چاى شیرین و گەڕەکى داهۆڵەکان

سواره‌ نه‌جمه‌دین

24-01-2023

1870جار خوێندراوەتەوە



لە ئەدەبیاتى ئێمەدا، چیرۆک بێنازترین ژانەرە، هەمووان حەزمان بە ڕۆمانى ناوتەنگاقەوى هەیە و حەزمان لێیە پێمان بڵێن ڕۆماننوس نەک چیرۆکنووس، چیرۆک نە فرۆشی هەیە و نە کەس نازى دەکێشێت، لە قوڕنەیەکى کتێبخانەى کوردیدا، شەرمنانە ئەژنۆکانى توند ناوەتە باوەشی و چاوەڕوانە بزەیەکى بۆ بکەن، تاکو بارتەقاى ئاسمان دڵخۆش بێت. 

دەیڵێمەوە (چونکە پێشتر وتومە) نووسینى چیرۆک وەک کارکردن وایە لە مەکینەى کاتژمێرى مەچەک، لەکاتێکدا نووسینى ڕۆمان وەک کارکردن وایە لە مەکینەى ماشێن و مۆلیدەى گەورە، هەردووکیان هەر هونەرن، لێ ئەوى یەکەمیان دیقەت و وردى و سەلیقەى زیاترى دەوێت. 

لە دێر زەمانەوە هەرچى هەڵدەستێت شیعر دەنووسێت، لە قاوەخانەکانەوە بەند و بالۆرە و شەڕە شیعر هەر هەبووە، تا دەگات بەم خەراباتەى ئێستا، ئەم ئێستایەى نووسینى یادەورەى وەک سەفەرى عەمرەى لێهاتووە، زۆرێک هەر کە ناو و ناوبانگیان تەقەى تێکەوت، خۆیانى پێ پاک دەکەنەوە، چەند ساڵێکیشە ڕۆماننووسین بووە بە دروستکردنى باخ لە سیتەک و مێرگەپان، زۆرێک وشەى ڕیز دەکەن و تەنها دەگێڕنەوە، ئەوەى لەو نێوەندەدا کەمێک قورسایی ماوە، چیرۆکە، چیرۆک وەک خانمێکى بەویقاڕ، قەیرەبوونى لا باشتر بووە لەوەى شوو بە پیاوێکى سەربەهەوێ یان بەرباد بکات. 

بۆ ئەوەى چیرۆکى کوردى بەو شکۆییەى خۆیەوە بمێنێتەوە، جێى خۆیەتى خەڵاتێکى ساڵانە بە بەها و قیمەتێکى گەورە، بە رێنمایی و ڕێنوێنى گەورە ئەدیبان دابنرێت و ساڵانە یان چەند ساڵ جارێک بدرێت بە چیرۆکنووسێکى شایستە، ڕەنگە جوانتر بێت ئەم خەڵاتە ناوبنرێت (چاى شیرین) تاکو ساڵانە چایەکى شیرین بدرێت بە چیرۆکنووسێکى کارامە، یان ناوبنرێت (گەڕەکى داهۆڵەکان) تاکو وەکو داهۆڵ خەرمانى چیرۆکى کوردى لە ناخونەکى تەیرەکان بپارێزێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی