سێبەری سەرۆک

تەنیا کوردی

17-02-2023

3333جار خوێندراوەتەوە


((ئەو کەسەی ئەمڕۆ لەژێر سێبەر دانیشتووە، بەھۆی کەسێکەوەیە کە پێشتر  درەختەکەی چاندووە، وارن باڤێت.))

سەرباری دۆخێک کە لەنێو ماڵی کوردستان لەنێوان ھێزە سیاسییەکان ھەیە، سەرباری ئەو بڕیارانەی لە بەغدا لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵی دژی ھەرێم ھەن، بەڵام ھەمیشە نێچیرڤان بارزانی لە رابردوو و ئێستا لە ھەر قۆناغێک بۆ ھەرێمی کوردستان دارێکی دەسکەوتی چاندووە کە ببێتە سێبەرێک و ئەم دەسکەوتە بۆ گەشەی ھەرێم بەرھەمی گەورەی ھەبێت.

ئێرانییەکان وەک میحوەری رۆژھەڵات پێمان دەڵێن، خۆرەکە دیارەو چەترەکە لادەن، ئەوکاتە جەوەکە خۆش دەبێت! 
تورکەکانیش کە نیوەی ئاسمانیان رۆژھەڵاتی و رۆژئاواییە دەڵێن، ئەگەر لە خۆرەتاویش  ھەورەکان بێن، دەتوانرێت باران ببێنین، لە عێراقیش جادرێکی سیاسی ھەڵدراوە کە دەتوانرێ بە قاوەیەکی تورکی یان عەرەبی، ئەمریکی، یان خەلیجی بێ، ئیتر خۆر ھەبێ یان باران، دەتوانرێ دانیشین و کۆببینەوە و قسەش بکەین.

ئەمە تا ئێرە پرسی حەفتانەو مانگ و ساڵ و حسابی عێراق و قەدەری ئێمەیە لەم جوگرافیایە کە ھەر قۆناغەو دەبێ بە شێوەیەک لێی تێبگەین، کە خۆری ئێمە لە دەستی گەمەی ناوچەکە ون نەبێ.
لە کۆنگرەی ئاسایشی جیھانی میونشن دیار نییە کە رۆژئاواییەکان چیمان پێدەڵێن سەبارەت بە دۆخی ھەموومان لە ناوچەکە.

مایک پەمپیۆ لە کتێبەکەیدا لە باسی ئەفگانستان ھۆشداری ئەمریکای بۆ حکومەتی پێش ئێستای ئەفگانستان، یاداشتکردووە کە چۆن حکومەتی پێشویان لەسەر حوکم لاداو، تالیبانیش ئیدی چۆن گەڕایەوە سەر حوکم.
بۆ عێراق و ناوچەکەش کاتێ بەھەڵە خوێندنەوە بۆ ھاتنە ژوورەی ھێزی روودەوەکان دەکرێ، سەردەمێکی وەک ھاتنی داعش دروست دەبێ، کە کاتی دەوێ چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، یان شەڕێکی وەک ئەم ماوەیەی دراو دێتە پێش و،  کاتی دەوێ تا لێی دەردەچین، یانیش ئەگەر ھەر تێنەگەشتین ھێزی تری وەک تاڵیبان زۆرن لە عێراق کە خۆیان ھەڵگرتووە بۆ ھەڵەی کوشندەی ھێزە سیاسییەکان، رەنگە لە بۆشایی سیاسیدا رووداوی گەورە دروست بکەن.

ئەوەی لە میونشن، دەگوزەرێ ھەر بابەتەکە ئەم خشتەیە نییە کە نیقاشی زۆر لەسەر پرسی ئەمنیی و جەنگی ئۆکراین، پێوەندی چین و ئەمڕیکا بکرێ، بەڵکوو لە قاوەخوارنەوەکاندا شتە گرینگەکان دەگوترێن و رونتردەبێ کە تا ساڵێکی تر چی بۆ ناوچەکە دەگوزەرێ.

ھەرخۆی پرسی عێراق بەرەو پێشھاتی نوێ ھەنگاو دەنێ، کرانەوە بەڕووی ئەمریکاو خەلیج، لەم لا نفوزی تورکیاو ئێران، بۆیە چارەنووسی سیاسی و یاسایی عێراق بەسەرجەم کێشەکانەوە لە پەراوێزی کۆنگرەی میونشن بۆ ھەرێمی کوردستان، کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەشداری سەرەکییە، پرسێکی ستراتیژی گرینگە بۆ تێگەیشتن لە نیەتی رۆژئاوا لەسەر چارەنوسی عێراق بەتایبەت ئەمەریکاو وڵاتانی ئەورووپاو، ھەروەھا ھێزی دیپلۆماسی نێچیرڤان بارزانی لە دروستکردنی کەناڵێکی فشار بۆ پارێزگاری لە پێگەی ھەرێم.

بۆ ھەرێمی کوردستان دەرفەتێکی مەزنە بۆ دروستکردنی فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم دۆخە سیاسیەی کە لە ئێستا لە عێراق ھەیە و، بۆ پتەوکردنی پێوەندی ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی جیھان لە پرسی ئاسایشی وزەو ھەروەھا دیپلۆماسیەت و تەواوی ئەم پرسە ستراتیژیانەی کە پێوەندارن بە رۆژھەڵاتی ناوینەوە.

ھەرێمی کوردستان کە تێکشکێنەری ئەفسانەی داعشە و ھەرێمێکی ئاشتیخوازە لە ناوچەکەدا کە سەقامگیرە لەم کۆنگرەیەدا بەشکۆوە بانگھێشتکراوە و دیدار و چالاکییەکان لەم کۆنگرەیەدا بۆ کورد ھەنگاوێکی ستراتیژییە بەمەبەستی تەرجەمەکردنی ئەو رووداوە سیاسییانەی کە ئێستا لەبەردەم قەزیەی کورددا لە ناوچەکەدا ھەن.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە میونش ھەمیشە بە ھێزێکی پڕ لە ئەزموون دەچێتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەو درەختەی لە ھەر قۆناغێک نێچیرڤان بارزانی چاندبێتی، بەرھەمەکی بۆ ھەرێم ھەمیشە سێبەرێکی گەورەبووە، بۆ ئێمەی کوردستانیان دڵخۆشکەرە کە سەرۆکێکی چێنەری ئومێد و ھیوا بۆ دوارۆژی ھەرێمی کوردستان، لە ھەموو شوێنێکدا دەجوڵێی و ناوەستێ و ماندوو نابێ.

لە  میونشندا کرانەوەی پرسی عێراق لەم تەوقیتە،   پێویستە بکرێتە دەرفەتێک و  کورد ئەو زاویە سیاسیی و ئابووریی و ئەمنییە بپشکنێ و بگاتە بڕیارێکی سیاسی گرینگ لەسەر کۆی پرۆسەکە و روانگەیەکی نوێ لەسەر کۆی پرۆسەکە رابگەیەنێت و، لەنێو ماڵی کوردستان دەرگاداخراوەکانی ھێزە سیاسییەکان بەسەر یەکتر بکرێنەوە،  لەگەڵ ئەوەشدا گرینگە لە پرسی وزەو نەوتدا ئەو رێککەوتنەی نێوان ھەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی لۆبیەکی فشار بۆدروستکراو لەسەر بەغدا بکرێتە ھەڵمەتێکی پێشوەختە کە ئیتر لە کەڤەری ھەر رێککەوتنێکدا ئابووری ھەرێم لە دەستی خۆیدا بمێنێ


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی