ڕۆژانی پێش ڕاپەڕین هەموو کورد دەستیان لەسەر دڵیان بوو، چاوەڕوانی ئەو گۆڕانکارییانەیان دەکرد کە دوای داگیرکردنی کوەیت و لێکەوتەکانی شەڕێ بیابان چی لەتەک خۆی دەهێنێت، لە ئەنجامی ئەو ستەمکارییە بێ بەزەییانەی لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە هەتا سەردەمی بەعس بەرامبەر کورد کرابوو، نەتەوەی کورد چاوەڕوانی دەرفەتێک بوو بۆ ڕزگاربوون لەو ستەمکارییە، لە ئەنجامی هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە ئەو دەرفەتە ڕەخساو لە (5ی ئازاری 1991)دا یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕین دەستیپێکرد.
لــــــــە ڕاپەڕینەوە تائێستا کورد بە قۆناغی جیاجیای تاڵ وشیریندا تێپەڕیوە، بەریەک کەوتنمان لەتەک ڕۆژانی دەستکەوتوو ڕۆژانی نەفرەتدا هەبووە.
ئایا لە دوای ڕاپەڕین بە ڕۆژانی جوان و ناشیرینەوە ئێستا لە کوێین؟ ئێمە نابێ بە سۆز و پیاهەڵدان و بە لۆژیکی شایەرانە قسە لەسەر ئەوە بکەین، کە دوای ڕاپەڕین ئێمە نمونەیەکی باڵای دادپەروەری و خۆشگوزەرانی ئازادی و پەروەردەمان بەرهەم هێناوە! بەڵکو پێویستە ئەقڵانیانە قسە لەسەر ئەوە بکەین.
ئایا ئێستا کورد لەچی هەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دادپەروەریدایە؟ ئایا ئینتیما و ڕۆحی تاکی کورد لە چی هەلومەرجێکدایە؟ دڵنیام ئەگەر زانستیانە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین سەرەڕای دەستکەوتەکانی دوای ڕاپەڕین، بەڵام ئێستا دۆخی ڕۆحی تاکی کوردو ئینتیماو دادپەروەری و پەروەردەو سیاسەت لە هەلومەرجێکی نا تەندروست و نەخوازراودایە. لەسەر ئاستی گشتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش ئەوەمان پێ دەڵێن ئەم هەل ومەرجە لەم شوێنەدا ناوەستێت و مل دەنێت بەرەو جێگایەک، ئیتر ئەو جێگایە بەرەو باشمان دەبات یان خراپ. ئەوە بیرکردنەوەکانمان و کردارە سیاسیەکان ئەو بەرەنجامە دەدات بەدەستمانەوە.
کردار بۆ پێکەوەیی، کردار بۆ دادپەروەری و کردار بۆتێگەیشتن لە نەوەی دوای ڕاپەڕین، کردار بۆ نزیک کردنەوەی ڕۆحی کورد لە یەکتری، چونکە تادێ ڕۆحی ئێمە لە یەک دوور دەکەوێتەوە.
بــــۆیـــــە پێویستە ڕاپــــــەڕیــــن و دوای ڕاپــــەڕیـــن هەڵسەنگاندنی ئەقڵانی بۆبکرت، تا بزانین بەرەوکوێ دەڕۆین.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی