نامەوێ قسە لەسەر ئەوە بکەم کە شار چی پێناسەیەکی هەیە لە ڕوانگەی فەلسەفەو زانستە مرۆییەکان و زانستی سیاسی دا، ئێستا هەڵەبجە شارێکە یاخود پارێزگایەکە لە ڕووی ددانپێدانانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق پارێزگایەکە وەک پارێزگا کانی دیکەی هەرێمی کوردستان و ئێراق ،بەڵام پێداویستییەکانی کە سیمای تەواوی پارێزگا وەربگرێت زۆری ماوە.
ئەگەر مێژووی هەڵەبجە بخوێنیتەوە دەبینیت چەمکی پێکەوە هەڵکردن و پێکەوە ژیان لە فەزای هەڵەبجەدا هەبووە. واتە ئەوەی ئەمڕۆ دنیای مۆدێرن جەختی لەسەر دەکاتەوە پێکەوە ژیان و پێکەوە هەڵکردن لە دوێنێی هەڵەبجەدا هەبووە. هەڵەبجە پێکهاتەیەکی ڕەنگاو ڕەنگی ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بووە. لە هەڵەبجە مسوڵمان و جولەکە و کاکەیی پێکەوە ژیاون.
لە سامانی ئەدەبی کوردی و شاعیراندا، هەڵەبجە پایەیەکی سەرەکی ئەدەبی کلاسیکی کوردییە. لە هەمانکاتدا کۆی قوتابخانە سیاسی و ئاینییەکان لەم پەڕی چەپ بۆ ئەوپەڕی ڕاست پێگەی خۆی هەبووە. هەمیشە هەڵەبجە جێگای مشتومڕو گفتوگۆی ڕا جیاوازەکان بووە.
لەساڵی 1988 ئەو سەردەمەی دەنگی کورد لە هیچ وڵاتێک لەبەر بەرژەوەندی نەدەبسترا، ئەوکات هەڵەبجە بە گوتاری قوربانی گوێچکە داخراو دەرگا ژەنگاوییەکانی جیهانی کردەوە. دەنگی مەزڵومییەتی کوردی دا بەگوێی جیهاندا.
ئێستا هەڵەبجە چی پێویستە بۆی بکرێت بۆ ئەوەی سیماو ناوەڕۆکی پارێزگا وەربگرێت؟ ڕاستە لە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا کۆمەڵێک کاری بۆ کراوە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هەموو شتی بۆ کرابێت. واتە ناکرێت بڵێین هیچی بۆ نەکراوە یاخود هەموو شتێکی بۆ کراوە. ئێستا هەڵەبجە پێویستی بە گەشەی ئابوری هەیە، چونکە لە ئەنجامی نەبوونی هەلی کاردا ناچاردەبن کۆچ بکەن بۆ شارەکانی دیکە بەتایبەتی گەنجانی شار هەلی کارکردنیان هیچ نییە، چونکە نەبوونی هۆکارەکانی گەشەی ئابوری شاری بەرەو خنکان و پەراوێز بردووە. هۆکارەکەشی نەبوونی جوڵەی بازرگانییە بۆ ئەوەی هەڵەبجە لەو دۆخەدا نەمێنێتەوە پێویستە بیر بکرێتەوەو کاربکرێت بۆ دانانی پلانی ستراتیجی و خاڵی دەسپێک دیاریبکرێت و خاڵی کۆتایش دیاریبکرێت، بزانین لە کوێوە دەسپێدەکەین و دەگەینە کوێ، بە ڕای بەندە ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێتە بنەما و بە کردار کاری بۆ بکرێت وەک ستراتیج :
1- حکومەتی هەرێم بە گفتوگۆ لەتەک حکومەتی عێراقدا پێکەوە کاربکەن بۆ کردنەوەی مەرزی سازان لەتەک ئێراندا.
2- دروستکردنی ڕێگاوبان و پرد بۆ بەستنەوەی هەڵەبجە بە ناوچەکانی دیکەو شارۆچکەکانی دیکە.
3- کارکردن بۆ گەشەکردنی کەرتی گەشتیاری.
4- گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و باخداری و ئاژەڵداری.
5- گرنگیدان بە پرۆسەی ڕۆشنبیری و وەرزشی، ئەمەش بە کردنەوەی هۆڵی جیاجیاو یاریگای مۆدێرن.
6- ساڵانە ڕێزلێنانێک لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجەوە پێشکەش بەو سەرمایەدارانە بکرێت بێ بەرامبەر خزمەتی هەڵەبجەیان کردووە. دەکرێ داوا لە سەرمایەدارەکانی کوردستان بکرێت خزمەتێک بە هەڵەبجە بکەن.
باوەڕم وایە ئەم بیرۆکانە بکرێنە کردارو حکومەتی خۆجێی بە هەماهەنگی لەتەک حکومەتی هەرێم بەجدی کاری بۆ بکەن دەتوانرێت هەڵەبجە لەو دۆخە داخراوە ئابورییە دەرباز بکرێت.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی