ڕێگا سەختەکە بگرە، ئێرە دەشتە

سلێمان عەبدوڵا یونس

4-04-2023

25318جار خوێندراوەتەوە


ئەگەرچی بەهۆی بڕیاڕێکی زۆرەملێیانەش بێت بەڵام لەگەڵئەوەشدا بە واژۆکردنی رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ، هەرێم یەکەمین هەنگاوی بۆ سەردەمێکی نوێ هاویشت، سەردەمێک؛ ئەگەر کورد بتوانێت باش بەرەو پیری بچێت و خۆی کۆبکاتەوە لەزۆرلاوە بە قازانجی دەشکێتەوە. 

ئابوری سەربەخۆ، بە هەر هۆکارێک بێت سەرکەوتو نەبو، لە بری ئەوەی بەرەو سەربەخۆییمان بەرێت، خەریکبو بمانخاتە خەرەندی شکستێکی گەورەوە، دەوترێت؛ هەر خوا دەزانێت خێر و شەڕ لە چیدایە، بۆیە بەڕاستی بڕیاڕەکانی دادگای فیدڕاڵی و دادگای نێودەوڵەتی پاریس، لە جیاتی کەلەپچەمان بکەن، تۆقەکەیان لە گەردنمان کردەوە. 

کورد دەڵێت: قسە ناچێتە گیرفانەوە، بۆیە وادەیەتی ئەم دەهۆڵی موزایەدەیە کە بازرگانیکردنە بە کورداتییەوە بوەستێنرێت، ئاخر ئەگەر بابەتەکە هەر خۆزگەخواستن بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە هەمو کوردێک (بە زۆڵەکەی کاکە حەمەشەوە) لەدڵ و ویژدانی خۆیدا لەگەڵ سەربەخۆیی و مافی گەل و وڵاتەکەی خۆیەتی بەڵام لەگەڵئەوەشدا سیاسەت پێویستی بە پڕاگماتیکیەت و تێکەڵنەکردنی تاکتیک و ستراتیج و ناسینەوەی زەمان و زەمینەیە. 

لێرەوە کە پارتی وەک ڕێبەری سەربەخۆخوازانی کورد گەڕایەوە بۆ بەغداد و لە ڕاستیشدا هەنگاوێکی دروستی ناوە، پێشنیارم بۆ هەر کوردێکی ژیر ئەوەیە؛ لەمەودوا هەر حزب و لایەن و کەسێک بۆ چەواشەکاری و ختۆکەدانی هەستی میللی و لەپێناو خۆبەپاڵەوانکردن و دەسکەوتی کەسیدا، باسی سەربەخۆیی و ڕیفراندەم و ئەو بەردە گەورانەی کرد، کە نیشانەی نەهاویشتنن، بەڕاشکاوانە پێی بڵێن: سەربەخۆیی لە شاخەکانەوە بەدیدێت، بڕۆ ڕێگا سەختەکە بگرە ئێرە دەشتە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی