێت گۆڕانکاری دیکەلەتەک خۆیدا دێنێت ، لێرەدا دەبێت بەرامبەر بەریەککەوتنەکانی بەرژەوەندییەکانی چین و ئەمریکا کورد هەستیار بێت .
ئەم گۆڕانکارییانە ئەوەمان پێدەڵێت، کە نەزمێکی نوێی هەرێمایەتی سەر ڕێگا خراوە ،لەم نێوەندەدا دوور نییە شیرینی سەرمێزی گفتوگۆکانیان لەسەرحیسابی هێزی دیکە بێت کەئێمەی کورد لاوازترین ئەڵقەی ناو گەمەکەین .
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کورد یان ڕونتر بڵێین حیزبەکان هەتا چەند خوێندنەوەیان بۆ ئەو پێشهاتە هەرێمایەتیانە کردووە؟ بەداخەوە لە کاتێکدا دۆستانمان چەندجار هۆشدارییان پێداوین: (کە وریا بن گۆڕانکارییەکان یاخود مێژوو لەسەر ئێوە ڕاناوەستێ)، بەڵام ئەگەر سەیری میدیای کوردی، چاودێری سیاسی کورد، حزبی کوردی، ڕۆشنبیرانی کورد، زانکۆکانی کوردستان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەین وتەیەکی ئەوتۆیان لەسەر ئەو پێشهاتە هەرێمایەتیانە نییە، (ئاش لەخەیاڵێ و ئاشەوان لەخەیاڵێ ) بگرە هەموو وزەیەکمان بۆ شکاندنی یەکتر خستۆتەگەڕ بێ ئاگالەوەی کەدەرەوەی ئێمە چی دەگوزەرێ یان هەر لەئینکاریکردنی یەکترین و لە ناو ژاوە ژاو و گفتوگۆی بێ بەرهەمداین (مریشک لەهێلکەیە یان هێلکە لەمریشک )ە گەر لەسەر ئەم نەزمە بەردەوام بین ئەوا قوربانی ناو ئەو نەزمە هەرێمایەتیە بەجۆرێک لە جۆرەکان کورد دەبێت. وەک ئەوەی لە مێژوودا ڕویانداوە تەنها چارە تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نالۆژیکیەیە، کە بە کەرەستەی نادروست بەڕێوەی دەبەین
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی