ھەڵبژاردەی فیدڕاڵی، وەک یەکەم سەرکەوتن لە جامی کەنداو ئەنجامێکی وەرزشی و سیاسی بەدەسھێنا، ئەمە بچوکترین دەسکەوتی عێراق بوو لەم فەتەرەیە کە لایەن محەمد سودانی سەرۆکوەزیرانەوە بانگھێشتی فەرمی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کراو ھەولێر و بەغدا بەیەکەوە پیرۆزبایان لەم ھەڵبژاردەی فیدڕاڵ کرد.
ئەم دەسکەوتە بچوک بێ یان گەورە، ملیۆنان عێراقی بە شەقامی کوردیشەوە لەگەڵ سەرکەوتنەکە ھاوسۆز کرد، ئەم دەسکەوتە ئەگەر دڵخۆشیەک بێت بەغدا لەگەڵ ھەولێری بەش کرد، ئێستا ئەگەر ئەم ھەڵبژاردە بێنە ھەولێر کە یاریزانی کوردی لەگەڵەو ھەڵبژاردەی فیدڕاڵە، ئەمە رێک کارێکی ئاساییە، چونکە دەیانەوێ ئەم سەرکەوتنە بچوکیش بێ لەگەڵ ھەولێر لێرەش بەشی کەن، ئێمە دەڵێین شەراکەت، جا ئەگەر ئەم شەڕاکەتە ھاوبەشی لە دڵخۆشی بێ، ھاوسەنگی لەوەدابێ کە بێن لە ھەولێر ئاھەنگ بگێڕن، ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە.
ئەم شەڕاکەت و ھاوبەشی و ھاوسەنگییە گرینگە وەک ئەم سەرکەوتنە لە کۆی پرۆسەی حوکمڕانی رەنگبداتەوە، ئەمە گرینگە ببێتە سەرەتای دروستکردنی متمانەو لەسەرجەم شایستە دارایی و مافەکانی کوردستان لە بەغدا رەنگبداتەوە، ئەمە شکانی نەتەوە نییە عەرەبێک لە ھەولێر ئاڵای عێراق ھەڵبکات، جا خۆ ئاڵای عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر سەرجەم بارەگا فەرمییەکانی ھەرێمە گەر عەرەبیش لەناو بارەگاکان نەبن، ئێمە بەگوێرەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، ھەرێمێکین لە چوارچێوەی عێراقدا.
ئەمە لۆژیکە دەبێ لە بەغدا بەھێز بین، گەر بەھێز نەبین لە بەغداوە بۆشایی گەورەمان ھەبێ ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە ھەرێم دەبێ. ئێمە ھەرێمێکین دەبێ بۆ کوردستانێکی بەھێز و دیموکراسی لە پاڵ دەستکەوتە نەتەوەیییەکانمان بوەستین، کاتێک بە عەتف دەچینە ھەر بەرگرییەک رەنگە بشکێین، لەم ماوەیە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم، گەیشتە بەغداو مەترسییەکەی گەورەی سەرسنووری چارسەر کرد، کە خەریک بوو دوو دەوڵەتی ئیقلیمی یەکێکیان تا سنووری ھەولێر و ئەوی تریشیان تاسنووری کۆیە بێت، ئەگەر ھاتبان یەکێک پێمان بڵێ قەوارەی ھەرێم چی دەما؟
ھەربۆیە، دەبێ بزانین چ کاتێک دەتوانین سیاسەت بکەین، دەبێ بزانین ھەنگاوەکانمان بۆ پاڵپشتی ھەرێمی کوردستان لەکوێ سیاسەتێکی دروستکەرە لەکوێ تێکدەرە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا متمانەی لەنێوان ھەولێر و بەغدا دروست کرد و ئەنجامەکەش دیارە.
دروستکەر لە ھەڵبژاردەی تۆپی پێدا یاریزانێکە گۆڵ دروست دەکات، کەوایە کەسی یەکەمە لە نەخشەدانی ئامانج کە بۆ بردنەوە ئامانج دەپێکێ، بەڵام تێکدەر یاریزانێکە لە ھەمان تیم رەنگە بەرگریکارێکی خراپ بێت، دەستبەکار دێنێ، فاوڵ دەکات، بەھۆی ئەمەوە رەنگە پەناڵتی بگیرێ، یاریەکە بدۆڕێنێ و تیمەکە لە بردنەوە دوابخات.
ئێستای ئێمە لەگەڵ بەغدا رێک وایە، دەبێ پاڵپشتی ھەرێم بین، ئەوکاتەی نازانین یارزانێکی باش بین لە تێگەیشتن لە ھاوکێشەی ناوچەکەو لە بەغدا، ھەمان مەترسی دێتەوە پێشمان کە لە شازدەی ئۆکتۆبەر ھات، دەبێ یاریزانی دیپلۆماسی بین، جەنگاوەری بەھێزی پێشکەوتنی ئابووری کوردستان بین، دەبێ لەم مەلتی کەلچەرەی لە کوردستان ھەیە بیخەینە خزمەت پێگەی کوردستان.
ئەم ھەڵایەی لەسەر ئاڵای عێراق ھەیە، کە ھەڵبژاردەی فیدڕاڵی نەیەتە ھەولێر و ئاھەنگ نەگێڕێ، ئەمە پێویستی بە دیقەتی وردتر ھەیە، کە بۆچی دەبێ ئێمە لەم قۆناغە لە بەغدا پێگەی ھەرێم بپارێزین و بۆچی پێویستە بەغداش لەم قۆناغە متمانەی بە ئێمە ھەبێ.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەزانێ لە بەغدا چۆن سیاسەت و ھاوسەنگی رابگرێ، ئەوەی لێرە نازانێ لەم یارییە تێبگات، پێویستە کەمێک لەسەر سیاسەت بخوێنێتەوە و بزانێ لە حەقیقەتدا ئێمە بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێین و بۆچی گرینگە ھەڵبژاردەی ھەرێم بەدەر لە وەرزش بۆ مافەکانی گەلی کوردستان لە بەغدا بێ.
ئێستا ھەر بەرگرییەک بە ھەڵە بکرێت، بەتایبەت لە کردنەوەی دەرگای شەڕی کورد و عەرەب، ئەمە ناچێتە قازانجی ھەرێمەوە.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی