ڕۆژنامەی الصباح و گفتوگۆی کوردی

فارس نەوڕۆڵی

21-02-2023

7180جار خوێندراوەتەوە



دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپرسییەک لەلایەن (ڕۆژنامەی الصباح) زمانحاڵی حکومەتی عێراقی کاردانەوەی لە شەقامی کوردی لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە. 

کاردانەوەکان دابەش بون بەسەر دوو بەرەدا کە لەڕاستیدا تێکەڵەیەک بون لە سۆز و ڕق، کە دەبوو بەپێچەوانەوە ئەم جۆرە حاڵەتانە مامەڵەی لەتەکدابکرێت و پێویستی بە ئەقڵانییەتی زیاتر هەیە و ئەوەی ڕۆژنامەی الصباح بڵاویکردەوە و دواتر داوای لێبوردنیان کرد. ئەمە جوڵەیەکی هەڕەمەکی نەنوو ،لەنەزانینەوە نەبوو بەڵکو ئامانجدار بوو. دڵنیام سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەکۆدەکانی تێدەگەن و دەشزانن هەردەرفەت هەبێت بۆ دژە کوردەکان کار بۆ هەڵوەشانەوەی هەرێم دەکەن.

ئێستا پەرتەوازەی ناوماڵی کورد و بێ متمانەی حیزبەکان بەیەکتر وایکردوە کە دەرەوەی ماڵی کورد بتوانن بەم جۆرە جوڵانە، بە جەنگی دەرونی بمانشڵەژێنن،  بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد هەڵوێستە لەسەر دوو بابەت بکات:

1- بزانێ بابەتی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات و بەحیزبە کان لەچی ئاستێکدایە، کە متمانەی خەڵک بنەمای هەموو هێزێکە بۆ مانەوە.

2- بەجدی وەرگرتنی ئەو پەیامەی (ڕۆژنامەی الصباح) تێگەشتن لە کۆدەکانی بیرکردنەوەی پشت ئەم ڕۆژنامەیە.

ئەم دوو بابەتەش تەنها بەگفتوگۆ و ڕێککەوتنی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و حیزبەکانی ناو حکومەت و ئۆپۆزسیۆن هەیە بەوجۆرە کار بکەن کە چۆن ئەو وڵاتانەی بە دیموکراتیەت دەستا و دەستکردنی دەسەڵات دەکەن ڕێکبکەون بۆ دیاری کردنی هەڵبژاردنێکی دروست. 

دڵنیام هۆشیاری خەڵک گەیشتووەتە ئاستێک بەتایبەتی گەنجان و لاوان ناکەونە ژێر کاریگەریی و خوێندنەوەی خۆیان بۆ ژیانی سیاسی هەیە. 

لەم ڕوانگەیەوە پێویستمان بەڕێککەوتنێکە کە بەرژەوەندی باڵای هەرێم و چاکەی گشتی لە سەرووی بەرژەوەندی کەسەکان و حیزبەکانەوە بێت. دەبێت هەموو لایەکیش بزانین هەڵوەشانەوەی هەرێم کەوتنی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێی ئەم نەتەوەیەیە!  لەهەمان کاتدا پێویستە سەرکردایەتی کورد و کۆی حیزبەکان دەرک بەم مەترسیانە بکەن و بۆ چارەسەری بەرەنگاری ئەقڵانی بگەڕێن. بنەمای بەرەنگاریش تەنها لە یەکگرتویی ڕۆحی کورد خۆیدایە، کەوا بێ پێویستمان بەگفتوگۆی ڕاشکاوانە و بە پەلە هەیە لەسەر بنەمای ئەو توانا زەینییە کە مرۆڤ هەیەتی بۆ بیرکردنەوە و بۆ چارەسەر بەشێوەیەکی لۆژیکی هەر لایەنێکیش دان بەو ڕاستیانەدا بنێ کە بەرامبەرەکەی باسی دەکات. 

ئەگەر لۆژیکی بوونی تێدابوو بشزانن ئەم قۆناغە هەستیارترین قۆناغی سیاسی و سەربازی و جوگرافییە لەسەر ئاستی ناوچەکە، ئەگەر کورد لەناوخۆدا تۆکمە نەبێت دوور نییە لەدانوستانی نێوان هێزە گەورەکان و دەوڵاتانی ناوچەکە کورد وەک ئەڵقەیەکی لاوازی ناو گەمەکە نەکرێتە قوربانی.
 
بۆیە بۆ وەڵامدانەوەی الصباح و ئەوانەی پشتەوەی پێویستمان بەیەکڕیزی سیاسی و متمانە هاونیشتیمانیانی کوردستان هەیە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی