هەردى: چێژى ڕازەکانى (دەم) و (چاو)ى

د. صەباحی غالب

24-01-2023

4346جار خوێندراوەتەوە



جیهانى پەیوەندى کۆمەڵایەتى، هەر هێندە پێویستى بە کۆمەڵە وشە هەیە کە لە یەک دى تێبگەن، بەڵام لە جیهانى شیعردا پەیوەندى شتێک و ئامرازەکانى تێگەیشتن لە شتەکە کە وشەن، جەوهەرێکى دیکە دەنوێنێ. دیارە من مەبەستم ئەوەیە بڵێم چ شتێک وا دەکا دەقێک بکا بە شیعر؟ کاتێک ئێمە چێژ لە دەقیکى شیعرى دەبینین و لەگەڵ دەروون و ناخماندا تێکەڵ دەبێ، کە هەست بە وشە وەک وشە بکەین نەک هەست بە هەڵچوون و گرمە گرم، واتا پێویستە ئامراز لەگەڵ ماناى شتەکە کە لێى دەدوێ یەکبگرنەوە و ڕەنگدانەوەى حەقیقەتەکە بێ، لەوێشەوە قورسایى و جوانى مەبەستەکە ڕەنگ دەداتەوە.

لاى شاعیرى بە توانا بەکارهێنانى وشە لە شیعردا بۆ زیادکردنى مانایە، بە شێوەیەک تۆوکردن یا چاندنى وشەیە لە کێڵگەیەکدا کە هەر گوڵەوشەیەک، چەندان قەد، گەلێک لق،  غونچە و گوڵى زۆرى ڕەنگاوڕەنگى لێ دێتە بەرهەم، وشە لە شیعردا بەگەڕخستنى تواناى شاعیرە لە هەڵبژاردنى وشەدا بۆ ئەوەى شیعرەکە لە مانایەک زیاتر یا ماناى جیاواز ببەخشێ.  

زۆر جار مامۆستا هەردى کە شیعرێکى دەنووسى، بە گەرمى و تاوى تازەییەوە بۆى دەخوێندمەوە، دوایى بۆى لێکدەدامەوە، جارى واش هەبوو پێش من بۆ سەعدى خانى هاوسەرى خوێندبۆوە، کاتى واش دەبوو کە شیعرێکى بۆ دەخوێندمەوە، پێش تەواوکردنى، پێم دەبڕى، عەرزم دەکرد، لێرەدا شیعرەکە تەواو دەبێ و چى دیکە پێویست ناکا بە چەند بەیتێکى دیکە لێکى بدەیتەوە، بە دەنگێکى بەرز هاوارى دەکرد: سەعدى وەرە، صەباح دەڵێ لێرەدا شیعرەکە تەواوە و پێویست ناکا، لەوە زیاتر لەسەرى بڕۆم، ئەویش دەى وت، ئەحمەد بەگ، من نەخوێندەوارم وا حەز دەکەم تا شیعرەکە دوور و درێژتر بێ چاکترى لێ تێدەگەم، کاک صەباح شوکور خوێندەوارە، هەر یەکەمان وەک خۆى لەزەتى لێ دەبینێ، هەردى وەک مامۆستا لێى وەردەگرتم، سەعدى خانیش بۆچوونى جوانى هەبوو، ئەگەر چى نەخوێندەوار بوو، بەڵام لە زۆر خوێندەوارى تێپەڕاند بوو.

وەک لەبیرم بێ، لە پێشەکى چاپى دووەمى (ڕازى تەنیایى)دا، هەردى بە فراوانى هەندێک مەبەستى شیعرەکانى خۆى لێکداونەتەوە، من ئەوەم پێخۆش نەبوو. لێرەدا هەردى وتى ڕاست دەکەى، بەڵام کەم خوێنەوار لە مەبەستى شیعرەکانم تێدەگەن، چونکە ئەوەى باسى (ڕازى تەنیایى) کردووە، تەنیا کوڕێکى گەنج ناوى ئەنور جاف بوو (دکتۆر ئەنوەر قادر محەمەد) چاکى تێگەیشت بوو. بە هەر حاڵ، بەلاى منەوە هەرگیز ناکرێ شاعیر، شیعرى خۆى لێکبداتەوە، شیعرى بەرز دەبێ بیخەیتە بازاڕى ڕەخنە و تێگەیشتنى شیعردۆستانەوە، هەر یەکە بە جۆرێک و هەر یەکە بە ئەندازەى زەوق و شارەزایى خۆى لێکى بداتەوە، بۆیە دەم وت، ئەگەر شاعیر شیعرەکەى خۆى لێکبداتەوە، ئەوا بەو ڕاڤەکردنە، شیعرەکە لە شیعرێتى دەکەوێ و هەر ئەو تامەى دەبێ کە شاعیر مەبەستى بووە، ئەوەش ڕەنگە لەگەڵ هەست و زەوق و دەروون و تێگەیشتنى خوێنەردا یەک نەیەتەوە. شاعیرى گەورە هەر ئەوەندەى لەسەرە شیعر بنووسێ، دواى ئەوە دەچێتە جیهانى خەڵکەوە، ئەو خەڵکە ئازادە چۆن پێشوازى لێدەکا. 

مامۆستا هێمن بۆى گێڕامەوە، ڕۆژێک لە کۆڕى زانیارى کورد لە بەغدا، پێکەوە لەگەڵ مەلا شوکور، حەمەى مەلا کەریم و هەژار بەیتە شیعرێکى (نالى)مان لێکدەدایەوە، بە هەموومان حەوت ماناى جیاوازمان لە بەیتەکەدا دۆزیبۆوە، لەو کاتانەدا مامۆستا مەسعود محەمەد هات، وتمان مامۆستا لەو بەیتەى (نالى)دا ئێمە حەوت مانامان بۆ دۆزیوەتەوە، پێشت ناڵێین ماناکان چین، جەنابت چۆنى تێدەگەیت؟ کاتێک مامۆستا مەسعود لە بەیتەکەى ڕوانى، دەست و برد، دوو شەرحى لێدا، تەواو جیاواز بوون لە حەوت لێکدانەوەکەى ئێمە، یەکجار جوان و پڕ مانا بوون. بابم حەقە بە ڕاستى کەس لەو دونیایەدا نەبووە هێندەى ئەو مامۆستایە لە لێکدانەوەى شیعرى (نالى)دا وەستا و شارەزا بێ، ئەوەى ئەو دەیزانى، ڕەنگ بوو (نالى) خۆشى پەى بەو جۆرە مانایانە نەبردبێ کە مامۆستا مەسعود بۆى دەچوو.

هەڵبەت وشەى هەر زمانێک مڵکى تایبەتى کەسێک نییە، ماڵى فەرهەنگى زمانەکەیە، بەڵام دەتوانین بڵێن ئەوە ئێمەین وشەکان دەکەین بە ماڵى خۆمان، ئەوەش بە جۆرى بەکارهێنانى وشەیە لە ڕستە و لە ئاخاوتن و لە کات و جێگاى خۆیدا بە کارى بێنین، لەوێوە وشە ماناى جوانتر، خۆشتر، ناسکتر و پڕ ماناتر دەپڕژێنێ. بە واتایەکى دیکە، شاعیر دەتوانێ لە وشەدا بحەوێتەوە یا بیکا بە ماڵ و ساباتى خۆى. دیارە ئەوە نایەتە کایەوە تا شاعیر بە تایبەتمەندێتى خۆى وشە دەستەمۆ نەکا، ئەگەرچى ئەو وشانە ماڵى خەڵکن، بەڵام کاتێک شاعیر بەکاریان دێنێ لە ماڵى گشتییەوە دەبنە ماڵى تایبەتى ئەو. لێرەدا سەرنجى خوێنەر بۆ ئەو شیعرە بڵاونەکراوەیەى لاى خوارەوەى، هەردى ڕادەکێشم. 

(دەم) و (چاو)
 (دەم)ێ خواوەندى دڵدارى، بە گوییا گەر بچرپێنێ
مەگـەر ئەوسـاکە بتوانێ: کـە چـەند ڕازێ بدرکێنێ 
بەڵام (چاو)ێ، هەزار و یەک نهێنى تیا قەتیس ماوە ...
ئەگـەر ڕازێـکى هـەڵبێنى، هـەزارت هـەڵنـەهێناوە ...
وەلێ وێنەى (دەم) و (چاو)ێ کە هەردوو ڕوو لەیەکترکەن
هەموو ڕازێکى درکاو و نەدرکاوى دەروون، دەرخەن
بەواتا: ڕاز و خـوازیکە، بەقـەت پانتایى دنیاێى ...
بەواتا: عەشقى دێرینێ کە کۆتایى بە هیچ ناێى ...

هەردى لە (دەم)دا بە فراوانى جیهان، ڕازى هەتا هەتایى دەبینێ، لە (چاو)یشدا نەک هەزار و یەک پرسیار و ڕازى درکا و نەدرکاو هەست پێدەکا، بەڵکو سنور خۆى لەبەردەمدا ناگرێ، دەڕوا بۆ کۆتایى کۆتایى، خۆ ئەگەر (دەم) و (چاو)، واتا دڵدار و دڵبەر ڕوو لە یەکدى بکەن، ئەوا هێندە باوەشیان گەرم و هەستیان بە کوڵ و نیازى خاوێنیان سەردەکا، ئەبدەیەتى جیاوازى و یەکگرتوویى جێندەرى کچ و کوڕ یا نێر و مێ دەڕوا و دەڕوا کەس پەى پێنابا، جا با لە خەفڵەتى کاتى ئەم و ئەو یا ئەوان و ئەمان، نەیەوێ یا نەیانەوێ سروشتى پیرۆزى و جوانى کچ و کوڕ بمێنێتەوە.

کەسێک شیعرناس بێ و سەرودەرى لەگەڵ شیعرى هەردیدا هەبێ، ئەگەر شیعرێکى بڵاونەکراوەى ئەو ببیسێ، بە وشەکانیدا، بە وێنە شیعرییەکانیدا، هەروەها بە ئاهەنگى شیعرەکەدا، دەتوانێ بیناسێتەوە، چونکە شیعرى هەر شاعیرێکى گەورە، وەک چۆن ڕۆڵەى کەسێک ناتوانرێ بخرێتە پاڵ یەکێکى دیکە، ئاواش شیعرەکە خۆى هاوار دەکا کە کێ خاوەنەکەیەتى. بەلاى منەوە لەو شیعرەى (هەردى)دا، باڵاى بەرزى هەردى دیارە، هەموو ئەو حەقیقەتەى تێدایە کە ڕەخنەگرانى شیعر و جوانناسانى شیعر، ئەوە هەست پێدەکەن و دەزانن کە زمان کەرەسەى شیعرە، شیعریش وشەیە، وشەش داڕشتنە، داڕشتنیش مانایە، لە کۆتاییدا ماناى بەرز، شیعرى بڵند بەرهەم دێنێ. جا ئەوەى دەتوانێ تام بکا، با دەفرى خۆشەویستى شیعرەکەى هەردى، بنێ بەسەریەوە، وەک هەردى لە خۆشەویستى تێر نەبوو، ئەمیش هەر چاوەڕوانى خۆشەویستى زیاتر دەکا. ئەوە ماوە بڵێم جیاوازییەکى سەرەکى نێوان شیعرى کلاسیکى و تازە، برێتییە لە زۆرى ماناى وشە و تێگەیشتنى بەربڵاو لە شیعردا، بەو سەرنجە شیعرەکەى هەردى چێژى کلاسیکى پێوەیە، بەرامەى تازەییشى تێدا هەڵدەستێ.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی