هەموو کردارەکانی تاکەکان دەگەڕێنەوەبۆ پەروەردە لە کوردستان کۆمەڵێک ناوەند پەروەردەی تاک دەکەن، (خێزان، مزگەوت، قوتابخانە، حیزب لەم پەڕی چەپ بۆئەوپەڕی ڕاست ، زانکۆ، کۆمەڵگە) لێرە هەموو ئەو ناوەندانە لە قەیرانێکی قوڵدان، بۆیە کۆمەڵگای ستەمکار دروستدەکەن. ستەمی کۆمەڵگا لە ستەمی دەسەڵات خراپترە.
ڕوداوەکەی هوانەی سلێمانی شتێکی نامۆ نییە، ئەگەر سەیری حاڵی ئەو ناوەندانە بکەین نازانم لە پشتی ئەو ڕوداوە خەڵک هەیە یان خۆڕسکە، بەڵام هەم ئافرەتەکە جێگای بەزەییە هەم گەنجەکان، ئەو گەنجانە کوڕی هەژارن من هیچ لایەک تۆمەتبار ناکەم تەنها هەژاری مەعریفییە. بکوژەکەی فەرەج فۆدە لە میسر لە بەردەم دادگا لێیان پرسی بۆ فەرەج فۆدەت کوشت؟ وتی لەسەر کتێبەکانی، دادوەر پێیوت کتێبەکانت خوێندوەتەوە؟ وتی نەخێر خوێنەواریم نییە. دادوەر وتی: ئەی بۆ کوشتت؟ وتی وتویانە کافرە. کەواتە ئەم بکوژە قوربانی بووە بۆیە لە هوانە هەم گەنجەکان هەم ئافرەتەکە قوربانین.
کەواتە چەندە پرسیار لە ڕوداوەکە بکەین دەبێ زیاتر لە هۆکارەکان بکۆڵینەوە ئیتر هیچ شارێکی پێ ناشیرین نەکەین نیشتیمانی پێ ناشیرین نەکەین چونکە لە دنیای دەرەوە وەک کورد دەیخوێننەوە. جگە لەوە داگیرکەران زۆر بە وردی لەسەر پەروەردەی ئێمە کاردەکەن لەپاڵ ئەمەدا هەم ئایدیۆلۆژیا نامۆکان هەم هەژاری کۆمەڵگای داڕزاندووە، بۆیە ئەگەر بە ئەقڵ بە کارکردن لەسەر پەروەردە ڕێگا بەم ڕوداوانە نەگیرێ دەبێت چاوەڕوانی خراپتر بکەین، چونکە ئینتیما نزیک سفر بوەتەوە خەڵک ئینتیمای بۆ دەرەوەی حەوشەی ماڵەکەی خۆی نەماوە، بۆیە کەسانی نیشتمانپەروەر دەبێ لە خەمی کۆمەڵگادابن، لە هەمانکاتدا خێزان، مزگەوت، قوتابخانەکان حتزبەکان ، زانکۆکان بە خۆیاندا بچنەوەو سەیری حاڵێکی ناو خۆیان بکەن دواتر پەشێوی کۆمەڵگا، پێشتر خەڵکانێک هەبوون لە نووسینەکانیاندا پێشبینی ئەم ڕوداوانەیان کردووە، بەڵام گوێمان بۆ نەگرتوون. لە 2002دا فاروق ڕەفیق لە کتێبێکیدا بە ناوی ( ماڵێکی لێکترازاو ویژدانێکی بیمار) بە قوڵی پێشبینی ئەم ڕوداوانەی کردووە، بۆیە تەنها چارەسەر بۆ ڕێگاگرتن لەم ڕوداوانە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان و فەراهەمکردنی دادپەروەری و ئاشتبونەوەو گفتوگۆی نێوان ڕۆشنبیران و کۆی ناوەندەکانی پەروەردەیە، کە ئاماژەم پێداوە ئەگینا کچان و کوڕان و کۆمەڵگای کوردستانی دەبنە قوربانی و جەلادەکانما سەیرمان دەکەن و پێدەکەنن.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی