یاغنیش، ئەی بۆچی وازناھێنی؟

سلێمان عەبدوڵا یونس

18-03-2023

26600جار خوێندراوەتەوە


لەگەرمەی باڵی ڕیفۆرم و کۆکردنەوەی ئیمزا لە دژی مامجەلال و لە مشتومڕی گەرمی نێوان کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت و چەند سەرکردەیەکی دیکەی یەکێتیدا، دایکی کاک کۆسرەت لێیان دێتە ژورەوە و پێیان دەڵێت: ئەوە کێشەتان لەسەرچییە؟ دەڵێن کێشەمان لەگەڵ مامجەلالە، ئەویش ڕویان تێدەکات دەڵێت: ڕۆڵە واز لە مامجەلال بێنن، ئەو حزبە ھی خۆیەتی، ئەگەر بەوەش ڕازی نین، بڕۆن بۆخۆتان حزبێکی دیکە دروستبکەن، لەدوای 8ی تەموزیش لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، لەسەرکردەیەکی دێرینی یەکێتی دەپرسن؛ کە ئایا لەبارەی دۆخی نوێی حزبەکەوە بۆچونی چییە، ڕاشکاوانە دەڵێت: "ھەتا ئەمڕۆ وتومانە یەکێتی حزبێکی جیاوازە بەڵام مادام یەکێتی بو بە حزبی بنەماڵە ئیدی مافەکە بۆ کوڕی گەورەیە کە کاک بافڵە!".

ئەوە کێشەی ھەندێکە کە خواشیان دەوێت و خورماش، دیقەتی ئەم ھەلپەرستیە بدەن، ئەندامێکی سەرکردایەتی کە بە پاڵپشتی ئامۆزا لاھور بو بەسەرکردایەتی، لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئامۆزا بافڵ-یشدا لەم چەند ڕۆژەدا پێگەیەکی نوێی وەرگرت، کەچی لە پەرچەکرداری وتاری (کاک بافڵ قسە بکە) بە کۆمێنت بۆی نوسیوم  (زۆر خەستە لێزانی) خەریکبو بۆی بنوسم ئای لەوە (ھەتا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت)، بەڵام بەڕاستی بە شیاوی وەڵامم نەزانی، ھەمیشە وتومە خەڵکە سادەکە چی دەڵێن و چۆن کۆمێنت دەنوسن و تێگەیشتنیان ھەرچۆنێکە کێشە نییە، قسەیان لەسەر سەرم، کێشەکە مفتەخۆر و مشەخۆر و قرخن و ورگنەکانن، کە لە ھەزارلاوە لەم یەکێتی و حکومڕانیە سودمەندن، کەچی (نۆی ئەوان بەسەر دەی خەڵکەوەیە).

دەی باشە ئێمە بە نوێژی نیوەڕۆ شوێنی ژیان و کارمان دیارە و دوای چل ساڵ خەباتیش لەناو یەکێتی، ئەگەر ڕایەڵەی خوێن و کۆمەڵایەتی نەبێت دێڕە بەناوبانگەکەی ماغوط (لا شيء يربطني بهذه الأرض سوى الحذاء !) ھەمیشە لەناو دڵمانە، ئاخر  بەڕاستی ئەگەر ڕەوشتی بەرز و ڕوئیای بە مەعریفەتی خۆمان نەبێت، نە سەرکردایەتین و نە بنکردایەتی، نە وەزیرین و نە گزیر، نە ڕاوێژکارین و نەکاوێژکار، نە پارێزگارین نە پارەدار، ھاتیشە سەر حساب و کتاب دەتوانین پەنجە بکەین بە چاوی ھەرکەسێکدا، بەڵام توخوا تۆ کە سەرکردایەتی، تۆ کە وەزیری، تۆ کە پارێزگاری، تۆ کە پەرلەمانتاری، تۆ کە مفتەخۆر و گەندەخۆری، ئەگەر ڕاستدەکەی و بۆچونت ئاوایە، ئەی بۆچی وازناھێنی، بۆ دەسلەکارناکێشیتەوە؟.

لە نوسیندا نە ستایشی کەس دەکەم و نە بەناھەقیش کەس دەشکێنین، پارە و پۆستی یەک بەیەکی حزب و حوکمڕانەکانی کورد (لەناوکەوانەی ڕێزدا) بە کۆن و نوێوە بە پولێک، ئەوە کێشەی ھەندێکە کە ناتوانن ورد بخوێننەوە و گەوجێندراون یان کۆیلە و کرێگرتەن، دەی با ئەوانە بزانن ھەر بەڕاستی یاغنیشن، چونکە لەخۆیانەوە لە خەڵکی دیکە دەڕوانن، ئەوە کێشەی ئەوانە کە ئاسمانی تێگەیشتنیان لەسەری لوتیان تێپەڕناکات و گیرۆدەی کوتلە و پیاوپیاوێنە و ماڵەباجێنەن، ئاخر ئێمە چی بکەین کە ئێوە بەرژەوەندیەکی تایبەتی ڕەنگکوێری کردون و لە باشترین حاڵەتدا یان ڕەش دەبینن یان سپی، لە کاتێکدا ئێمە لەدیسکۆرسی شیکاری و ڕەخنەییدا، باسی ڕیاڵیستیبونی ڕەنگێکی جیاواز دەکەین کە نەڕەشە و نەسپی، ھەی یاغنیش!.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی