حیزب لەنێوان دژیەکی و هەڵکردندا

فارس نەوڕۆڵی

17-02-2023

11060جار خوێندراوەتەوە


ئەگەر سیاسەت پرۆسەیەک یاخود شێوازێکی وەرگرتنی بڕیار بێت و هونەری دەوڵەتداری بێت لەلایەکی دیکەوە لەکۆی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵی سەرەکی هەیە بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی فرەحزبی و دیموکراتدا سیاسەت نەخشێکی گەورەی هەیە بۆ ڕێکخستنی ژیانی تاک و کۆمەڵگا و ئیدارەدانی جیاوازییەکان، بەڵام لەو جێگایانەی دیموکراتیەت بەباس و خواس هەیە نەبوە بەکەلتور هەندێ جار جیاوازییەکان سەردەکێشن بۆ فەوزا ئەمەش پەیوەندی بە پەروەردەی سیاسی و چاوچنۆکی سیاسییەوە هەیە و ئەو زەمینەی کادری حیزبەکانی لەسەر پەروەردە کراوە بەدروشمی (ئێمە فریشتە و ئەوان شەیتان) ئەمەش کاریگەری کردوەتە سەر بیرکردنەوەی هەریەکێک  ئەندامانی ئەو حیزبانە کە لەبری گفتوگۆ و کرانەوە بونەتە بازنەیەکی داخراو بوارێکیان نەهێشتوەتەوە بۆگفتوگۆی جیاواز لەتەک بیروڕاجیاوازەکانی دیکەدا.

 ئەمە پێچەوانەی سیاسەتی دروست و حیزبی ئامانجدارە چونکە ئەگەر بڕیار بێت حزبێک هەبێت و ئامانجێکی هەبێت بۆخزمەتی چاکەی گشتی ئەوا پێویستە باوەڕەکان وئامانجە کانی بباتەناو فەزای گشتی و بیخاتە بەردەم گفتوگۆی جدی و ڕاستەقینە لەهەمان کاتدا کادرە ڕۆشنبیرە ڕاستەقینەکانی ناو حیزبەکان نابێ  لەسەر تیۆری پیلان گێڕی لەیەکتر بڕوانن (مەبەست حزبی دەرەوەی خۆیان ) نەترسن لەوەی پێکەوە دانیشن و گفتوگۆبکەن دەبێ جیاوازی یەکتر قبوڵکەن گیانی شەڕانگێزی تێپەڕێنن، هەر چەندە جۆرێک لە خەڵک هەن زۆر باسی جیاوازی دەکەن بەڵام خۆیان جیاوازی قبوڵ ناکەن، ئەو ئەقڵییەتەیە وایکردوە کە نەتوانین خاڵێک بۆ دەسپێکردن دیاری بکەین تا ئەو جێگایەی کەمەبەستمانە و بزانین چۆن نیشتمان دەگەیەنینە خاڵی گەشاوەتر، بەدڵنیاییەوە نیشتمان پەروەری فەزیلەتێکی گەورەیە بۆیە گرنگ نیە چۆن خزمەت بکەین گرنگ ئەوەیە بڕیاری خزمەتی نیشمان مان دابێت ئیتر وەک نیچە دەڵێ ( تۆ بەڕێگای خۆت و منیش بەڕێگای خۆم بەڵام ئەگەر قسە لەسەر ئەوەبێ کامەیە ڕێگا ڕاستەکە ئەوا دەبێ بڵێم کەبوونی نیە!) لێرەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێ  ڕاستی ڕەها لای هیچمان نییە.

ڕێگای ڕاست خزمەتکردنە بەنیشتمان و هاونیشتمانیان ئەمەش لەڕێگای هەڵکردنمانە پێکەوە لەڕێگای گفتوگۆ و ئەقڵێکی ساغەوە دەبێت بەم لۆژیکەش کۆی حیزبەکان پێداچونەوەیەک بەبیرکردنەوەی سیاسی و پەروەردەی سیاسی خۆیاندا بکەنەوە بزانن ئەرکی ڕاستەقتنەی حیزب چییە تێگەیشتن و هەڵکردن ونیشتمان سازی یان دژبەیەکی 


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی